بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (محەممەد ئەمین کوڕی شێخ محەممەد "بەهائەدین" کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە)یە. ساڵی ١٩١٦ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. لای باوکی و خاڵوانی، قورئان و کتێبە ئایینییەکانی خوێندووە. دواتر چووەتە قوتابخانە و بەردەوام بووه، تا خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواوکردووه و ساڵی ١٩٣٩ بووە بە مامۆستای قوتابخانەی (تەوێڵە) و دواتریش لە چەند شوێنێکی ناوچەکە، بۆ ماوەی ٣١ ساڵ مامۆستایەتی کردووە. ساڵی ١٩٧٠ خانەنشین کراوە و لە سلێمانی نیشتەجێبووە. جگە لە نوسینی وتار بۆ ڕۆژنامه و گۆڤارەکان، لە نوسینی ھۆنراوەدا نازناوی (کاردۆخی) وەرگرتووە و بەرهەمەکانی بەناوى (ديوانى کاردۆخی)یەوە کۆکراوەتەوە و چاپ بووە. دیوانی شاعیران (سەیدی ھەورامی، شاھۆ، لەیلاو مەجنوون)ی ئامادەکردووە و بەچاپى گەیاندوون. لە ١٦ی ٨ى ١٩٨٢ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
چیرۆکنوس و شاعير و ڕاگەیاندکارە. ناوی (کەتان حەمەڕەحیم حەمەشەریف)ە. ساڵی ١٩٧٥ لە تەوێڵە لەدایکبووە. هاوسەری نەبەز هەورامی شاعیر و نوسەرە. دەرچووی ناوەندییە. ساڵی ١٩٨٨ دەستیداوەتە نوسین. پەخشان و بابەتی جیاواز و دەقی شانۆیی و سیناریۆی نوسیوە. بەڵام زیاتر وەک چیرۆکنوس ناسراوە. کۆمەڵە شیعری(کە ژنێکی شاعیر دەمرێ، کۆمەڵە چیرۆکی بوخچەکەی دایکم) لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەون. لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ٢٠٢٢ بەرنامەکانی (ڕێژنە، زەمزەمەی شیعر، ئاریا و ئاونگ و چیرۆکی هەفتە)ی پێشکەشکردووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئاییندەسازییە. ساڵی ٢٠١٧ ماڵی مەستوورەی ئەردەڵانی دادەمەزرێنێت. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
شاعیری میللییە. ناوی (کەریم حسن ساڵح)ـە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی عەنەب لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لە کۆتایی حەفتاکانەوە دەستی بە شیعر نوسین کردووە و لەگەڵ هاوڕێ شاعیرە میللییەکانیدا شیعریان گۆڕیەتەوە و مەیلی لە شیعری داشۆرین هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە، لە ئێستادا خانەنشینە و لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە.
قازى، شاعیر و نوسەرە. ناوی (ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەدی بارامئاوا کوڕی شێخ عەبدوڵای دەمەیەوی)یە. لەبەرئەوەی لە ئەحمەدئاوا نیشتەجێبووە، بە (مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەدی ئەحمەدئاوا) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (دەمەیەو) لە هەورامانی خۆرهەڵات لەدایکبووە. بۆ خوێندن زۆر شوێنی کوردستان ڕۆیشتووە. ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی و لای (مەلا مەعروفی خاوێی) ئیجازەی وەرگرتووە. ئەندامی (ژ. ک) بووە. مەلای مزگەوتی گوندەکانی (سەنگاو، گرێزە) بووە. ساڵی ١٩٥٩ لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی سەیدسادق دامەزراوە. ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە تا ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە و بە بڕیاری بەرەی کوردستانی کراوەتە قازی شەرعیی هەڵەبجەی شەهید. ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بووە. دەستی هەبووە لە نوسینی هۆنراوەدا. سڵی ١٩٩٦ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ئەبوشەمامان) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (عەلی کوڕی باپیر ئاغا کوڕی چراغە)یە. بە (کەمالی) ناسراوە. ساڵی ١٨٨٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتاکانی خوێندنی تەواوکردووە و بووە بە نوسەر (کاتب). جگە لە زمانی کوردی، تورکی، فارسی و عەرەبیشی زانیوە. ماوەی دوو ساڵ (١٩٢٤ - ١٩٢٦) فەرمانبەری (مالی) بووە لە هەڵەبجە. جاری دووەمی ساڵی ١٩٢٨ بۆ ١٩٥٠ لە هەڵەبجە ماوەتەوە. جگە لە وتار و هۆنراوەکانی، کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردووەتەوە، خاوەنی چەند کتێبێکیشە (گوڵدەستەی شوعەرای هاوعەسرم، شاعیرە ناو_ونبووەکانی کورد، دیاری شارەزوور، باخی میر). لەبواری وەرگێڕانیشدا چەند کتێبەکانی (شیرین و خەسرەو، خورشید و خاوەر، شەڕی خەیبەر، گیانی سەعدی و ئەمیر ئەرسەلان)ی وەرگێڕأوەتە سەر زمانی کوردی. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری کەرکوک کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (شێخ محێدین) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (نەجمەدینی کوڕی شێخ عومەر زیائەدین کوڕی شێخ عوسمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٣ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. پاش کۆچیدوایی باوکی، شوێنی گرتووەتەوە و بووە بە مورشید. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و منداڵی لە زۆربەیان بووە. خاوەنی ژمارەیەک هۆنراوەیە. نازناوی (کەوکەب) بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٩ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
کچی میرزا غەفوری کوێخا مستەفای بیارەییە. ساڵی ١٩٣٨ لەدایکبووە. هاوسەری دکتۆر (محەممەد ئەمین هەورامانی)یە. خاوەنی چوار دیوانە شیعرە بەناوەکانی (خانمەکەی بیارە و تەوێڵە، شاخی هەورامان، نەخشەی کوردستان، عەشقی خودایی). دانیشتوی وڵاتی سویسرایە. شیعرەکانی بە زمانێکی سادە بە هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست نوسیوە.
ناوی (ئایشە کچی کاکە شێخی شێخ محەممەد بەهادینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵەیی)یە. ساڵی ١٩٣٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە. خوشکی کاردۆخیی شاعیرە. خاوەنی پێنج منداڵە. هەڵسورأوێکی چالاکی نێو خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بووە. دوای ڕاپەرین کۆمەڵەی ژنانی ئاشتیخوازی دژی شەڕی ناوخۆی دروستکردووە. خۆی فێری خوێندنەوە و نوسین کردووە. دیوانێکی شیعریی چاپکراوی هەیە. ساڵی ١٩٩٩ چووەتە وڵاتی نەرویج و ٢٠٠٨ گەڕاوەتەوە کوردستان. ساڵی ٢٠١٥ کۆچیدواییکردووە. لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە شارەدێی تەوێڵە و لە مەرقەدی شێخ عوسمان بەخاکسپێرراوە.
شاعیرێکی میللی یارسانییە. ناوی (ڕەمەزان هەمیر خان شاکەرەم)ەو نازناوی (کۆساری)یە. لە تیرەی پیرسمایلی کەوڵانییە. ساڵی ١٩٥٠ لە هاوار لەدایکبووە. دەرچووی سەرەتاییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. شوانی و جوتیاریی و باخەوانی کردووە. ساڵی ١٩٧٩ کاسێتێکی شیعری بەدەنگی خۆی بڵاو کردووەتەوە. خاوەنی نامیلەکەی (سۆزی شنروێ) و کتێبی شیعری (بەفرەتاو) و (هاوار و هاوارییەکانە). خانەنشینە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.
شاعیر، نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ناوی، (عەبدوڵا کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵا بەگ)ـە. ساڵی (١٩٠٤یان ١٩٠٥) لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بە بنەماڵە، دەچنەوە سەر بەگزادەی (میران بەگی)ی ناوچەی مەریوان و لەسەردەمی باپیریەوە ھاتوونەتە ھەڵەبجە. لای باوکی، قورئانی خوێندووە و لە (مزگەوتی پاشا) بە (فەقێ عەبدوڵا) ناسراوە. قۆناغی سەرەتایی، لە ھەڵەبجە خوێندووە و هەر بۆ ئەو مەبەستە، چوونەتە کەرکوک و لەوێ یەکەم ھۆنراوەی نوسیوە. بەھۆی کۆچیدوایی برا گەورەکەیەوە، دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. ساڵی ١٩٢٥ تا ساڵی ١٩٣٧ لە قوتابخانەکانی سنوری ھەڵەبجە، مامۆستایەتی کردووە و ھەر لەم ماوەیەدا، هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی (ژیان) بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ١٩٢٨ یان ١٩٢٩ لەگەڵ (سەبریە عەبدولمەجید ئەسعەد)ی خزمیدا، ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و سێ کوڕیان بە ناوەکانی(ھیوا، ھۆگر، ئەژی) بووە. ساڵی ١٩٣٧ لە بەڕێوبەرایەتیی ئەشغال لە سلێمانی فەرمانبەر بووە. ساڵی١٩٤٠ ژیانی ھاوسەرێتی پێکھێناوەتەوە. ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ (ڕەمزی قەزاز و ڕەفیق چالاک)دا چووە بۆ(یافا) لە فەڵەستین و لە (ئیزگەی بێتەلی ڕۆژھەڵاتی نزیک) کاریکردووە. ساڵی ١٩٤٥ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە. بە (عەبدوڵا سەبری، گۆران، عەبدوڵا گۆران) ناوی دەرکردووە. یەکێکە لە ڕابەرانی نوێکەرەوەی ھۆنراوەی کوردی. ساڵی ١٩٥٠ کۆمەڵە ھۆنراوەی (بەھەشت و یادگاری) (فرمێسک و ھونەر) (دوو ھاوینە گەشت)ی بڵاوکردووەتەوە. چەند جارێک دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە و دواجاريان بە بڕیاری شۆڕشی ١٩٥٨ ئازاد کراوە. وەک بەرپرسی ڕۆژنامەی (ژین)کاریکردووە و ماوەیەکيش سەرپەرشتی گۆڤاری (شەفەق)ی کردووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی و بۆ ماوەی چەند مانگێکیش لە ڕۆژنامەی (ئازادی)دا کاریکردووە. لە (بەشی کوردیی کۆلێژی ئاداب) وانەی وتووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ توشی شێرپەنجە بووە و لە ١٨ی ١١ی ١٩٦٢ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
شاعیر و نوسەر و ڕاگەیاندکارە. ناوی (گۆران عەباس حەمەمراد)ە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە بیارە دەستپێکردووە. لە هەڵەبجە سەرەتایی و ناوەندی تەواودەکات. ئامادەیی و پەیمانگای مامۆستایانی مەڵبەندی سلێمانی تەواودەکات. ساڵی ١٩٨٨ەوە دەستی بەشیعر نوسین کردووە. بەرهەمەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراوەنەتەوە. زۆرێک لە هۆنراوەکانی لە لایەن هونەرمەندانەوە کراون بە سروود و گۆرانی. کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی(خەمەکانی نیشتمان) چاپکردووە. ساڵی ٢٠٢٣ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (نەجمەدین ئەحمەد عەبدولمحەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی هەڵەبجە تەواوکردووە. پاش ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، بەشداری یەکەم کۆڕی شیعری لەگەڵ شاعیراندا کردووە. لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کوردە. پەیامنێر و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (ڕابەر) و (هەڵەبجە) بووە. لە زۆربەی ڕۆژنامەکاندا بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە. چەند دەقێکی شانۆیی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. دوو کتێبی شیعری بڵاوکردووەتەوە (هاوارێک هەر لەتەم دەچێت، سێبەری ئیلاهی نامە). فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی یادگاریی هەڵەبجە.
ناوی (دەروێش عەبدوڵا مۆمن)ە. برای حەبیبوڵای هاوسەری کاڵێی حاجیلەی تەوێڵەییە. عەینەدینی گۆرانی بێژی مەریوانی؛ نەوەی مام دەروێشە. لە ساڵی ١٨٨٩ لە گوندی سۆسەکان لەدایکبووە. ماوەیەک لە گوندی یاڵانپێ نیشتەجێدەبێت. لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی دزڵی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەدمەعروف کوڕی مەلا عەبدوڵای مەریوانی)یە. ناسراوە بە مەلامارف. ساڵی ١٩٠٥ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی فارسی و نەحو و سەرفی خوێندووە. لای گۆرانی شاعیر ساڵی١٩٢٧ حیسابی خوێندووە و ئەمیش فارسی بە گۆران وتووە و هاوکاریکردووە لە وتنەوەی وانەی عەرەبیدا. ساڵی ١٩٣٢ لە قوتابخانەی تەوێڵە دامەزراوە. دوای ساڵێک وازیهێناوە. ساڵی ١٩٣٣ لە سلێمانی لە(مەئمور مەخزەن) دامەزراوە. ١٩٣٤ بوەتە سەرۆکی شارەوانیی چوارتا. خانەنشین کراوە و کۆتایی تەمەنی لە سلێمانی بردوەتەسەر.
ناوی (ئەحمەد کوڕی خەسرەو چاوەش)ـە. لە خێڵی (میکایەڵی) جافە و لە گوندی (پریس) ژیاوە و بەو هۆیەوە بە (ئەحمەد پریسی) ناسراوە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. هاوچەرخی (مەولەوی ١٨٠٦ بۆ ١٨٨٢)ـە. لە هەڵەبجە، نۆدشە و سنە خوێندویەتی. یەکێک بووە لە مەنسوبەکانی شێخ عوسمانی سیراجودین. لە کۆڕی زیکردا ئەوەندە جەزبە گرتویەتی نازناوی(مەجزووب)ی بووە. هۆنراوەی زۆری بووە، بەڵام بەشێکیان لە سەردەمی داگیرکاریی عوسمانییەکان بۆ شارەزوور، سووتان و بەشێکیشی لە (بەشێک لە دیوانی مەجزووب)دا کۆکراوەتەوە و چاپ بووە.
ناوی (سەید حسێنی تاوەگۆزیی)یە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. هێندە لەبەردەستدایە، کە هاوسەردەمی (مەولەوی ١٨٠٦- ١٨٨٢) بووە. ژمارەیەکی کەمی هۆنراوەکانی لەبەردەستدان، کە بە زمانی کوردی نوسیونی. نازناوی (مەحرووم) بووە.
ناوی (عەبدولقادر کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٢٤ لە گوندی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوەگۆز لەدایکبووە. لە گوندەکەی دەستی بە خوێندن کردووە و دواتر بۆ هەمان مەبەست زۆر شوێن و ناوچە ڕۆیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کە مەلا بووە، کاری کشتوکاڵیشی کردووە. هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (مەخمووری) بووە. هێشتا بەرهەمەکانی لە کتێبێکدا کۆنەکراونەتەوە و بە چاپ نەگەیشتوون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٧ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (ڕەسول ئەفەندی)یە. ساڵی ١٨٢٣ له شارەزوور لەدایکبووه. بەمەبەستی خوێندنی ئاینی، چووەتە (هەورامان، سنە، ڕەواندز)، دواتر چووەتە ئەستەنبوڵ و لە قوتابخانە خوێندویەتی. لە ئەنجامی ئەوەی دانراوێکی تایبەت بە زانستی(فیزیا)ی ئامادەکردووە، لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە خەڵات کراوە. گەڕاوەتەوە عێراق و لە موسڵ و کەرکوک وانەی وتووەتەوە. چووەتە میسر و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و کراوە بە بەڕێوەبەری ڕۆشنبریی لە شاری وان. سەردانی ئەوروپای کردووە و جگە لە زمانی کوردی، شارەزایی لە زمانی فارسی و فەرەنسیشدا هەیە. هۆنراوەی بە کوردی و فارسی نوسیوە و نازناوی (مەستی) بووە. لەگەڵ (شێخ ڕەزای تاڵەبانی)دا هەجووی یەکیان کردووە. ئەم دانراوانەشی هەیە: (تشریح الأدراک فی تشریح الأفلاک)، (إثبات واجب الوجود)، (حوادث عناصر)، (زلزلە وراه جلوگيرى از خسارات آن) و (فیزیک جدید) ١٩٠٨ کۆچیدواییکردووە.
شاعیر، ئەدیب و سیاسییە. ناوی (ئەحمەد کوڕی حاجی عەلی)یە و بە (فەوزی) ناسراوە. لە ساڵی ١٨٧٥ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. یەکێک بووە لە منەوەرەکانی سەردەمی شێخ مەحموود، پاش لەناوچوونی حکومەتی شێخ مەحمود، یان دوای کوژرانی جەمال عیرفان، پەڕیوەی ڕۆژهەڵات دەبێت و لە موکریان دەگیرسێتەوە و لە گوندی کولیجە قوتابخانەیەک دەکاتەوە و دەرسی بە گەلێک لە ناوداران وتووە. پاشان دەبێتە مەلا گوندی حاجیکەند. لە پاش مردنی شێخول ئیسلامی گەورە، ژنەکەی شێخ مارەدەکات. بە فێربوونی منداڵان و مێردمنداڵانەوە خەریک دەبێت. بیری کوردایەتی دەخاتە مێشکی دەستەی یەکەمی گەنجانی کۆماری کوردستان. لە قوتابییەکانی (پێشەوا قازی محەممەد و هێمن و هەژار... هتد) بووە. پێشەوا شانازی کردووە بەوەی شاگردی فەوزی بووە. هێمنی موکریانی لە تاریک و ڕووندا: دەڵێت من دەستکردی فەوزیم. مامۆستا هەژار دەڵێت: فەوزی زۆر زانا و شاعیر بووە. خەڵکی عەبابەیلێ بووە. شیعری کوردی و فارسی هەبووە. لە ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی حاجیکەند کۆچیدواییکردووە و لە خانەقای شێخی برهان بەخاکسپێرراوە.
شاعیر، قازی، شاعیر و خەتخۆشە. ناوی (ئەحمەد کوڕی موعینەدینی کوڕی مەلا نەزیری گەورەیە ساڵی ١٨٨٤ لە تەوێڵە لەدایکبووە. گەرچی لە سەرتاوە دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام تەواوی نەکردووە. خۆی دواتر مەیلی لە خوێندنەوە و نوسین زۆر بووە. بۆیە خوێندەوارێکی باشی لێدەرچووە. لە تەوێڵە و هەڵەبجە و سلێمانی قازیەتی کردووە. چوار ژنی هێناوە. لە تەوێڵە قوتابی زۆری هەبووە. کەشکۆڵێکی بە خەتەخۆش و نایابەکەی نوسیوەتەوە، کە سەرچاوەی باشی دیوانی سەیدی بووە. ساڵی ١٩٥٦ کۆچیدواییکردووە.