عوسمان هەورامی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 125

شاعیر

شاعیر، نوسەر و پەروەردەکارە. ناوی (عوسمان محەمەد ساڵح فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٤٠ لە(تەوێڵە) لەدایکبووە و هەر لەوێ نراوەتە بەر خوێندن. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و دەورەی مامۆستایانی تەواوکردووە و بووەتە خوێندکاری کۆلێژی ئاداب. بایەخی بە فۆلکلۆر و کەلەپور و کۆکردنەوەی شیعری شاعیران و دەستنوسان و ئەدەبی منداڵان و ئەلفبێ و کتێبەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ڕێنوس و نوسینی لاتینی داوە و لەو ڕووەوە چەند بەرهەمێکی پێشکەشکردووە. لە چەندین ناوەندی پەروەردەیی و ئەدەبیدا کاریکردووە و دەیان ساڵ بەرنامەی (خەندە)ی بۆ منداڵان پێشکەشکردووە و شەش ساڵیش لە ڕادوێی (خاک) بەرنامەی هەورامی هەبووە. ڕابەری نوسینی شیعری نوێی هەورامییە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ١٧ بەرهەمی چاپکراوی منداڵانە، لەوانە:(شاهۆ، خونچە گوڵ، چاوانی باوان، مافە گەشەکەم). لە نمونەی بەرهەمە ئەدەبیەکانی تری:(دیوانی سەیدی، دیوانی وەلی دێوانە، کەشکۆڵی حاجی مەحموودی یاروەیس، لایلایەی دایکانی کورد بەهاوبەش، دیوانی حاجی باقی بەنگینە). ماوەیەک سەرنوسەری گۆڤاری هەورامان بووە. ئەندامی یەکێتیی نوسەران و مامۆستایان و مەڵەبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان و فۆلکلۆر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵ بووە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە. لە پاش کۆچیدوایی، چوار دیداری ئەدەبی بە ناوەوە بۆ ڕێکخراوە و پەیکەری لە حەوشەی ڕۆشنبیری هەڵەبجەی شەهید بۆ دانراوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل١١٩.
  2. دیداری مامۆستا عوسمان هەورامی، مەڵبەندی رۆشنبیری هەورامان، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، لە ١١ی ٦ی ٢٠٢٢.
  3. دیداری عوسمان هەورامی بۆ ئەدەبی مندالان، سەنتەری روناکبیری جاف، لە ٩ی ١١ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  4. یاداشتەکانی حسن قادر حسن، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و مامۆستا، کە تێبینی لەسەر کەسایەتیەکانی تەوێڵە لەسەر کتێبەکان و یادەوەری نامەکەیدا نوسیوە. بڵاونەکراوەتەوە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

بولبول

زانای ئایینی و شاعیرە. ناوی شێخ حەسەن کوڕی شێخ سازانییە. لە گوندی سازانی نزیک هەڵەبجە لەدەوربەری ساڵی ١٨٤٠ لەدایکبووە. بە منداڵی دەستی بەخوێندنی ئایینی کردووە. بۆ خوێندن گەلێک ناوچەی کوردستان گەڕاوە. ئیجازەی وەرگرتووە و دەستیکردووە بە خزمەتی ئایینی ئیسلام و ئاداب و موسڵمانان. هاوچەرخی مەولەوی بووە و شیعر لە نێوانیاندا هەیە. شیعرەکانی بە شێوەزاری هەورامی نوسیوە. لە دەورووبەری ساڵی ١٩٠٥ کۆچیدواییکردووە.

بێخود

ناوی (مەحموود کوڕی موفتی حاجی مەلا ئەمین کوڕی موفتی گەورە حاجی مەلا ئەحمەدی چاومار)ە. ساڵی ١٨٧٩ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە سلێمانی و پێنجوێن و بیارە خوێندویەتی. موریدی شێخ نەجمەدین بووە. ساڵی ١٩٠٠ بووە بە حاکم لە شاری ھەڵەبجە و چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکنەهێناوە‌. نازناوی (بیخود) بووە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و زۆربەی هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا(دیوانی بێخود) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە‌. لە ٢٥ی ٨ی ١٩٥٥ کۆچیدواییکردووە.

بێکەس

ناوی (فایەق کوڕی عەبدوڵا بەگی کوڕی کاکەحەمەی ئەلیاسەقۆجە)یە. ساڵی ١٩٠٥ لە (سیتەک)ی نزیک شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی‌ و دواتر چووەتە قوتابخانە. ساڵانی ١٩٣٣-١٩٣٥‌ لە (تەوێڵه) مامۆستا بووە. چەند جارێک بە هۆکاری ڕامیاری دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە و دوورخراوەتەوە بۆ شاری (حلە). پاش ئازادبوونی، ماوەی ساڵانی ‌١٩٤١-١٩٤٨ لە هەڵەبجه مامۆستا بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تا ڕادەیەک ئینگلیزیشی زانیوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌، لە یەکەمیان کچێک و لە دووەمیان دوو کچ و (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیری بووە‌. ‌کەسێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووە. نازناوی (بێکەس)ی هەبووە و هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا (دیوانی بێکەس) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە‌. ساڵی ١٩٤٨ لە (هەڵەبجە) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

پشکۆ نەجمەدین

شاعير و وەرگێڕە. ناوی (زەینەدین مستەفا مەحموود)ە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی لە ھەڵەبجە و کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی دە ساڵ لە ڕیزەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کادر و پێشمەرگە بووە. لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، ڕێکخراوی (ئاڵای شۆڕش)یان دامەزراندووە و نازناوی (پشکۆ نەجمەدین) ‌بووە. خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە بە ناوی (ڕۆمان)ـەوە. لە پاش ھێرشەکانی (ئەنفال)ـەوە ڕووی کردووەتە وڵاتی (سوید) و لەوێ دەژی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، سویدی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە کۆتایی ھەشتاکانەوە، وەک نوسەر دەرکەوتووە و خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەزموون و یاد)، (جیلوەی عیشقەکەی مەولانا و شەمس)، (ئاوێنەی نامەکان)، (ئەفسوونی نوسین)، (دیوانی من) و(مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)...

تارا ئەمین ئەحمەد

کچی ئەمین سەپانە، ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی کانی عاشقان لە دایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. خێزانی پێکهێناوەو خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دوو کتێبی بە ناوی هونەری چێشتلێنان چاپکردووەو دوو کتێبی شیعریش بە ناوەکانی (شەونمی گەڵای ڕۆحێ)، ( چەپکێ ڕێحانە) چاپ و بڵاوکردوەتەوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

تاهیر بەگی جاف

ناوی (تاهیر بەگ کوڕی عوسمان پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای ئەحمەد موختار جافە. لە دەوروبەری ساڵی(١٨٧٥-١٨٧٧) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی زانیوە و شارەزایی لە ئینگلیزی و فەرەنسيشدا هەبووە. هەڵسوکەوتی لە گەڵ مێجەرسۆندا کردووە. فەرهەنگێکی چوار زمانی ئامادەکردووە. ماوەیەک سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە و لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە نیشانەی مەجدی وەرگرتووە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە. شاعیرێکی گەورەی غەزەلە و گۆرانیبیژە گەورەکانی کورد شیعرەکانیان خوێندووە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی تاهیربەگی جاف)دا کۆکراوەتە‌وە و لەچاپدراوە. ساڵی ١٩١٨ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گوندی عەبابەیلێ بە خاک سپێرراوە. ‌