ئەحمەدئاوا

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 240

گۆڕستان

چەند گۆڕستانێکن لە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا). لە بەردەم گوندەکە و لە سەرەتای شیوی زەڵم دەستپێدەکەن هەتا (کەڕەجاڵ). بەناوی کۆمەڵێک کەسایەتیەوە ناونراون. بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک بنەماڵەی سەردەمی فەرمانڕەوایی حسنەوییەکان. کەسێک بەناوی (سەید ئیبرایم) لەگەڵ عەنبەرخاتونی کچی مەلیک بەدری حوسنەوی هاوسەرگیریکردووە و حەوت کوڕیان بووە. گۆڕستانەکان بەناوی ئەم کوڕانەوە ناونراون:

١- ئەبوشەمامان: کەوتووەتە خۆرهەڵاتى شارۆچکەی (خورماڵ) و بە دووریى نزيکەى یەک کیلۆمەتر بەرانبەر گوندى ناوباخان لە بەردەم گوندى (ئەحمەدئاوا)، مردووى گوندەکانى ئەحمەدئاوا و ئاوايى ڕۆستەم بەگى تێدا دەنێژرێت. بە پشتبەستن بەو تۆمارە مێژوويانەى لەسەر دوو لە کێلەکانى تۆمارکراوە، کە بريتين لە (١١٧٢، ١١٨٢)، دەکرێت بوترێت مێژووى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئەردەڵانييەکان(٥٤٣-١٢٨٣ک/ ١١٦٨-١٨٦٧ز) و گۆڕستانێکى گەورەى شارى (گوڵعەنبەر) بووە. گۆڕەکانى تەنها يەک کێليان ماوە، بە هۆى کاريگەریى ئاووهەوا و دەستى مرۆڤەوە تێکچوون، ئەوانەى لە ئێستادا ماونەتەوە ژمارەيان شەش دانەيە. کێلەکانیان نەخش و زەخرەفەیان لەسەرە.

٢- بیلال: کەوتووەتە نێوان گوندی زەڵم و بنی پەڵگ. هەریەکە لە گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە. کێل و گۆڕی زیاتر لە ٥٠ گۆڕى کۆنی هەتا ئێستاش تێدا ماوەتەوە. بە هۆى ڕاکێشانى ڕێگاى ئۆتۆمێل و ئاوەدانکردنەوەى ئەو باخانەى لێیەوە نزیکن، هەندێک لە گۆڕەکان لەناوچوون.

٣- سەید محەممەد: کەوتووەتە نێو هاوینەهەوارەکانی گوندەکەوە.

٤- بابا زەردەڵە: کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی سەید ئیبرایم، کەوتووەتە چیا بەرزەکەی پشت ئەحمەدئاوا. لەم شوێنەدا نزرگە و شوێنی چلەکێشانی ئەو پیاوچاکەش بوونی هەیە.

٥- چاڵەودارا: کەوتووەتە خوار بەرزایی سەرودارای نێوان گوڵپ و ئەحمەدئاوا، لەسەر ڕێگەی کۆنی نێوان گوڵپ و خورماڵدایە، لە چاڵاییەکەیدا دارودرەختی لێبووە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، زوو خەرمانیان لە نزیکیدا هەڵداوە، ئێستا بووەتە گۆڕستانی نوێی ئەحمەدئاوا.

سەرچاوەکان:

  1. پهنه فرهنگى آثار باستانى دەوران اسلامى خورمال، شوانە محمد صابر، ماسترنامە غير منشورە.
  2. چەردەیەک لە مێژووی ئەحمەد ئاوا، محەمەد سابیر ئەحمەدئاوایی، چاپخانەی ڕێدار، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، ل١٠.
  3. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد سابیر محەممەد ساڵح)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، لە ١٩ی ٩ی ٢٠٢٣.
  4. هەورامان ناسنامەى کەلتوری گوندەکانی، ئەمین حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی سیما، سلێمانی، ٢٠٢١، ل٩٧.
  5. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد حاجى حسين زەڵمى)، لەدایکبوو: ١٩٦١، پیشە: پێشمەرگە، لە ٣ی ٢ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

سیانيی سەروو

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ‌باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)‌ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، ڕووبەرەکەى نزیکەى یەک دۆنم دەبێت و سیاجى بۆ نەکراوە، مێژووى گۆڕستانەکەش بەتەواوى دیار نیە، بەڵام بە نزیکەیی بۆ ١٥٠ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و گۆڕەکانیش لەسەر شێوازى ئیسلام نێژراون. ناسراوە بە سیانیی سەروو.

شاقەدەم

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە نێوان خارگێڵان و خەرپانیدایە. مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی سێ دۆنمە. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە سیاجکراوە. هەتا ئێستاش خەڵکی گوندەکە مردوەکانیان لەو گۆڕستانە بەخاکدەسپێرن.

شاوەیس و باوەیس

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لێ بەخاکسپاردووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی یەک دۆنم دەبێت.

شەخسە بچووک

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ناوەندی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی دۆنمێک دەبێت، مێژووەکەی لەگەڵ مێژووی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدایە. بە زۆرى منداڵان لەم گۆڕستانەدا بەحاکسپێرراون‌. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش مردوو لەم گۆڕستانەدا بەخاکسپێرراوە. وەک خەڵکی گوندەکە دەڵێن لە کۆندا کەسێکى پیاوچاکی باڵاکورت هەبووە، کە کۆچیدواییکردووە، لە‌و شوێنە بەخاکسپێرراوە و دواتر بووە گۆڕستان، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە.

شەخسەکە ١

کەوتووەتە باشوری گوندی (ئاوایی حاجی حەمەئەمین). مێژووەکەی بۆ ساڵى ١٩٦٠ دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. هەتا ساڵى ١٩٧٨ و ڕاگواستنى گوندەکان، خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لەوێ بەخاکسپاردووە.

شەخسەکە ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (چواردارانی سەروو). بەهۆی ئەوەی گۆڕی پیاوچاکێکی لێیە، ئەو ناوەی لێنراوە. هەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا خەڵکی گوندەکە مردوویان لێ بەخاکسپاردووه.