مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

31 بابەت

گەزنە

جۆرە گیایەکە. نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. مووی تیژی پێوەیە و خارشتدارە. گوڵی نێر و مێی هەیە. لە نێوان تەمووز و ئەیلولدا گوڵدەکات. لەناوچەکەدا ناسێنراوە. چارەسەری چەند نەخۆشیەکی وەک (گورچیلە و پرۆستات و شەلەل و تەنگەنەفەسی و. . هتد) پێکراوە. کوردەواری بایەخێکی زۆری بەم ڕووەکە داوە.

گنۆڕ

گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.

گوڵەفەقێ

گیایەکی بەهاریی بەربڵاوی ناوچەی شارەزور و هەڵەبجە و هەورامانە، پەلەکانی سپین و ناوەڕاستیان هەڵاڵەی زەردە. نزیکەی ٢٠-٣٠ سم بەرزە، لە کۆنەوە وەک گیا دەرمانی ناسراوە و چارەسەری گەلێک نەخۆشی پێدەکرێت. لە بەر ئەوەی شێوەکەی و زۆرییەکەی لە جلوبەرگ و کڵاو و جامانەی فەقێ دەچێت، بە گوڵە فەقێ ناسراوە. وشکدەکرێتەوە و لە بازارەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا فرۆشی هەیە.

گونەسەگانە

گیایەکی خشۆکی تەمەندرێژە. قەدی لوولەییە، ڕەگی سەلکدارە. گەڵاکەی لەتیغ دەچێت، گوڵەکەی لە زوڕنا. ڕەنگی ژەنگدارە و پەڵەی زەردی پێوەیە. لە مارتەوە بۆ نیسان گوڵدەکات. بەرەکەی لە بەری لفکەشامی دەچێت. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لەبەرزایی (٩١٤م) دەڕوێت. لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا هەیە. (مارسکە) و (پێکەلەشێر)شی پێ دەوترێت.

گۆزروان

گیایەکی تەمەندرێژی گەورەیە. نزیکەی یەک مەتر بەرزە. گەڵاکەی زبر و دڕکاوییە، شێوەی هێلکەیی یان ڕمییە، گوڵەکەی شینە، ڕەگ و گەڵاو گوڵە وشککراوەکەی لە بازاڕەکاندا هەیە. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لە دەرمانگەی میللیی هەوراماندا وەک دەوا لە کۆنەوە بەکاربراوە.

گیواوڵە

گیایەکیا وردی ناو دەشتە. لە بارانی دوای پەڵەوە سەوزدەبێت و هەتا سەرەتای بەهار دەمێنێتەوە. کۆکردنەوە و هێنانیان لەلایەن ژنانی‌ سنوری هەڵەبجەوە‌ وەک نەریتێکی لێهاتووە. پاش پاککردن و زەردکردنی، بە شلە لەگەڵ: ڕووبەهەنار و هەناردا لێدەنرێت، یان لەگەڵ هێلکەدا سوردەکرێتەوە و دەخورێت.

ھاڵەکۆک

ڕووەکێکی خۆڕسکى ناوچەکەیە. سێ و چوار پەلکی پانی ھەیە، کە زۆر لە زەوی جیانابنەوە. سەلکێکی بە ئەندازەی بەڕوویەکی هەیە و نزیکەی حەوت سانتیمەتر لە زەویدایە. جیاوازی لەگەڵ (وشیرکوتک)دا لەوەدایه،‌ کە ئەم سەلکەکەی بەڕوولەیی و درێژترە. (ئاڵە کۆک)یشی پێدەوترێت.

هەلامە

گیایەکی بەهارییە. بە زۆری لە چەم و تەڵان و نزار و چیاکانی هەوراماندا دەڕوێت، بە ڕادەیەکی کەم لەگەڵ گیاوردەڵەدا تێکەڵدەکرێت. زۆر خواردنی مرۆڤ تووشی سکچوون دەکات. لەبەر ئەوە وەک دەرمان بۆ قەبزی بەکاریدەهێنن. لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بایەخی جیاوازە. میلۆدییەکی هەورامی بەناوەوە ناونراوە.

هێرۆ

گیایەکە لە بنەماڵەی تۆڵەکەیە. بەلام گەڵاکەی پان و گەورە و کوڵکنە. ساقەکەی هەتا دوو مەتر بەرزدەبێتەوە. گوڵکەی لە شێوەی ڕەحەتیدایە، سوور و سپی و پەمەییەکەی لە دەرودەشت و لاپاڵەکانی هەڵەبجە و هەوراماندا بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێت. گەڵاکەی بە ناسکی لەگەڵ یاپراخدا دەپێچرێت. لەکۆنەوە لای حەکیمانی ناوچەکە وەک گیایەکی دەرمانی ناسراوە و ڕەگ و گەڵا و گوڵ و تۆوەکەی بە شێوازی جیاجیا لەگەڵ سرکە و زەیتون و کبریت و ئاردی جۆ و..هتد ئامادەکراوە و چارەسەری چەندین نەخۆشی پێکراوە. لەوانە: جۆرێک لە بەڵەکی، لووی نێوان پێست و گۆشت، میزگیران، درەنگ_هاتنە دەرەوەی منداڵ، کۆڵنج، مار و دوپشک پێوەدان هەڵامەت و تەنگەنەفەسی، فێ و گرانەتاو..هتد. گەڵا و گوڵەکەی لە هاویندا بە تازەیی لێدەکرێتەوە و لە سێبەردا وشکدەکرێت، ڕەگەکانی لە پاییزدا هەڵدەکەنرێن و دەشۆردرێنەوە و هەڵدەگیرێن. (هەرمەڵێ)شی پێدەوترێت.

وەرکەمەر

گوڵێکی سروشتیی خۆڕسکە، گوڵی زەردی پێکەوە بەستراو و دانە وردی لە شێوەی چەتردا هەیە. لەشاخەکانی هەوراماندا، دەڕوێت. لە کۆنەوە هەورامییەکان بۆ جوانی و بۆنخۆشی و دەرمان ناسیویانە، بە بەهاوە سەیریانکردووە و بۆ دیاری و پتەوکرنی پەیوەندیی خۆشەویستی هێناویانە، چووەتە نێو گۆرانی و شیعری شاعیرانەوە، بە وشکی تێکەڵی گیاوگوڵی تریان کردووە. لە ماڵدا بۆ دوورخستنەوەی هەندێک گیانداری خشۆک دانراوە.

وەنەوشە

گیایەکی بەهارەیە. گوڵێکی شینیباوی تاریکی بۆنخۆش بە لاسکی ناسکەوە لە نێو گەڵاکانیەوە دەردەچێت. لە گۆلاو و قەراخی چۆم و تەڵانەکاندا دەڕوێت. لە باخەکانی چاوگ و عەبابەیلێ و لادێکانی هەورامان و حەوشەی ماڵاندا هەیە. لە کۆنەوە وەک گیایەکی دەرمانی لە لایەن خەڵکی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانەوە ناسراوە. ڕەگ و گوڵ و گەڵاکەی گەلێک مادەی تێدان، کە لە پزیشکیدا بەکاردێن. گوڵەکەی دەگیرێت و وشکدەکرێت. لە دەرمانگەری میللیدا گەڵا و گوڵەکەی بە گەلێک شێواز ئامادەدەکرێت، لەوانە (بە وشکی و ڕۆن لێگرتن و بۆن و هتد). لە چارەسەری نەخۆشییەکانی (وەناق و تەنگە نەفەسی، بیرۆی وشک، کۆکە، سورێژە، بێخەوی، خیزەی سنگ، کڕێشی سەر، قەبزی..هتدا) بەکاردێت. دەتوانرێت سێ کاتژمێر جارێک بخورێت و غەرغەرەی پێبکرێت. لەگەڵ شیر و کونجی و گەلێک گیای تردا تێکەڵدەکرێت. هەر لەبەر ئەوە هەتا ئیستاش لە دوکانەکانی داودەرمانی هەڵەبجەدا بایەخی پێدەدرێت.

پێشتر 1 2