باوا سەرهەنگ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 247

گۆڕستان

کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی تەوێڵە و خۆرئاوای خانەقای تەوێڵە، بەرزییەکەی (١٤٤٥م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی تەوێڵە، لە باکورەوە قەڵای گاوران و چیای هەرزگا و لە خۆرهەڵاتەوە خانەقای تەوێڵە و کانی وەیسوورە و لە خۆرئاواوە چیای هەوارە بەرزە و لە باشورەوە دۆڵی تەوێڵە و گەڕیات دەورەیانداوە. به ‌ناوی‌ یەکێک لە پێشەوایانی ئایینی یارسانییەوە ناونراوه،‌ کە گۆڕەکەشی لە گۆڕستانەکەدایە. مێژووی گۆڕستانەکە دێرینە و بۆ سەدەی چوارەمی کۆچی دەگەڕێتەوە. گۆڕە دێرینەکانی گۆڕستانەکە دووقات و سێ قات لەسەر یەک دانراون. زۆرێک لە کێلەکانی ڕوو بە قیبلە نین. جۆری کێلەکان و نوسراوەکان و ئەو زەخرەفانەی بەکارهاتوون ئەو ڕاستییە دەردەخەن. بە (گۆڕستانی گەورەی تەوێڵە)ش ناودەبرێت. لە دوو بەش پێکدێت (گۆڕستانی بابا سەرهەنگ) و گۆڕستانی (حاجی بەشارەت)، کە ئەمیش گۆڕستانێکی گەورە و کۆنە. گۆڕی چەند کەسایەتییەکی تەوێڵەی تێدایە وەک (مەلا نەزیری گەورە و حاجی محێدینی کوڕی، سەید فەتحولموبین). لەم گۆڕستانە و لە بەشی دووەمیدا، دار بەڕوویەکی گەورەی زۆر کۆن هەیە پێیدەوترێت (سەید حەسن)، کە پەڕۆی سەوزی پێوەیە و بە شوێنێکی پیرۆز سەیردەکرێت.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (حەسن قادر حەسن)، لە دایکبوو: ١٩٦٧، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. پەیامی هەورامان، هادی ڕەشید بەهمەنی، چاپی دووەم، بەدرخان، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل٤٢٢-٤٢٤.
  3. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل٥٥٤- ٥٥٥.
  4. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (یوسف باقی عەبدولقادر) لەگەڵ (فازیل عابید محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: ئەندازیاری خانەنشین، لە ١٥ی ٥ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,یوسف باقی عەبدولقادر,د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

سیانيی سەروو

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ‌باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)‌ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، ڕووبەرەکەى نزیکەى یەک دۆنم دەبێت و سیاجى بۆ نەکراوە، مێژووى گۆڕستانەکەش بەتەواوى دیار نیە، بەڵام بە نزیکەیی بۆ ١٥٠ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و گۆڕەکانیش لەسەر شێوازى ئیسلام نێژراون. ناسراوە بە سیانیی سەروو.

شاقەدەم

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە نێوان خارگێڵان و خەرپانیدایە. مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی سێ دۆنمە. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە سیاجکراوە. هەتا ئێستاش خەڵکی گوندەکە مردوەکانیان لەو گۆڕستانە بەخاکدەسپێرن.

شاوەیس و باوەیس

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لێ بەخاکسپاردووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی یەک دۆنم دەبێت.

شەخسە بچووک

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ناوەندی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی دۆنمێک دەبێت، مێژووەکەی لەگەڵ مێژووی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدایە. بە زۆرى منداڵان لەم گۆڕستانەدا بەحاکسپێرراون‌. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش مردوو لەم گۆڕستانەدا بەخاکسپێرراوە. وەک خەڵکی گوندەکە دەڵێن لە کۆندا کەسێکى پیاوچاکی باڵاکورت هەبووە، کە کۆچیدواییکردووە، لە‌و شوێنە بەخاکسپێرراوە و دواتر بووە گۆڕستان، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە.

شەخسەکە ١

کەوتووەتە باشوری گوندی (ئاوایی حاجی حەمەئەمین). مێژووەکەی بۆ ساڵى ١٩٦٠ دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. هەتا ساڵى ١٩٧٨ و ڕاگواستنى گوندەکان، خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لەوێ بەخاکسپاردووە.

شەخسەکە ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (چواردارانی سەروو). بەهۆی ئەوەی گۆڕی پیاوچاکێکی لێیە، ئەو ناوەی لێنراوە. هەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا خەڵکی گوندەکە مردوویان لێ بەخاکسپاردووه.