کۆڵبەری

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


پیشەیەکی کۆنە، هێنان و بردنی کاڵای ڕەواجدارە لە عێراقەوە بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە، هەتا ئێستاش بەردەوامە و لە سنورەکاندا بایەخی هەیە، لە مەرزەکانی هەورامان بە تایبەت تەوێڵە لە هەردوو ڕەگەزەکە هەن، بە پێی هەلومورجی ناوچە سنورییەکان لە مەرزێکەوە بۆ مەرزێک دەگۆڕێت، لەڕێگا پیادەڕەو و سەختەکانی نێوان هەورامانی دیوی عێراق و ئێران لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینەوە سەرچاوەی ژیان بووە. ڕێگەکانی کۆڵبەری ناسەلامەتن و ژیانی کۆڵبەرەکان دەخاتە مەترسییەوە لەو پێناوەدا کۆڵبەران بوونەتە قوربانیی کارەساتە سروشتییەکان و هەڕەشە و پەلاماری هێزەکانی سنوری وڵاتەکان. بووەتە کەیسێکی مرۆیی و چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و کاری مۆسیقی و بەرنامەی لەسەر کراوە. وەک پرۆژەیاساش چووەتە پەرلەمانی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا کۆتاییپێنایەت: ڕێگەکانی بیارە، هانەگەرمڵە - تەوێڵە دزاوەر - شۆشمێ، هاوار، سازان، دەگاشێخان، مڵەوەرد... هتد کۆڵبەریان تێدادەکرێت.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانیکردنی مەیدانی ئامادەکار بۆ لای کۆڵبەرەکانی (پشتی حەوز، گەڕیات)، لە ٢ی ١ی ٢٠٢٤، لە تەوێڵە.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مەنسور ڕەسوڵ عەبدولکەریم)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کارمەندی فەرمانگەی ئاو، لە ١٠ی ٢ی ٢٠٢٤.
  3. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (گەردوون ڕۆستەم مستەفا)ی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی تەوێڵە، لەدایکبوو: ١٩٨٢، بڕوانامە: دبلۆمة لە ٢٢ی ٣ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاژەڵداری

پیشەیەکی دێرین و ئێستای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیە. بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵی گەورەیە بەمەبەستی دەستخستنی سەرمایە و قازانج لە بەرهەمەکانی شیر و گۆشت. ئاژەڵداری یان بە تەنیا دەکرێت، یان چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاژەڵ دەکڕن و پێکەوە سەرپەرشتی بەخێوکردنی دەکەن. دەشێت شوان و گاوان و سەرپەرشتیکار بۆ ئاژەڵدارییەکەیان بگرن و دەشکرێت خۆیان بە نۆرە کارەکانی ئیشەکە بەڕێوە ببەن، لە مەترسییەکانی ونبوونی ئاژەڵ و پەلاماری گەلەگورگ پارێزگاریان لێبکەن. شوێنی تایبەت لە مۆڵگە و لەوەڕگای تایبەت بە خۆیان هەیە، بە کەسێک دەوترێت ئاژەڵدار کە لە حەیوانی وردە ٣٠سەر و لە ڕەشەوڵاخ ١٠ سەر زیاتری هەبێت، وردەکە ساڵانە دووجار بەر و گەورە جارێ بەر دەدات. لە ئێستادا دەبێت ئەوانەی بەو پیشەیەوە خەریکن، لە دەرەوەی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوون ئاژەڵداری بکەن. چاودێریی دروستی ئاژەڵەکانیان بکەن و لە نەخۆشیاندا چارەسەریان بۆ وەرگرن.

ئەستێرەوان و ئەستێرەگەڕ

ناسین و ناولێنان و زانینی بەراورد و جوڵە و دەرخستنی ڕەوش و کاردانەوەی دیاریکردنی کات و شوێنی هەڵهاتن و ئاوابوون و پەیوەندیان بە وەرز و نەریت و جوڵەی ژیان و باوەڕەوەیە. بەو کەسەی ئەو چاودرێرییە دەکات و شارەزایی هەیە دەوترێت (هەسارەناس، ئەستێرەناس). لەناوچەی هەڵەبجە بە گشتی و هەورامان بەتایبەتی، کەسانی شارەزا هەبوون، کە بە زانیاری و ئەزمونەکانیان، کات و وەرزی کاروان و ڕاوکردن و سەفەر و چاندن و چەندین نەریتی ئایینی و بۆنەیان دیارییکردوە. بۆ نمونە کات و شوێنی دەرکەوتنی ئەستێرەی کاروانکوژەیان سەرنجداوە، ئەستێرەی بەیان بۆ ڕاوکردن و گەلاوێژ بۆ فێنککردنەوەی گەرما و سیوەیل بۆ میوەگەیین و... هتد. هەندێکجار وەک شارەزای بەخت بۆ زانینی شتی نادیار بەکاربراوە. گۆرانی و فۆلکلۆر و شیعری نوسراوی ناوچەکە بەڵگەی بوونی شارەزایی و ئەستێرەناسی دەدات.

باخدارى

لە پیشە سەرەکییەکانی دانیشتوانى ناوچەکە و بەتایبەتی هەورامانە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەدان‌ باخی تێدایە. سەرەڕای سەختى و بەردەڵانى و کەمیى زەوی‌، دانیشتوانەکە پەنا بۆ (تەڵانکردن)‌ی زەوییەکان دەبەن و ئەمەش دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە و هەورامان بەخشیوە. بە زۆری بەرهەمى باخەکان بریتین‌ لە: (توو، گوێز، ترێ، هەنار، هەرمێ، هەنجیر، هەڵوژە، قۆخ، قەیسى و بەهێ). به ‌تەڕى و بە وشکراو‌ى دەفرۆشرێن و بوون‌ بە سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنەکانیان. لە قەدپاڵى شوێنە بەرزەکانیشدا‌ (ڕەزە دێم) دەکرێت و ترێى ڕەشی ناوچەکە بەناوبانگە.

بازرگانی

لە ڕۆژگاری کۆن و نوێدا، پیشەی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بووه. کڕین و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و شمەکی هەمەجۆرە بە مەبەستی دەستخستنی سەرمایە و سەرچاوەی بژێوی. دەکرێت لە ناو خۆی یەک شاردا بکرێت و دەشکرێت بازرگانی لە دەروەی شار و وڵاتیش بکرێت و پیشەکە لە پڕۆژەی بچووکەوە بکرێتە پڕۆژەی گەورە. ئاڵوگۆڕەکە برتییە لە کاڵای نێرراوی شوێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و هاوردەی شمەک بۆ ناوەوەی. لە هەڵەبجە و هەوراماندا چەندین بازرگانی بە ناوبانگ هەبوون بۆ کاکڵە و گەنم و توتن و لۆکە و خوری و پێستەو چەرەسات و قوماش و کڵاش و وشکە و کەرەستەی بیناسازی و.. هتد. بازگانی چەند جۆرێکی هەیە، بازگانی کۆ (جوملە)، وردە، دانە. لەکۆنەوە بەهۆی پێگەی جوگرافیی هەورامان لە سەر ڕێگەی شارەزور هەمەدان و پاشانیش نێوان عێراق و ئێران، پیشەکە برەوی هەبووە و گەلێک بازگانی بەناوبانگ لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوردا دەرکەوتوون.

بانگوش

لە جاراندا باو بووە و ئێستا نەماوە یان زۆر کەم بووەتەوە. کەسێکە لە بەرامبەر هەقدەسێکدا بانگوشی دەکات و بە باگردێن سەربان دەگێڕێت و دەکوتێتەوە. هەتا سەقفەکە لە دەڵاندنی ئاو و دڵۆپەکردن بپارێزێت. مزگەوت و خانەقاکان و ماڵەگەورەکان، بانگوشی خۆیان هەبووە.

بەنایی

پیشەیەکی تەلارسازی و خانو و پرد دروستکردنی ئەندازەیی پێشکەوتوو بووە لە هەوراماندا، کە بیناسازییەکەی سەرنجی دەرەوەی ڕاکێشاوە. وەستاکانی ئەم پیشەیە بە کەرەستە و پێداویستیی سادە لە بیناسازییە جوانەکانی کوردستاندا، بەشداربوون. دیارترینیان دیواردانانی وشکەکەڵەک بووە.