بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
شاعیر، شانۆکار، ئاوازدانەر، وەرگێڕ، زمانەوان، فۆلکلۆریسسته. ناوی (عەلی کوڕی عەبدوڵای سۆفی محەممەد)ە. نازناوی (ع. ع. شەونم)ـە. ساڵی ١٩٢٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لەلای مەلا و لە قوتابخانە خوێندویەتی و ساڵی ١٩٤٥ (دار موعەلیمینی ڕیفی) تەواوکردووە. لە بیارە، موبڕە، هەڵەبجە، سلێمانی و بەغداد مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و حەوت منداڵیان بووە. ساڵی ١٩٦٣ دەستگیرکراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە چالاکی قوتابخانەکان سەرپەرشتیاری هونەری بووە تا ساڵی ١٩٨٠، کە خانەنشین بووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نوسەرانی کورد. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە. وەرگری خەڵاتی گەلاوێژە. یەکەم مامۆستا بووه، کە لە هەڵەبجە گروپی موزیکی دامەزراندووە. یەکەمین کەس بووە لە شارەکەدا تەختی شانۆیی داناوە و هەرخۆیشی دەقی شانۆگەرییەکە (ڤینسیا)ی وەرگێڕاوە و کاری دیکۆر و جلوبەرگ و دهرهێنانیشی لەئەستۆگرتووە. جگە لە (دیوانی ع. ع. شەونم) چەند کتێبێکی تریشی هەیە، لەوانە (فەرهەنگی کوردواتەنی "دە بەرگ"، پیران و پەندیار، مەتەڵی کوردەواری) و چەند بەرهەمێکیشی بۆ چاپکردن ئامادەیە. لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٠ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. باخچەیەک لەبەردەم زانکۆی هەڵەبجە بەناویەوە ناونراوه و پەیکەری بۆ دروستکراوە.
شاعیر و نوسەر و ڕاگەیاندکارە. ناوی(عادل حەمەعارف موئمن)ە. ١٩٧٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە. پەیمانگای مامۆستایانی مەڵبەندی سلێمانی تەواوکردووە و ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ لە کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکان وەرگیراوە. ئەندامی (کۆمەڵەی نوسەرانی کورد، دەستەی نوسەرانی گۆڤاری نمانا، پەیامی ڕاستی) بووە. ئەندامی دەستەی باڵا و لێپرسراوی ڕاگەیاندنی(ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی قورئان و سوننەت)ە. کارمەندێکی کارای(ڕادوێی دەنگی یەکگرتووی سلێمانی) بووە. ساڵی ١٩٩٧ (تیرۆژژە)ی چاپکردووە. لە بەرهەمەکانی تری: (کۆباسەکانی میحراب،(سۆمای دیدە) لە دوو بەرگدا. چەندین شیعری کراون بە سروود و گۆرانی. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
شاعیر و نوسەرە. ناوی (عەبدولڕەحمان بەگ ئەحمەد بەگ کوڕى خاليد بەگ کوڕى سلێمان پاشاى کوڕى ئيبراهيم پاشاى بابان)ـە. ساڵى ١٨٨٠ لە شاری سلێمانى لەدایکبووە. لە تەمەنى حەوت ساڵيدا لاى حاجى مەلا سەعيدى زلزلەيى قورئان و کتێبى ئايينى و فارسى خوێندووە. دواتر چووەتە قوتابخانەى ڕوشدييەى عەسکەریى سلێمانى، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە بەردەوامنەبووە و گەڕاوەتەوە لاى مەلا سەعيد. ساڵى ١٩٠٣ وەک نوسەر لە قەزاى شارباژێڕ دامەزراوە، بەڵام بەهۆى کێشەیەک، کە لەگەڵ محەممەد بەگى قادر پاشاى قايمقامى قەزاکەدا هەیبووه، دەستبەردارى پيشەکەى بووە و گەڕاوەتەوە سلێمانى. ساڵى ١٩٠٦ لە هەڵەبجە بە ڕۆژانە (مستخدم) لە ئەرازى سنيه دامەزراوه و تا ساڵى ١٩١٢ لەسەر ئەم کارە بەردەوامبووە. گەڕاوەتەوە سلێمانى و بووە بە نوسەرى (سەرکاتب) فەرمانگەى (نفوس) لە سلێمانى و تا ساڵى ١٩١٨ بەردەوامبووە. ساڵى ١٩٣١ مەئموورى نفووسى سلێمانى بووە. دەستی نوسینی هۆنراوەی هەبووە و جگە بە زمانی کوردی، بە تورکى، فارسى شيعرى نوسيوه و نازناوى (حزمى) و دواتر (بەبە) بووە. هەروەک کتێبێکى قەبارە گەورەشى لەبارەى مێژووى کوردەوە نوسيوە، بەڵام لەناوچووە و فەوتاوە. ساڵى ١٩٤٢ خانەنشين بووە و ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدوايیکردووە و لە گردى مامەيارە لە تەنيشت (پيرەمێرد)ەوە بەخاکسپێرراوە.
شاعیرێکی میللیی هەورامانە. ناوی(عەبدولکەریم کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی موعینەدینی کوڕی مەلا نەزیری گەورە)یە. ٢٤ی ٣ی ١٩٣٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە. ساڵی ١٩٥٣ دەچێتە سەربازی و شەوان لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەخوێنێت. پاشان ناوەندی لە کەرکوک تەواودەکات. دەگوازرێتەوە بۆ موسڵ و لەوێ پۆلی دووی پیشەسازی دەخوێنێت. لەسەر کوردایەتی زیندانی دەکرێت و ساڵی ١٩٦٣ لە زیندان هەڵدێت و دێتەوە بۆ تەوێڵە و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات. ساڵی ١٩٧٥ ماڵی دەچێتە سلێمانی و بە کاسبییەوە خەریکدەبێت. کەشکۆڵێکی هەیە. شیعری زۆری لەسەر شاعیرەکان و وێرانبوونی گوندەکانی هەورامان هەیە. ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە.
باپیری (گۆران)ی شاعیرە. ساڵی لەدایکبوونى نەزانراوە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر بەگزادەی (میران بەگی)ی ناوچەی (مەریوان). لە قەرەداغەوە ھاتووەتە ھەڵەبجە. لە شیعر و زمانی فارسییدا بەھرەی ھەبووە.
ناوی (عەبدوڵا کوڕی حەسەن بەگی جاف)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٧ لەدایکبووە. نەخوێندەوار بووە. لە تیرەی (میکایەڵی)ی جافەکانە. لە هەڵەبجە ژیاوە و کاری باخەوانی کردووە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپ نەبوون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
ناوی (عەبدوڵا ڕەووف ئەحمەد)ه. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (نەوێ)ی بناری سورێنی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. قۆتاغی سەرەتایی و ناوەندی لە ئۆردوگای (شانەدەری و شارۆچکەی سەیدسادق) تەواوکردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. له ساڵانی هەشتاکانەوە دەستیکردووە بە شیعر نوسین. لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ناوەڕۆکی شعرەکانى زیاتر تایبەتن بە بواری سروشت و خۆشەویستى.
شاعیر و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی بەلەسۆ لەدایکبووە. نازناوی شیعری غەمناکە. دەرچووی سێی ناوەندییە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە. لە بۆنە نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەییەکاندا شیعری خوێندووەتەوە. دوو بەرهەمی چاپکراوی بەناوی(ساباتی بەمۆ) و (گوندێکی خاوەن نازناو، دانیشتوانێکی خاوەن پیشە). لە ژیاندا ماوە.
ناوی (شێخ عەبدوڵلای کوڕی حاجی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین)ـە. لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە لای باوکی دەستیکردووە بە خوێندنی ئاینی. چووەتە گوندی (نێزڵ) لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لەوێ ژیاوە. هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (عەبدی) بووە. بەو هۆنراوەیەی بێت، کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٩ بۆ مەرگی (زاهید)ی کوڕی نوسیوه، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا ژیاوه.
ناوی (حەمەعەلی کوڕی عومەر)ە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. گەرچی قۆناغەکانی خوێندنی نەبڕیوە، بەڵام توانیویەتی شوێن خوێندن و نوسین بکەوێت و خۆى فێری خوێندەواری بکات. ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە. ساڵی ١٩٥٥ لەسەر بیروباوەڕی ڕامیاری دەستگیرکراوە و لە زیندان گۆرانی شاعیرى بينيوە و ھانیداوە پەرە بە ئارەزووی بۆ شیعرنوسين بدات و هەر گۆران نازناوی (بێبەش)شی پێداوە. هۆنراوەکانی لە جۆری میللین و چەند نامیلکەیەکی شیعریی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە (جوانی ھەڵەبجە، شەن و خەرمان، پابەند، دژوار). ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.
شاعیرە. ناوی تەواوی (علی محمد غریب سمایل)ـە. ساڵی ١٩٧٣ لەگوندی خەرپانی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ بڕوانامەی دیبلۆمی لە بەشی کوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی بەدەستهێناوە. سەرەتای نەوەدەکان دەستدەکات بە شیعر نوسین، بۆ یەکەمین جار ساڵی ١٩٩٥ لەپەیمانگا بەشداری چەند کۆڕێکی شیعری و بۆنە و فیستیڤاڵ دەکات، لەوانە(باخی میر، ژوانێک بۆ ئەدەب و هونەر و ڕووناکبیری، سێیەمین فیستیڤاڵی(گوڵەهەنار بۆ شیعری لاوان)، لە ١تا٣/٢٠٠٩ خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵەکەی بە دەستهێناوە. کتێبی(سێبەری کەپرێک لەگۆرانی) ساڵی ٢٠١٠ چاپدەکات، ٢٠١٨ کتێبی: (وادەمان فردەوست بێت) چاپ و بڵاودەکاتەوە. خێزاندارە و لەهەڵەبجە نیشتەجێیە.
شاعیر، نوسەر و پەروەردەکارە. ناوی (عوسمان محەمەد ساڵح فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٤٠ لە(تەوێڵە) لەدایکبووە و هەر لەوێ نراوەتە بەر خوێندن. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و دەورەی مامۆستایانی تەواوکردووە و بووەتە خوێندکاری کۆلێژی ئاداب. بایەخی بە فۆلکلۆر و کەلەپور و کۆکردنەوەی شیعری شاعیران و دەستنوسان و ئەدەبی منداڵان و ئەلفبێ و کتێبەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ڕێنوس و نوسینی لاتینی داوە و لەو ڕووەوە چەند بەرهەمێکی پێشکەشکردووە. لە چەندین ناوەندی پەروەردەیی و ئەدەبیدا کاریکردووە و دەیان ساڵ بەرنامەی (خەندە)ی بۆ منداڵان پێشکەشکردووە و شەش ساڵیش لە ڕادوێی (خاک) بەرنامەی هەورامی هەبووە. ڕابەری نوسینی شیعری نوێی هەورامییە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ١٧ بەرهەمی چاپکراوی منداڵانە، لەوانە:(شاهۆ، خونچە گوڵ، چاوانی باوان، مافە گەشەکەم). لە نمونەی بەرهەمە ئەدەبیەکانی تری:(دیوانی سەیدی، دیوانی وەلی دێوانە، کەشکۆڵی حاجی مەحموودی یاروەیس، لایلایەی دایکانی کورد بەهاوبەش، دیوانی حاجی باقی بەنگینە). ماوەیەک سەرنوسەری گۆڤاری هەورامان بووە. ئەندامی یەکێتیی نوسەران و مامۆستایان و مەڵەبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان و فۆلکلۆر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵ بووە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە. لە پاش کۆچیدوایی، چوار دیداری ئەدەبی بە ناوەوە بۆ ڕێکخراوە و پەیکەری لە حەوشەی ڕۆشنبیری هەڵەبجەی شەهید بۆ دانراوە.
ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. فەرمانبەرە لە پەروەردەی هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. نزیکەی دوو هەزار پارچەشیعری هەیە و لە چەندین کۆڕ و بۆنەدا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی زیاتر تایبەتن بە خۆشەویستی و سروشت و نشتیمانپەروەری و ئایینی. هەندێکیان لە لایەن هونەرماندانی هەورامانەوە کراون بە گۆرانی، لەو گۆرانیبێژانەی، کە بەکاریانهێناوە:(ڕزگار تاریق، نەوزاد نەسروڵڵابەگ).
ناوی (عێزەت مەیکە عەلی)یە و بە (عاجزی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ له گوندی (گوڵپ)ی سەر بە شارۆچکەی (بیاره) لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی لە گوڵپ تەواوکردووە. لە حوجرەی خوێندویەتی و هەشت جزئی قورئانی لەبەرکردووه. لە فەرمانگەی کارەبای خورماڵ فەرمانبەر بووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ساڵی ١٩٧٠ یەکەم هۆنراوەی نوسیوە. نزیکەی ١٦٠٠ شیعری هەیە. ساڵی ٢٠٢٤ دیوانە شیعری خۆی (سەوقاتی عاجزی) بە چاپ گەیاندووە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی: کۆمەڵایەتی، ئەوینی، ئاینییە. لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەدا شیعرەکانى خوێندووەتەوە.
لە دەوروبەری ساڵی ١٤٩٢ لە شارەزوور لەدایکبووە. لە عەشیرەتی (جاف) بووە. سەرەتای خوێندنی لە شارەزوور بووە. بۆ ڕێبەری ئایینیی یارسان گەشتی بەغداد و ئێرانی کردووە. دوژمنانی ئایینی یارسان ویستویانە بیکوژن، بۆیە چووەتە هەورامان لەوێ ماوەتەوە. یەکێک بووە لە یارسانەکانی دەوروبەری سیروان. لە هۆنراوەکانیدا پێشبینیکردووه، کە لە ئایندەدا فڕۆکه و ئۆتۆمبیل دروستبکرێن و جەنگی جیهانی ڕووبدات. لە دەوروبەری ساڵی ١٥٥٣ کۆچیدواییکردووە.
شاعیر و نوسەرە. ناوی (فاتح عەبدوڵا ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (دەرەقەیسەر)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە دەرەقەیسەر و زەمەقی، ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکی لە بەروبومی ئاژەڵ لە موسڵ و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە بەروبومی ڕووەکی بەدەستهێناوە. ماستەری لە ڕووەکە جوانەکان (هەڵاڵەبرایمە) لە زانکۆی کوردستان بە دەستهێناوە، کە بەشێکی نامەکەی ژینگەی گوڵەکەی لە هەوراماندا باسکردووە. لە ساڵی ١٩٨٣وە دەنوسێت لە فیستیڤأڵ و بۆنە ڕۆشنبیرییەکاندا بەشداریکردووە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (دیوانە شعری کەشکەشانیشی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵییە لە پەیمانگای زانستی کۆمپیتەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.
ناوی (فایەق سالم حەمەکەریم)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (دەرەیمەڕ) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ساڵانی هەشتاکانەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە و ناوەڕۆکی شیعرەکانی تایبەتن بە خاک و نیشتمان، کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی. زیاتر لە ٢٠٠ هۆنراوەی نوسیوە. لە زۆربەی یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵەکاندا بەشداریکردووە. چەند هۆنراوەیەکی کراون بە گۆرانی.
شاعیرێک سۆفی بووە. ناوی شێخ مستەفایە و لەبنەماڵەی (چوری) کوردستانی خۆرهەڵاتە. لە سەدەی دوانزەیەمی کۆچیدا ژیاوە. عاشقی تەریقەت و پیری تەوێڵە(شێخ عوسمان سراجەدین) دەبێت و دەچێتە تەوێڵە. تا کۆتایی ژیانی لەوێ دەبێت. ساڵی ١٨٦٧ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەد کوڕی شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ سەعید دۆڵاشی)یە. ساڵی ١٨٩٨ لە (ڕیشێن)ی بناری شارەزوور لەدایکبووە. بە مەبەستی خوێندن، بۆ زۆر شار و شارۆچکە چووە. نازناوی (قانع)ی بووه و بە (شاعیری چەوساوەکان)یش ناسراوە. چەند جارێک دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و هۆنراوەکانی لە (دیوانی قانع)دا کۆکراوەتەوە و چاپ بووە. بە یەکێک لە قسەخۆش و خاوەن بەسەرهاتەکانی کورد دادەنرێت. لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزووردا گەلێک سەرگوزەشتەی لێ دەگێڕنەوە. پاش خۆی پاش مەرگەی قانع و نوکتە و بەسەرهاتەکانی لە زایەڵەی زرێباردا چاپکراون. شوێنی بە ناوەوە کراوە و ژمارەیەکی گۆڤاری ڕۆڤاری بۆ تەرخانکراوە. ساڵی ١٩٦٥ کۆچیدواییکردووە و لە (لەنگە دێ) بەخاکسپێرراوه.
ناوی (حامید کوڕی مەلا عەلی بێسارانی)یە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨١٠ لەدایکبووە. بۆ خوێندن هاتووەتە بیارە و لەسەر دەستی شێخ عوسمان سیراجودین تەریقەتی وەرگرتووه و لای ئەو کاری (کاتب)ی بۆ کردووە. خەتی خۆش بووە. جگە لەوەی چەند دانراوێکی وەک (عەقیدەی ئیمان و ئیسلام "بە هەورامییانە"، رياض المشتاقین "باسی مەولانا خالید و شێخ عوسمانە"، شەرحی مەسنەوی مەولانا "سێ بەرگ")ی هەیە و بە فارسی هۆنراوەی زۆری هەیە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٣ لە بیارە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ملەگای چنار) بەخاکسپێرراوە.