گوێزتەکاندن: وەزشای: شەنیەری
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
چەند کارێکی ئاوێتەی پێکەوەییە. دوای دڵنیابوون لە پێگەشتنی بەری دارگوێز لە ناوچەی هەوراماندا دەستپێدەکات، یەکەمیان بریتییە لە تەکاندنی دار گوێزەکە، لەڕێگەی دارێکی سفتوسۆی درێژەوە، کە لەچنار ئامادەی دەکەن و پێیدەوترێت شەنە و بەو کەسەی کارەکە ئەنجامدەدات و بوێری سەرکەوتنی بە گوێزەکاندا هەیە، دەوترێت شەنیەر و بە پیشەکەش دەوترێت شەنیەری. پێویستە شەنیەر توانا و سەلیقەی هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی تەکاندندا کەمترین ئازار بەدارەکە بگات. کرێی شەنیەری لە هەموو پیشەکانی تر زیاترە، زۆرجار لە هەوراماندا ڕۆژانە بە نرخی فرۆشتنی هەزارێک لە گوێز مەزەندەکراوە. لەبەر سەختیی کارەکەی لە فەرهەنگی هەوراماندا وتراوە: هەتا ئەوکاتەی وا بەسەر دارەکەوە تەڵاقی نییە. لە مێژووی ناوچەکەدا چەندین کەس بەو کارە بوونەتە قوربانی و ژیانیان لەدەستداوە. گوێزتەکاندن لەکاتی پێگەشتن و ترەکینی توێکڵی گوێز دەستپێدەکات، کە پێیدەوترێت (وەزترەکای - گوێزترەکین). ئەمەش لە باخێکەوە بۆ باخێکی تر بە گوێرەی جۆری دارەکە و شوێنی باخەکە دەگۆڕێت. بە گشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستپێدەکات، بەو کاتەش دەوترێت تەقەشەنە. دوای تەکاندنی گوێزەکان دەستدەکرێت بە کۆکردنەوەی گوێزەکان و کۆماکردنیان لەشوێنێکدا بۆ لێکردنەوەی توێکلەکەیان، کە جاران بە زۆری لە ڕێگەی گەلکارییەوە بووە، پاشان گواستنەوەیان بۆ هەڵخستن و زڕبوونەوە و جیاکردنەوە و ژماردنیان دەگوازرێنەوە بۆ ماڵ. دوای وەرزی کارەکە و دەستهەڵگرتنی باخەوان لە باخەکەی، خەڵکی تری ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی گوێزە ونبووەکان، کە لە کاتی گوێز کۆکردنەوەکەدا بە جێماون، یان ئەو گوێزانەی بە دارەکەوە نەکەوتوون، ڕوو دەکەنە باخەکان و گوێزەکان بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، بەو کارەش دەوترێت شارۆ. لە هەوراماندا بایەخی خۆی هەیە و ڕێگە پێدراوبووە و زیاتر بە سەیران و گەشت دەچێت.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٥٣ – ٤٥٤.
- هونەری ژیان لە هەوراماندا، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ل٦٧-٦٨.
- گۆڤاری (هەورامان)، ژمارە ٣٤، ٢٠١٦، ل١٢٩.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (حەیدەر مەجید فەتاح "حەیدەرە سوور")، لەدایکبوو: ١٩٦٢، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: شەنیەر/ بەڕێوەبەری چاکسازی کارەبای تەوێڵە، لە ٢ی ٢ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم