مهاباد کامیل عەبدوڵا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
ئەکادیمی و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە شێوەزاری هەورامیدا بەدەستهێناوە. ماوەی ٢٥ ساڵ لە زانکۆکانی: سلێمانی، گەرمیان، چەرموو و هەڵەبجە خزمەتی زانستی کردووە. ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی فەرەنسا دبلۆمی باڵای زانکۆیی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی مارک بلۆغ بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکاربووەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لەزانکۆی سلێمانی لە بواری زمان و شێوەزاری هەورامی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٢٢ وەک یەکەم مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری وەرگرتووە. ئەندام و سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس و ڤێستڤاڵەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان بووه. ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ڕێکخراوی زمانناسی لەشاری هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. ساڵانی ٢٠١٧ -٢٠١٩ بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆی سلێمانی بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسییش دەزانێت. پانزە توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە باوەرپێکراوەکاندا بڵاوکردووەتەوە. وەک یەکەم ژن کە سەرۆکی زانکۆ بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق ساڵی ٢٠١٩ بووە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوامبووە.
سەرچاوەکان:
- نامەیەکی (مهاباد کامیل) بۆ ئامادەکار، لە ٣ی ١٢ی ٢٠٢٢.
- چیرۆکەکانی شار، کۆچەر میرزا، کتێبی چوارەم، چاپخانەی ڕێدار، ٢٠٢٤، ل٢٥٥-٢٦٠.
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق