بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە و بە هۆکاری پێشمەرگایەتی دابڕاوە. ئەندامی نوسەرانی شاخ و یەکێتیی نوسەرانی کورد و ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و فدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی جیهانە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبیەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. یەکەم دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری یەکەم یاد و دووەم یادی هەڵەبجە بووە. لە دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٧٦دا ئەندام بووە. شیعری بۆ چەند بەرهەمێکی شانۆیی هەشتکانی هەڵەبجە نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی.
ناوی (دیار ئەحمەد فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە بواری شیعری منداڵاندا دوو بەرهەمی بەناوی (بەرسیلە) و (شاری یاری) بڵاوکردووەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەلایەن هونەرمەندان: نەجمەدین غوڵامی، دیاری قەرەداغی، میکایل، حەمەڕەئوف کەرکوکی، کەمال محەممەد، کامەران عومەر، زاهیر جەلال، ئاریان کەریم، شاخەوان هەڵەبجەیی... کراون بە سرود و گۆرانی. چەندین شیعری بۆ هەڵەبجە نوسیوە. بەرهەمەکانی (دیوانی دیار هەڵەبجەیی) چاپکردووە. لە یەکەی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی سەرپەرشتیارە.
شاعیر و ئەندامی پەرلەمانە. ساڵی ١٩٥٠ لە شاری قەڵادزێ لەدایکبووە. ١٩٧٤ لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٢ تا ١٩٧٨ وەک ڕۆژنامەوان، لە ڕۆژنامەی (بیری نوێ)، لە بەغدا، کاریکردووە. ساڵی ١٩٧٩ بووە بە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٧ لە بوڵگارستان زانستە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانامەی دوکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٩ وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی ئەدەبیی (کلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێبەخشراوە. ساڵی ٢٠٠٦ لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی ئەدەبیی (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد)ی لە سلێمانی پێبەخشراوە. ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی ناوەندی پێنی کوردی پێبەخشراوە. بەرهەمە هۆنراوەییەکانی لە چەند کتێبێکدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە. ، لەوانە:(لاوکی هەڵەبجە، بەیروت ١٩٨٩) و (بە تەنیا جێی مەهێڵن، ٢٠٠٧). هۆنراوەی (لاوکی هەڵەبجه) جگە لەوەی ناونیشانی کتێبکە، ناوی هۆنراوەیەکی ناو کتێبەکەشە، کە کراوە بە گۆرانی و وەک هێمایەک بۆ یادکردنەوەی کارەساتەکه، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٦ی ٣دا دەوترێتەوە.
ناوی (ڕۆژ محەممەد لایق حەسەن)ـە. لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەڵەبجە و پەیمانگەی مامۆستایان لەشاری سلێمانی تەواوکردووە. یەکەم بەرهەمی له ساڵی ١٩٨٧ نوسیوه. بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوه، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە. پاش ڕاپەڕین چالاکانە لە بواری ئەدەبی و هۆنراوەدا دەرکەوتووە و نازناوی ئەدەبیی (ڕۆژ هەڵەبجەیی) لەخۆی ناوە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵ و چالاکییە ئەدەبییەکانی کردووە، بەتایبەت فیستیڤاڵەکانی گەلاوێژ، کە پێنچ خەڵاتی تێدا بەدەستهێناوە. هەروەها لە فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی، یەکەم و لە فیستیڤاڵی ژنان، دووەم و لە فیستیڤاڵی پیرانشار لە ڕۆژهەڵات، لە یەکەمەکان بووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (دیوانی ڕۆژ هەڵەبجەیی)یە، چەند بەرهەمێکی تری چاپکراویشی هەیە، لەوانە (تارمایی پێی مەراقێک، نەخوڕەی دەرگایەک نەقومێک کەس، تاخەو دائەگیرسێ بنوو، ئەو موناجاتێکە لەچاوەکان، نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانە... ).
شاعیر و ڕۆژنامەوان و دیزاینەرە. ناوی (بارام محەممەد عەلی)یە. ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فکری ئیسلامیدا بەدەستهێناوە. لە دامەزرێنەرانی ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە، دەستەی بەڕێوەبەری ڕادوێی هەورامان/شارەزوور، دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی کۆمەڵ بووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی خورماڵ و سەرنوسەری گۆڤاری خەندە بووە. ماوەیەک ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی پەیکی کەناڵی پەیام بووە، دیزاینەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بووە. ئەندامی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری ڕێکخراوی خاڵە. ئەندامی بەشی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوە. لە کتێبە چاپکراوەکانی:(ساباتێک بۆ مردن بەسەر ڕێگاکانی ئەوینەوە، دەمەوێ شتێک بگریم، ئەلفبێی لاتینی و زمانی ستانداردی کوردی). کاری دیزاین و هونەری بۆ دەیان کتێب و گۆڤارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
ناوی (ڕزگار محمەمەد ئەمین ساڵح مستەفا مرادوەیس پاشا)یە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووه. ساڵی ١٩٨٦ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. له ساڵی ١٩٨٦ـەوە دەستی بە شیعرنوسین کردووه. خاوەنی ئەم کتێبە چاپکراوانەیە: (هەواری ڕزگاری "دوو بەرگ"، کەناری خەم، بەدەم باده، هەراسان، هەڵوێستی پیاوی مەرد). چەندین جار خەڵاتی ئەدەبی پێبەخشراوە.
لە گوندی (زەڵم) لەدایکبووە. لەسەردەمی حکومەتی (خان ئەحمەدخان)دا ژیاوە. بە هۆنراوەیەکدا دیاره، کە ساڵی ١٧٤٨ لە ژیاندا بووە. نازناوی (زەنووری) یان (زەننوری) بووە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپنەکراون.
شاعیرى میللیی و شانۆکارە. ناوی (سابیر کەریم قادر)ە و بە (سابیر چەوساوە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندیی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٨٦ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. بەشداری لە هەموو یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردووە و هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ئەندامی لیژنەى ئامادەکاریى یەکەمین یادی کیمیابارانى هەڵەبجه بووە لە (ئۆردوگای دزڵی)، هەر لەوێ، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا (کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم کۆڕی شیعریی تایبەت بە خۆی لە شارۆچکەی (خورماڵ) سازکردووە. لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو چووەتە ئەوروپا و لە چالاکیی یادەکانی هەڵەبجە لە چەند بۆنەیەکی تایبەت بە یادکردنەوەی هەڵەبجە لە وڵاتی سوید و بەریتانیا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە کیمیابارانەکەدا ئاوارەی ئێران بووە و لەگەڵ شاعیرانی پاوە (ئەنجومەنی ئیرشادی هەورامانات)یان پێکهێناوە. لە بۆنەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەدا ڕۆڵی هەبووە و هۆنراوەی پێشکەشکردووە. خاوەنی پەرتوکی شیعریی چاپکراوی (خەزانی هەڵەبجە)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی کاسبە.
برای (ع. ع. شەونم)ی شاعیرە. ناوی (ساڵح کوڕی عەبدوڵای سۆفی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. دەستی بە خوێندن کردووە و تا تەمەنی لاوی درێژەی پێداوە. دوکانێکی سکاڵانوسینی داناوە و بژێوی خۆی پێ دابینکردووە. کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی کردووە. لە بواری هەڵکۆڵێن و کاری دەستیدا، هونەرمەندێکی دەستڕەنگین بووە. ڕۆشنبیرییەکی یاسایی باشی هەبووە. دەستی نوسینی هۆنراوەی هەبووه. لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، خۆی و خاتوو (نەشمیل)ی هاوسەری و (شەوان)ی کوڕی شەهید بوون. هۆنراوەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (دیوانی ساڵح شارەزووری) چاپکراون.
ناوی (ساڵح کوڕی سەعید کوڕی باپیر)ە. ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. باوکی، خەڵکی گوندی (دوازدە ئیمام)ـە. پاش ئەوەی سەرەتایەکی لە خوێندن بڕیوە، هەژاریی زۆری بۆ هێناوه و دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە. چووەتە هەڵەبجە و لەگەڵ کاری بژێویدا، ژیانی ڕامیاری و ڕۆشنبیری هەڵبژاردووە. ئەندامی (کۆمەڵەی ئاشتیخوازان) و (کۆڕی زانیاریی کورد) بووە. چەند کتێبێکی داناوە، لەوانە: (ژن بە ژن "شانۆنامە" شیعری کۆن و نوێ "لێکۆڵینەوە" و پزیشک و پاره "چیرۆک"). لەسەر ناڕەزایەتیی دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس) ماوەیەک زیندانیکراوە. لەبواری نوسینی هۆنراوەدا شارەزاییەکی باشی هەبووە و نازناوی (هەژار) بووە. ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (تاهیر عبدوڵڵا مستەفا)یە. ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. لەساڵی ١٩٥٣ لە قوتابخانەی سەرگەت دەچێتە بەرخوێندن. هەموو پۆلەکانی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و یانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە چەند قوتابخانەیەکی سنورەکەدا، مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دە منداڵە. ژمارەیەک لە شیعرەکانی بە ناوی (شارۆ)وە چاپکراون. ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە، لە شاری سلێمانی بەخاکسپێرراوە.
ناوی (سەلام کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ محەممەد)ە. ساڵی ١٨٩٢ لە گوندی (عازەبان) لەدایکبووە. سەرەتا قورئان و زمانی فارسی خوێندووە و دواتر چووەتە سلێمانی و دریژەی بە خوێندن داوە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەگەڵ چەند کەسێکی تردا (کۆمەڵی زەردەشت)یان دامەزراندووە. ماوەیەک لە هەورامان و هەڵەبجە بووە و ساڵی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە هەڵەبجە فەرمانبەر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی و تورکیشی زانیوە. (چوارینەکانی عومەر خەیام)ی لە فارسییەوە کردووە بە کوردی. هۆنراوەکانی لە (دیوانی سەلام)دا کۆکراونەتەوە و چاپبووە. ساڵی ١٩٥٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.
نوسەر و شانۆکار و شاعیرێکی میللیی هەورامانە. ناوی(جەمال حاجی حەمەوەیس)ە. ساڵی ١٩٦٦ لە بیارە لەدایکبووە. بە شێوازی کۆن و نوێ وە بەهەردوو شێوەزاری هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی شیعری هەیە. ساڵی ١٩٩٤ ئەرشیفی ئەدەبی و دوو دیوانی لە بیارە سوتاون. کتێبێکی شیعری بە ناوی (تۆشێوە هۆرامانی) لە چاپداوە. شیعرەکانی سەیدی هەورامی بۆ کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی وەرگێڕاوە. دیوانێکی شیعریی نوێی هەورامی و دیوانێکی کرمانجی ناوەڕاستی ئامادەی هەیە. لە چەند شانۆ و فلیمێکدا ڕۆڵیگێڕاوە. لە زۆرێک لە ئاهەنگ و فیستیڤاڵەکاندا، بە شیعر و پەخشان بەشداربووە. خێزاندارە و ساڵی ١٩٩٧ چوەتە ئەوروپا و لەوڵاتی هۆڵەندا دەژی.
شاعیری میللی و نوسەرە. ناوی (سدیق حەمەساڵح عوبەید)ە. ساڵی ١٩٤٦ لە سەرگەت لەدایکبووە. لەبەرئەوەی باوکی نەبووە، ساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ یارئەحمەد بەگ دەیخاتە بەرخوێندن. دەرچووی ئامادەییە و بە خولێکی سێ مانگی بووەتە مامۆستای نەهێشتنی نەخوێندەواری و دواتر لە کارگەی جگەرەی سلیمانی دامەزراوە. بەشداری شەڕی ئیسرائیلی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (کورتەیەک لە مێژووی سەرگەت - هەورامان)ـە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.
شاعیر، فارسیزان، کاتبباشییە. ناوى، (سلێمان بەگ، کوڕی عەبدوڵا بەگ)ـە. ساڵی لەدایکبوونى نەزانراوە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر بەگزادەی (میران بەگی)ی ناوچەی (مەریوان). لە سەردەمی باوکییەوە، ھاتوونەتە ھەڵەبجە و ئەمیش وەک باوکی، لە شیعر و زمانی فارسییدا بەھرەی ھەبووە و لەلای (وەسمان پاشای جاف) بە (کاتب فارسی) دامەزراوە. شارەزایی لە قورئان و شەریعەتدا ھەبووە. بە زمانى کوردى و فارسى ھۆنراوەی نوسیوە. لە ھەڵەبجە، ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ئەگەرچی ژمارەیەکی کەم لە ھۆنراوەکانی لەبەردەستدان، بەڵام وەک خۆی وتویەتی، بەشی دوو دیوان ھۆنراوەی نوسیوە. شیعرەکانی لەسەر کێشی عەروزی عەرەبين و لە جۆری دڵدارین. ساڵی ١٩١٩دا لە ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و بە خاکسپێرراوە.
شاعیر، ڕۆژنامەوان و شانۆکار و ژەنیارە. ناوی (سۆران حەمەڕەشید ئەحمەد)ە و بە (سۆران خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ له شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە. کاتێک قوتابی بووە لە(سلێمان)ی، بە ئامێری گیتار و فلامینگۆ لە فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانەکان بەشداریکردووە و لەسەر ئاستی (عێراق) چەند جارێک ڕێزلێنانی وەرگرتووە. وەک ڕۆژنامەوان لە پاش ڕاپەڕین لەگەڵ چەند کەسێکی تردا ڕۆژنامەی (خورماڵ)یان دەرکردووەتەوە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی (خورماڵی نوێ) بووە. ساڵی ١٩٩٣ یەکەم دیوانی شیعری بەناوی (ئەلف) چاپکردووە. بەشداری فلیمی (مەرگی ئەرخەوانی) کردووە. لە ئێستادا لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵه.
شاعیرە. ناوی (محەممەد کوڕی سلێمان کوڕی حاجی سەید مەحموودی هەورامی)یە. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨٤ لە گوندی (خانەگا)ی نزیک (پاوە) لەدایکبووە. سەرەتای خوێندنی ئاینی لە حوجرەکانی هەورامان و شارەزوور بەسەربردووە، تا لەسەر دەستی (مەلا جەلالی خورماڵی) مۆڵەتی دوازدە زانستەکەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. بەکاری کشتوکاڵییەوە خەریکبووە. لە تەمەنی شەست ساڵیدا لەسەردەستی (شێخ عوسمانی سیراجودین) تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووه و بووە بە خەلیفەی شێخ. نازناوی (صەیدی) یان (صەیدی هەورامی) بووه، کە واتای (ڕاووشکار)ی دێت. بە زاری گۆرانی هۆنراوەی نوسیوە و بۆ مەبەستی دڵدارین و لە (دیوانی سەیدی)دا کۆکراونەتەوە و چاپکراون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و بووەتە خاوەنی دوو کوڕ. زۆرجار ناو و بەرهەمی شیعریی ئەم شاعیرە لەگەڵ شاعیرێکی تردا بە ناوی (محەممەد سادق کوڕی سەید عەلی هەورامی) تێکەڵدەکرێت، کە هەمان نازناوی (صەیدی هەورامی) هەیە و لەنێوان ١٤٤٦ بۆ ١٥١٢دا ژیاوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥١ کۆچیدواییکردووە.
شاعیرە. ناوی (مەلا حەسەن کوڕی مەلا قادرى مەلا عەبدولڕەحمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٢ لە (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرە و قوتابخانە خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن، چووەتە بەغداد و ئەستەنبوڵ. ئەندامی (تەعالی کوردستان) بووە. ساڵی ١٩٢٦ گەڕاوەتەوە باشور و لە سییەکانەوە تا ١٩٥٣، وەک قازی لە (ھەڵەبجە، کەرکوک، ھەولێر، چەمچەماڵ) دەستبەکاربووە و بە (مەلا حەسەنی قازی) ناوبانگی دەرکردووە. ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. زمانی فارسی و عەرەبی زانیوە. سەرەتا نازناوی (شایق: شاهق) بووە و دواتر بووە بە(شاھۆ). لە مانگى ٦ى ١٩٧١ کۆچیدواییکردووە و لە (بیارە) بەخاکسپێرراوە. دیوانەکەی بەناوی (ديوانى شاهۆ) چاپبووە.
کوڕی فایق بێکەسی شاعیرە. ساڵی ١٩٤٠ لە سلێمانی لەدایکبووە، بە منداڵی، لەبەرئەوەی باوکی مامۆستا بووە لە عەبابەیلێ، بۆیە لە هەڵەبجە ژیاوە. لە پڕ_بەرهەمترین و شاعیرە داهێنەرەکانی کوردە. بە شداری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کردووە و بۆ شۆڕش و کۆست و مەرگەساتەکانی نەتەوەکەی شیعری نووسیوە. ماوەیەک وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم بووە و دەستی لەکار کێشاوەتەوە. ئەندامی پەرلەمان و یەکێتیی نوسەرانی کورد و سوید بووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. چەن شانۆنامەیەکی نووسیوە و چەند بەرهەمی وەرگێڕراوە. خاوەنی شیعری (١٦ی مانگ) بووە بۆ هەڵەبجە و لە دەربەندی پەپولەدا هەڵەبجە و کیمیابارانی لە یادی هەموواندا هێشتووەتەوە. خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکردووە و لە پارکی ئازادی لە سلێمانی نێژراوە.