جاف
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
هۆز و عەشرەتی جاف گەورەترین عەشیرەتی باشوری کوردستانە. ساڵانە بەپێی وەرزەکان گەرمیان و کوێستانیان کردووە، چونکە عەشیرەتێکی کۆچەری بوون و بەدوای لەوەڕگادا گەڕاون بۆ ئاژەڵەکانیان، زستانان لە ناوچەکانی گەرمیان، بەهاران لە قەرەداغ و شارەزوور بوون و هاوینانیش چوونەتە پێنجوێن و هەتا کوێستانەکانی مەریوان و سنە ڕۆیشتوون، ئەوەش سەرئێشە و گرفتی زۆری بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجار و خەڵکانی نیشتەجێی ئەو ناوچەیەی، کە پیایدا تێپەڕیون، دروستکردووە. لە سەدەى حەڤدەيەم و پێشتریش لەسەر بنەماى کۆچەرى دەژيان و گەرميان و کوێستانيان کردووه و ناوەندى سەرەکيیان شارى جوانڕۆ و ئەو هەرێمە بووە، کە ئەمڕۆ دەکەوێتە نێوان هەڵەبجە و کرماشانەوە. ڕۆڵی بەرچاویان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا هەبوووە، بە هێزترین هێزی مرۆیی بوون. لە بەڵگەنامەکانی سەفەوی و پەهلەوی و قاجاری و عوسمانی و ئینگلیزدا چ وەک هۆز و چ ناوی پاشا و سەردارەکانیان هاتووە. ملکەچى هيچ يەکێک لە دەسەڵاتدارانی سیاسی ناوچەکە نەبوون، تا ڕێکەوتننامەى زەهاوى ساڵى ١٦٣٩ لە نێوان عوسمانى و سەفەويدا مۆرکرا و بەپێی ڕێکەوتننامەى عەشيرەتى جاف لە نێوان هەردوو دەوڵەتى عوسمانى و سەفەویدا بەسەر چوار بەشى سەرەکيدا دابەشکرا:
١-جافى زەينەدينى: هاروونى: سەر بە ئێران بوون و بەڵام ئەمڕۆ پاشماوەیەکی ئەوتۆيان لێ نەماوەتەوە، تەنها هاروونيەيەکان نەبێت، کە شوێنى نيشتەجێبوونيان بەزۆرى دەکەوێتە پارێزگاى هەڵەبجە و ناوچەى گەرميانەوە، بەتايبەتى لە دەربەنديخان و شارۆچکەى پێباز (باوەنوور).
٢- جافى جوانڕۆ: جافى (زەهاو)يشيان پێ دەوترێت. لە باکورى خۆرئاواى ئێران، لە کرماشان و سنە و بەشێکيشيان دەکەونە باشورى کوردستانەوە. واتە هەر لە گوندەکانى خانەقينەوە هەتا دەگاتە هەڵەبجە و ناوچەى هەورامانى لهۆن، تيرەکانى بەرچاو دەکەون، لەوانە : قادر ميروەيسى، نێرژى، کۆکۆيى، زەردۆيى، تايشەيى، بێيانى...تاد.
٣- جافى مورادى: دەکەونە باشورى کوردستان (کوردستانى عێراق). هەر لە گەرميانەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانى ئەمديو. بەشێوازێکى چڕ و پڕ لە دەوروپشتى شارەکانى هەڵەبجە و کەلار و کفرى نيشتەجێن.
٤- جافى گۆران: بەشێک لەو جافانەى، کە لە ناو ئيراندا مابوونەوە، ڕۆيشتوونەتە ناو (گۆران). بەشێکيشيان دەکەونە ناو سنوری باشورى کوردستانى ئەمڕۆوە، بەتايبەتى لەو گوند و دێهاتانەى دەکەونە سنوری قەزاى خانەقين و هۆرێن و شێخان، لەگەڵ ناحيەى قۆرەتوو و مەيدان. ديارترين تيرەکانى ئەمانە بريتين لە: قادر ميروەيسى، تايشەيى، قەڵخانى، يوسف يارئەحمەدى، کويک، نێرژى (نێرژەيى)، کرکايش (گورگ کايش).
سەرچاوەکان:
- گۆڤارى (پەيڤين)، کەلار لە مێژوودا، هۆزەکانى ناوچەى کەلار و دەوروبەرى، ئەحمەد باوەڕ، ئازارى٢٠٢٢، ل١٦٩-١٧٤.
- تەئريخى جاف، لێکۆڵينەوەى د.حەسەن جاف، کەريم بەگى فەتاح بەگى جاف، چاپى يەکەم، ١٩٩٥، ل٢٣-٢٤، ١٢٤- ١٤٩.
- سيسيل جۆن ئيدمۆندس: کورد تورک عەرەب، و: حاميد گەوهەرى، چاپى دووەم، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٤، ل١٨٢.
- هەڵەبجە ١٨٨٩-١٩٣٠، عادل صديق عەلى، چاپى يەکەم، کۆمپانياى چاپ و پەخشى نوسەر، پڕۆژەى تيشک (٢٨)، ٢٠٠٨، ل٣٣-٣٤، ٥١-١٧٢.
- مێژووی هۆزی جاف و مەحموود پاشای جاف، حەسەن فەهمی بەگی جاف، چاپخانەی دێکان، ١٩٩٩، ل٣٩-٥١.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی