یۆسۆ ئاسکە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
مەتەرێزێکە لە پشت باخی ئەمین چاوشەوەیە لەبەردەم گردەو بەرامبەر قەڵای خان لە گوندی (زەڵم). بەسەر بنی پەڵگ لەسەروی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوادا دەڕوانێت. دەوترێت مەزاری شاعر و دەنگخۆش یۆسۆ ئاسکەیە، لە نێو دیوار و شوورایەکدایە. یوسف ئاسکە یان یۆسۆ یاسکە (١٥٨٦-١٦٣٢) وەرگێڕ و شاعیر و سیاچەمانەچڕی دەرباری خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان بووە. بەناوی دایکییەوە ناسراوە، ژیانی داستانی ئەوینداری زێڕین کڵاو (کڵاو زەڕخاتوون)ی ژنی خانی پێوە بەستراوە، لە داستانی حەزرەتی یوسف دەچێت، لەئەنجامی دەم لێدانی نەیارانی و هەڵبەستنی ئەو ڕازە، ڕاستیی پەیوەندیەکە، ئاشکرا دەبێت و خان ئەحمەد، شەوێک لە قەڵادا هەڵیدەواسێ و لاشەکەی دەخەنە دیوارێکەوە، یان دەوترێت، بە زیندوویی دەیخاتە نێو دیوارێکەوە لەبەرامبەر قەڵای زەڵم و خۆرهەڵاتی چەمی زەڵمەوە. لە زۆرێک لەسەرچاوەکانی مێژووی ئەدەبدا ناوی هاتووە و چەندین هۆنراوەش دەماودەم چیرۆکی کوشتنەکەی دەگێڕنەوە. هیچکام لە ڕاستی و دروستیی ئەم ڕازانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد یاسین محەممەد ئەمین)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: خانەنشین، لە ٦ی ٢ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەلی حاجی زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
- کەشکۆڵە شیعرێکی کوردی (گۆڕانی) گردەکۆیی: شێخ عبدالمۆمنی مەردۆخی، ساخکردنەوەو سەرەتا نوسینی: ئەنوەری سوڵتانی، چاپی یەکەم، لەندەن، چاپخانە: Redwood Books، ١٩٩٨، ل١١٨-١١٩.
- مێژووی وێژەی کوردی، سدیق بۆرەکەیی، بەرگی سێیەم، چاپی دووەم، هەولێر، ٢٠٠٨، ل٣٥٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم