مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

49 بابەت

گوێزتەکاندن: وەزشای: شەنیەری

چەند کارێکی ئاوێتەی پێکەوەییە. دوای دڵنیابوون لە پێگەشتنی بەری دارگوێز لە ناوچەی هەوراماندا دەستپێدەکات، یەکەمیان بریتییە لە تەکاندنی دار گوێزەکە، لەڕێگەی دارێکی سفتوسۆی درێژەوە، کە لەچنار ئامادەی دەکەن و پێیدەوترێت شەنە و بەو کەسەی کارەکە ئەنجامدەدات و بوێری سەرکەوتنی بە گوێزەکاندا هەیە، دەوترێت شەنیەر و بە پیشەکەش دەوترێت شەنیەری. پێویستە شەنیەر توانا و سەلیقەی هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی تەکاندندا کەمترین ئازار بەدارەکە بگات. کرێی شەنیەری لە هەموو پیشەکانی تر زیاترە، زۆرجار لە هەوراماندا ڕۆژانە بە نرخی فرۆشتنی هەزارێک لە گوێز مەزەندەکراوە. لەبەر سەختیی کارەکەی لە فەرهەنگی هەوراماندا وتراوە: هەتا ئەوکاتەی وا بەسەر دارەکەوە تەڵاقی نییە. لە مێژووی ناوچەکەدا چەندین کەس بەو کارە بوونەتە قوربانی و ژیانیان لەدەستداوە. گوێزتەکاندن لەکاتی پێگەشتن و ترەکینی توێکڵی گوێز دەستپێدەکات، کە پێیدەوترێت (وەزترەکای - گوێزترەکین). ئەمەش لە باخێکەوە بۆ باخێکی تر بە گوێرەی جۆری دارەکە و شوێنی باخەکە دەگۆڕێت. بە گشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستپێدەکات، بەو کاتەش دەوترێت تەقەشەنە. دوای تەکاندنی گوێزەکان دەستدەکرێت بە کۆکردنەوەی گوێزەکان و کۆماکردنیان لەشوێنێکدا بۆ لێکردنەوەی توێکلەکەیان، کە جاران بە زۆری لە ڕێگەی گەلکارییەوە بووە، پاشان گواستنەوەیان بۆ هەڵخستن و زڕبوونەوە و جیاکردنەوە و ژماردنیان دەگوازرێنەوە بۆ ماڵ. دوای وەرزی کارەکە و دەستهەڵگرتنی باخەوان لە باخەکەی، خەڵکی تری ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی گوێزە ونبووەکان، کە لە کاتی گوێز کۆکردنەوەکەدا بە جێماون، یان ئەو گوێزانەی بە دارەکەوە نەکەوتوون، ڕوو دەکەنە باخەکان و گوێزەکان بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، بەو کارەش دەوترێت شارۆ. لە هەوراماندا بایەخی خۆی هەیە و ڕێگە پێدراوبووە و زیاتر بە سەیران و گەشت دەچێت.

گۆڕهەڵکەندن

پیشەیەکی دێرینەی خۆبەخشییە. لە دەوروبەری هەڵەبجە و هەوراماندا، کۆمەڵێک کەسی خێرەومەند ئەم کارەیان کردووە. لە ئێستادا ئەم کارە بە ئامێری حەفارەدەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە هەوراماندا ئەم ئامێرە ناتوانێت بچێتە هەموو شوێنێک، هێشتا پیشەکە ماوە.

لێفەدروون

پیشەیە. دوورین و دروستکردنی لێفەیە لە کەرەستە سادەکانی وەک (لۆکە، خوری، سەرەپارچە). بەتایبەتی لە لادێکاندا گرنگیپێدراوە. متیلگرتن و بەرگی کۆتایی بە گوێرەی خواست و دەسەڵات بووە.

مسگەری

پیشەیەکی دێرینی ناوچەکەیە. هەتا بڵاوبوونەوەی قاپ و قاچاخی فافۆن و دواتریش تیڤأڵ برەوی هەبووە. بریتییە لە نوێکردنەوە و سپیکردنەوە و چاککردنەوەی دەفرە مسینەکانی وەک قازان و قاپوقاچاخ و کەوچک و سینی و مەنجەڵی گەورە و سەتڵ و شەمعدان و سەماوەر و شەربە و قۆری و هەندێک شتی تری هونەری، کە وەک توحفەیات خراونەتە بازاڕەوە. بە هەندێک کەرەستە و توخمی وەک لم و قەڵایی و نوشادەر و هەوەڕشۆر و.. هتد. بەوەستای پیشەکە دەوترێت مسگەر. لە پاییزدا کاری مسگەرەکان زیاتر بووە، چونکە خەڵکی دەفرەکانیان پاک و نوێکردوونەتەوە. مسگەرەکان بە کۆڵان و لادێکاندا بۆ ئەو کارە گەڕاون. لە ساڵی ١٩٥٠بەدواوە بەرەبەرە پیشەکە ڕووی لە کزی کردووە. جولەکەکانی هەڵەبجە دوای جەژنی کفتە قاپ و قاچاخەکانیان فرۆشتوەتەوە و ئەوەش جوڵەیەکی گەرمی بازاڕ بووە. هەندێک لە مسگەرەکانی هەڵەبجە:حەمەکەریمی بابا، محەممەد عەبدوڵا سەعەکەڕ، ئەحمەدی مسگەر.

ناڵبەندی

سازکردنی پارچە ئاسنێکە بۆ بنی پێی وڵاخە بەرزەکان، کە زیاتر بۆ بار بەکارهاتوون. لە سنوری ناوچەکەدا ئەم پیشەیە هەبووە. لە ناوچە سنوری و شاخاوییەکاندا بایەخی زیاتری پێدراوە. ناڵی گوێدرێژ چوار بزمار و هی وڵاخی بەرزەش شەش بزمار بووە. ئەو وڵاخانەی توێکڵی بنی پێیان، کە لەشێوەی نا زیندەدایە، وەستای ناڵەبەند دەیداتشێ و دەیبڕێت. پێویستە بەشارەزاییەوە بکرێت و نەگاتە پێستی زیندەی وڵاخەکە. پاشان پارچە ئاسنەکە بە بزماری تایبەت لە بنی پێی وڵاخەکە دەدات و سەری بزمارەکان پاندەکاتەوە. پێداویستییەکان: ناڵ، بزمار، گاز، چەکوش و سمتراش، تیغێکی بڕین و تاشین، هەموو ناڵبەندێک شاگردێکی هەیە بۆ گرتنی پێی وڵاخەکە. یان کەسێکی شارەزا، کە پێی وڵاخەکە دەگرێت بۆ ناڵبەند. ئەرک و بارەبەری وڵاخەکە، ونبوون و کەوتنی ناڵەکان، ناڵکردنەوە دێنێتەوە پێش. ئەو وڵاخەی ناڵدەکرێت، چوست و چالاکترە. هەر وڵاخێک دوای ناڵکردن بشەلێت، ئەوە بزمارەکە گۆشتی زیندووی گرتووە و پێویست بووە ناڵبکرێتەوە.

نەقاڕی

پیشەیەکی دێرینەی هونەری تەلارسازییە لە ناوچەی هەورامان. بریتیە لە ڕێککردن و شێوەپێدانی ئەندازەیی لەلایەن کرێکاری شارەزاو بە سەلیقەوە بۆ کاری دیوار لەبیناسازیدا. نەقاڕی شێوەیەکی جوانی هونەری دەداتە ڕووە دەرکەوتوەکانی بیناکە. کەرەستەکانی جارانی دیوار و خانو و بەرد بووە. هێنانی بەردەکان لەکانە بەردەکانەوە و شکان و جوانکردنیان، کاری نەقاڕەکان بووە. هەقدەستی نەققاڕ لە کرێکاری ئیشەکانی تر گرانترە و نەقاری بەردی سپی لە بەردەکانی تر ئاسانترە. نەققاڕ ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٥٠ بەرد ئامادەدەکات. بەردی وشکەکەڵەک گرانتر و کاری هونەری زیاتری دەوێت. بەردە گۆنیاکراوەکان ١٠ بۆ ١٥ بەرد ڕۆژانە ئامادەدەکرێن. ئەو ڕووکارانەی، کە دەردەکەون لەڕێگەی ئەم پیشەوە دەبنە جێی سەرنج. بۆیە لە هەورامان زیاتر بایەخیان پێدراوە و ئێستاش سیمایەکی جوانی هەورامان لای گەشتیاران بەستراوە بە وەستابەنا و نەقاڕەکانی بەردەوە. ڕۆژانە لەوانە نەقاڕی بەردە ڕەشەکانی کانی باخەکۆن و پشت دەگاشێخان و گوڵپ.

هەلاجی

لە پیشە دێرینەکانە و لە ناوچەکەدا بایەخ و گرنگیی خۆی هەبووە. بریتییە لە شیکردنەوە و نوێکردنەوەی لۆکە و خوری و بەکارهێنانی لە دروستکردنی لێفە و دۆشک و سەریندا. ئەو کەسەی کارەکە دەکات، پێدەوترێت هەلاج. کەرەستەکانی: ئامێرێکی دەستی لە دار و پێستە دروستکراو، چەکی پیاکێشان. دارێکی بۆ دابەش و کوتان و ڕێککردنی لۆکەکە، شایانی دار بۆ کێشان، خام و بەرگ و بەن و گۆنییە، سوژن و..هتد. لە شارەکاندا کارەکە لە دوکاندا کراوە، بەڵام لە لادێکانی هەورامان هەلاجەکە زۆرجار بۆ کردنەوەی دۆشەک و لێفەکان چووەتە ماڵان. ئێستا ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوەکە بەکاردەهێنن و پیشەکە گەرچی بەتەواوی لە ناونەچووە، بەڵام کەمبووەتەوە.

هیتیاری: جوتیاری

کێڵانی باخ و ڕەزەدێمەکانی هەورامانە بە شیوازی کۆن، لەبەرئەوەی ئامێری نوێ ناتوانێت ببرێتە زەوییەکان. کەڵک لە گاجووت وەردەگیرێ، پەیداکردنی دووگا بە مەرجەکانی توانینیان بۆ کێڵان و خەساندنیان، دوای دووساڵ جوتیان پێدەکرێت. لە هەوراماندا هیتیاری، ناوبانگی زۆر هەبووە، بە تایبەتی لە بەڵخە، کە توانیویانە جووتی شوێنەکانی تریش بکەن، سەرچاوەیەکی باشی بژێوی و پیشەیەکی برەوداربووە.

وڵاخداری

یەکێکە لە کار و کردە دێرینەکانی ناوچەکە و هەورامان، سەرچاوەیەکی باشی دابینکردنی بژێوی و هۆکارێکی باشی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە. کە هەتا ئێستەش برەوی هەیەو بایەخی خۆی لەدەستنەداوە. بریتیە لە ڕاگرتن و پەروەردەکردن و لێخوڕینی ئەو وڵاخانەی، کە بۆ مەبەستی سواری و گواستنەوەی کەرەستە و بەروبوومەکان بەکاردێن. وەک (کەر، هێستر، بارگیر، ئەسپ، مایین). زۆرجار خاوەن وڵاخ خۆی لە وڵاخەکان ناخوڕێت و کەسی تایبەتی بەکرێ بۆ دەگرێت. لە کۆندا بە پێی دەسەڵات، جوانترینی (ئەسپ، هێستر، مایین) ڕازێنراوەتەوە و بووکی پێبراوە.

پێشتر 1 2 3