ئاریان کەریم قادر
ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بەشداری بەرنامەی کوردستاری لە تەلەفزیۆنی کوردسات کردووە. دواتر یەکەم ئەلبومی گۆرانیی خۆی بەناوی (تاج) لەسەر ئەرکی کوردسات و دواتر ئەلبومی دووەمی بەناوی (هەتادەمرم) بڵاوکردووەتەوە. بە تەنها و لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەشدا گۆرانی هەیە. لەوانە لەگەڵ ناسری ڕەزازی، ئاڤان عوسمان، مەریوان سەفادین. لە چەندین فیستیڤاڵ لە ناوەوە و دەروەی کوردستاندا بەشداریکردووە. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێ و سلێمانی و چەند تیپی تر بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەهلییە.
ئازە ڕەش
ناوی (ئازاد کەریم عەلی ڕەسوڵ). ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (شێخ هۆمەر)ی شارەزوور لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا کاریکردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە. لە هۆنراوە و ئاوازوتن، ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەندانی تر و فۆلکلۆریشی وتووە. هەندێک لەوانە: (چاوەڕوانی، کاڵێ، تا ئومێدی کە بە ژیانی پڕ لەمەینەتە لەناو خەڵکدا ناسراوە، شەوانی خەم، شەماڵ بیشەنێ، ساقی، بەلەنجە) بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردووە و لەگەڵ تیپەکانی شنروێ، سلێمانی، فۆلکلۆر، گروپی میوزیکی لوڕ و چەند گروپی تر بەرهەمی پێشکەشکردووە. بەرهەمی کاڵێ خەڵاتی باشترین بەرهەمی فیستیڤاڵی کوردساتی لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ئەحمەو نازارێ
گۆرانیبێژ و تفەنگچییە. ناوی (ئەحمەد حەمەحسەین حەمەمراد)ە. ساڵی ١٨٩٠ لە شارۆچەی (بیارە) لەدایکبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. لەگەڵ گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکانی هەوراماندا گۆرانی چڕیووە. داهێنەری چەند بەزم و سیاچەمانەیەکە، لەوانە(با من بچمۆ قاسم خان، بەزمەکەی ئەحمەدی نازارێ). ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ملەی چنار) بەخاکسپێرراوە.
ئەدهەم هەورامی
ناوی (ئەدهەم سوبحان جافر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٦٩ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٨ پێش کیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری بەغداد کاسێتێکی گۆرانیان لەگەڵ هونەرمەند(یونس میرزا) تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لە ئەڵقەیەکی بەرنامەی (کەشکۆڵ) لە تەوێڵە بەشداربووە. ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ نەجمەدین هەورامی دوو گۆرانی بۆ ڕادوێی مەریوان و گۆرانی (مەردا مەردانێ) بۆ تەلەفزیۆنی سۆسیالیست تۆمارکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ گۆرانییەکی شێخانە بۆ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو تۆمارکردووە. لەگەڵ هونەرمەند نەوزاد نەسروڵڵا لە سیدیەکدا ١٠ گۆرانی بڵاوکردووەتەوە. لە دیدار و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بەشداربووە و گۆرانی وتووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. لە سلێمانی دەژی و دوکانی(سەرتاشی) هەیە.
بەخشە
ناوی (جهانبەخش غەفووری)یە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (دەرەیمەڕه) لەدایکبووە. خوێندنەوە و نوسین فێربووە. لە دایکییەوه دەنگخۆشی بۆ ماوەتەوه و لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە. سەرەتا بە ژەنینی شمشاڵ و ئامێری زووڕنا و دەهۆڵ دەستیپێکردووە و دواتر بووە بە گۆرانیبیژ و بە (بەخشە) ناسراوە. ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە(نەوسوود) و لەوێ نیشەجێبوون. چەند جارێک لەنێوان خۆرهەڵات و باشوردا کۆچ و باریان کردووە و دواتر لە (جوانڕۆ) گیرساونەتەوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و حەوت منداڵیان بووه. ماوەی چل ساڵ وەک گۆرانیبێژی میللی گۆرانی وتووە. لەگەڵ زۆر هونەرمەندانی تردا گۆرانییان وتووە، لەوانە (فەتحوڵڵا)، کە زۆرجار ناویان پێکەوە دێت. لەگەڵ (عوسمان هەورامی)شدا گۆرانی وتووە و کاسێتی هاوبەشیان هەیە. چەند گۆرانییەکی لە ڕادوێ وتووە. بە پلەی یەکەم سوودی لە هۆنراوەی فۆلکلۆر و دواتریش شاعیرانی کلاسیک وەرگرتووه، هەندێک جاریش پشتی بە چەند هۆنراوەکی خۆی بەستووە. پاش گۆڕینی ڕژێمی حوکمڕان لە ئێران، هاتووەتە هەڵەبجە و بۆ ماوەیەک ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٢ بە دەستپێشخەری (ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی کورد) ڕێزی لێنراوە. لە ٣ی ١١ی ٢٠٢٣ کۆچیدواییکردووە.
بەهرۆز بەڵخەیی
ناوی (بەهرۆز عەلی حەمەڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی کارەبای پەیمانگای تەکنیکی هەولێری بەدەستهێناوە. پیشەی فەرمانبەرە. لە دەنگە نوێیەکانی گۆرانیی هەورامییە، چەندین ئاوازی نوێی داناوە و بە شیعری نوێوە وتویەتی. هەندێک لە کارەکانی کلیپ کراون و لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشکراون. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێدا کاریکردووە. لەوانە (کزەی شەماڵ، وەیادی ساڵان، بۆ مەلە، دووری وەسێشا، شەکەتەنا لالۆ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.