گوێزەبان: وەزەبان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


شایی و ئاهەنگ و موژدەدان و بەشکردنەوەی شیرینییە، بە زۆری لە کاتی لە دایکبوونی منداڵی نێرینەدا کراوە. لە هەورامان گوێز لەبری شیرینی بەسەر ئامادەبووندا دەبەخشرێتەوە یان دەنێررێت بۆ ماڵان. زیاتر لە بۆنەکانی (گەڕانەوەی کاروان، هاتنەوەی حاجیان، چاکبوونەوەی نەخۆش، بوون بە گەورەیی و ئەنجام بەدەستهێنانێکی گەورە، لە دایکبوونی منداڵ دوای چەند ساڵ لەدایکبوونی برای کچان... هد) ڕێکدەخرێت. لە هەوراماندا (وەزەبان)یشی پێدەوترێت.

سەرچاوەکان:

  1. کوردەواری، دانراوی : عەلادین سەججادی.چاپی یەکەم. بڵاوکەرەوەی کوردستان، سنە ٢٠٢٠ ل ٤٤.
  2. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل١٦٣.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەختەر حەمەساڵح حەمەسەعید)، لەدایکبوو: ١٩٥٠، لە ١٤ی ٣ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

بالۆکەلابردن

لابردنی گۆشتی زیادەی لەشە، کە بە شێوەی بالۆکە دەرکەوتوون. بێجگە لە دەرمانی گیایی و چەند شتێکی تر وەک چارەسەر لە ڕێگەی باوەڕی خەڵکیشەوە پەنا بۆ لابردنیان براوە. لەوانە: لێدانی میزی خۆی، هاڕاوەی تەباشیر، شیری چەند ڕووەکێک، بادانی پژ و لقی داری تەڕ، کە کەسێکی تر، لقەکان بادەدات و بۆ کەسی بالۆکەدار، یان هێنانی سپڵێک و دەنکە جۆ، یان گەنم بەژمارەی بالۆکەکان، دەنکە جۆکان دەچەقێنرێن بەسپڵەکەدا و پاشان لە شوێنێک کەس نەزانێت سپڵ و جۆکان دەشاردرێنەوە.

بەبۆن کەوتن

باوەڕ و نەریتیی ناوچەکەیە. نەخۆشکەوتنی منداڵی ساوایە. لە بیروباوەڕی خەڵکی ناوچەکەدا وا دەوترێت، کە بۆنیکی تیژی عەتر و دەرمان بەریکەوتووە. لەبەرئەوە لە کۆنەوە بیر لە چارەسرکردنی کراوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستە چەندین ژنە حەکیم کاریان بۆ کردووە. بە زۆری لە خەنە و مادەیەکی تری وەک زەنجەفیل، گژنیژ، قاوە.. هتد بەکارهێنراوە. منداڵی بەبۆنکەوتوو تێکەڵ بە منداڵی تر نەدەکرا هەتا چاک بووەتەوە. هەتا ئێستاش وەک چارەسەرێکی کوردی باوی هەیە.

بەردی بەخت و شیفا

باوێکی ناو ژنانی کوردەوارییە، لە چوونە سەر مەزار و گۆڕی شەخس و پیاوچاکاندا، تاقیکردنەوەی بەختە لەڕێگەی باوەڕداری خەڵکەوە لە پێوەلکاندنی بەرد بە دیوار و کێل و و مەزاری پیاوچاکانەوە بۆ جێبەجێبوونی نیازی دڵ، یان هێنانی بەردەکە بە دیوار و گومەزدا، یان هەڵدان و مانەوە و لادان بۆ لای هەندێک بەرد. بە هیوای بەختی باش یان چاکبوونەوەی نەخۆش، بەم بەردانە وتراوە مراز حاسڵ، یان زیادکردنی فەڕ و پیت. لە ناوچەی هەڵەبجە و هەوراماندا بەم جۆرە پەیڕەوکراوە. وەک: هێنانی بەردی بچکۆلە بە دیوارە بەردی وشکە کەڵەکی گۆڕی شێخ مۆمن لە گوڵانی سەرووی هەڵەبجە لەلایەن کچانەوە. دانانی منداڵی ئیفلیج و لازەبوون لە چاڵی بەردەقنجەکەی نێوان کانی شێخ و بامۆکدا. سوڕانەوەی بووک بە دەوری بەردی (بووکە ڕێ)دا لە نزیک گوندی عەبابەیلێ پێش ئەوەی ببرێتە ماڵی زاوا، بە هیوای بەختی باش و دامەزراندن. بردنی سەری نەخۆش بە کونی بەردەکەی ئیمام قاسمدا لە گوندی عەبابەیلێ. بەرد خستنە ناو مەشکە، یان ناو کەنووی ئارد بۆ زیادکردنی دۆ و پیتی ئارد، وەک لە هەورامان بە بەردی پیرشالیار و سیرەکۆ لە ناوچەی هاوار دەکرێت.

بەڕێکردنی مردوو لای یارسانەکان

کەسی مردوو لە ئایینی یارسانیدا بە گوێرەی ئەرک و نەریتی ئایینی یارسان، چەند قۆناغ و ڕەسمێکی هەیە. لەوانە: ١- سروودی مردووشتن (دوعای غوسڵی مەیت): پەیوەندی بە مردووشتنەوە هەیە. ئاماژە بە ئاوی پیرۆزی تەشار کراوە و لە ڕووی ڕاستییەوە پاکبوونەوەی مردووەکە بەستراوەتەوە بە ئاوی تەشارەوە. سەرئەنجام ئەم دوعایەی بە ناوی پیربنیامینەوە تۆمارکردووە: سەرەتاکەی بەم جۆرەیە: پاکیان پاک با، جەی جامە و جەستە پاکیان پاک با، ئی ئاوە پەی نیەت حەیات بۆ ئەحیا، ئی پۆستەو سیفات زندەگیش ئارا، ئی ئاومان مجی وەسەر سیفاتی، پەی قاپی ڕۆحش باقیش حەیاتی، جە هەزارویەک دۆن بونیش نەجاتی، ئاسودەگیش بۆ جەی ڕای مەماتی. ٢- دوعای تەلقینی مردوو: پاککردنەوەی باوەڕداری مردووەکە و شایەتیدان لەسەر ئاییندار بوونی. نزاکردن و داوای هیممەت بۆی. بەم جۆرەیە: ئامین ئەو باقی، ئینا قاپ ڕۆح ئامین ئەوباقی، سەسپەردەی شەرت کەوسەر ساقی، ڕۆحش نە عالەم زەڕی بی باقی، وەکردار پاکی وەیەقین ساف، نەی فانی پڕ فەن نەکەردەن خیلاف، نەژێر بەیداخ هەفت لالە نوری، پیرش بنیامی نە گرد ئومووری، چون کردەش هەنەن نە لەوح ئەخزەر، بە یان وە ئیمداد داودەو ڕەهبەر، حازرەن وە حزور سوڵتان سەروەر، خەڵات باقیش جەیگا کەردنەوەر... ٣- دوعای خاکسپاری مردوو: یادخستنەوەی مردوەکە و چۆنیەتی وەڵامگۆیی لە خاکدا و لاڵانەوە و تەیکردنی ڕێگە و تەجەلا و دووبارە هاتنەوەی بۆ دونیا و پۆشینی پۆشاکی نوێی.. هتد. بەم جۆرەیە: وەشەرت و ئیقرار، بەرگت پۆشەنان وەشەرت و ئیقرار، بلە وە پابوس سوڵتان سالار، نازەو ناز ڕەوا جە پەروەردگار، و ئەرکان خاس وە گەردەت لار، وە غوسڵ باتن تەیب و تەیار، وە سەر سپردە دەست وە کردار، بلاڵە وەعجز بواچە وە زار، بگێرە دامان پیر بوردەبار، سەلام دە وە نویر شای خاوەندگار، دەهەن بشکاوە زوان کەر وە مار، ئیقرارت باوەر جە لای ساحێبکار، پەرێ ویەردەت بلاڵە ژ ئەو، هەتا وەکردەی وێت بکەرۆ سەوەو.

بەسیای: بەستن

نەیاریکردنی زاوایە بەوەی، کە ئەو کچەی بردوویەتی نەتوانێت بیکات بە ژن، بۆ ئەو مەبەستە کەسی نەیار لە سەروەختی مارەبڕینەکەدا گرێی لە بەن یان دەزوویەک، یان نینۆکگر و چەقۆیەکی نوقاندووە، یان هەر شتێک لەو بابەتە، کە بەستن و کردنەوە، یان داخستن و کردنەوەی ویستبێت، لە دەرئەنجامی ئەم بەستنەدا شەوانی پەردە لە زاوا تێکدراوە، باوەڕەکە کاریگەری دەروونی لە بیرکردنەوەی خەڵکیدا بەجێهێشتووە و چەند ئاهەنگێکی پێ هەڵوەشاوەتەوە. لەناو فۆلکلۆر و گۆرانی میللیشدا ڕەنگیداوەتەوە. لە زۆربەی کوردەواریدا باوبووە و لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوریشدا چەندین چیرۆک لەو بارەوە هەن. بۆ چارەسەر پەنا براوەتە بەر نوشتە و سەردانیکردنی کەسانی جادوباز. ناوبانگی هەندێک لەوکەسانە لەناوچەکەدا بڵاوبووە.

بەهارە کۆچ و هەوارگەکانی بەمۆ

ساڵانە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا خەڵکی گوندەکانی بناری بەمۆ، بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و زۆربوونی مێشومەگەز و مارومێروو، گوندەکانیان چۆڵکردووە و کۆچییانکردووە بۆ هەوارگە فێنکەکانی بناری کەژەکان و مەنزڵیان بردووەتە سەر کانیاوەکان. لەبەر ئەوەی ئەم کۆچکردنە لە وەرزی بەهاردا دەستیپێکردووە، پێیوتراوە بەهارە کۆچ. لە گرنگترین ئەو کانیاو و هەوارگانەی، کە بەهاران خەڵکی گوندەکان ڕوویانتێکردوون: کانی پانکە، کانی خۆشک، سەوەردە، گەچێن، زریسکێ، دارەکونجە، کەڕەگڵ، بنگوێز، ڕەیسان، هێجەڵە، میرزالە، چناردۆڵ، پەڵگژێ. شایانی باسە هەر عێلێک چ لە گەرمیان و چ لە کوێستان لە ڕابردوودا هەواری تایبەت و شوێنی دیاریکراوی خۆی هەبووە. لە ناو هۆزی جافدا کۆچ و کۆچبار وەک نەریت ڕێگەو ڕێچکە و دەستوری کار و بەرپرسیاریەتیی خۆی هەبووە.