بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکومەت بوو. ڕۆژی ٧ی ١٠ی ١٩٨٣ لە گوندی شیرەمەڕ ڕوویداوە. لەئەنجامدا دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەبوون و زۆربەی خانوەکانی سوتاوە. شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکیش لە سەربازەکانی حکومەت کوژراو و برینداربوون. ئەم ڕووداوە بەسەر زاری خەڵکەکەوە بە داستان ناودەبرێت.
ڕۆژی ٢٥ی ٣ی ١٩٧٧ لەلایەن ژمارەیەک پێشمەرگە بەسەرپەرشتی (قادر حەمەساڵح) لەگوندی بانی بۆڵان هاوسنوری گوندی گمە پەلاماری هێزێکی سەربازی عێراق، کە سەر بەهەواڵگری لیوای دیالە بوون، دراوە و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون. بۆ ڕۆژی دواتر هێزەکانی سوپای عێراق دەستیانکردووە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکانی بانی بۆڵان و گمە و دەیانگوێزنەوە بۆ سەربازگەیەک لە خێڵی یاقو، ئەمەیش بە بیانووی ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە، ئازاردەدرێن. دوای شەو و ڕۆژێک ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە بۆ گوندی گمە.
چەند ڕۆژێک پێش ڕاگواستنی گوندی (گمە) لە ساڵی ١٩٧٨ و لە کاتێکدا دانیشتوانی گوندەکە دەغڵودانیان بردووە بۆ سنوری ئێران بۆ فرۆشتن، لەکاتی گەڕانەوەیاندا ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتەوە لێ دەستگیرکراوه، کە بریتیبوون لە (فەتاح حەمەساڵح محەممەد، محەممەد مەجید عەبدوڵا، محەممەد حەمەساڵح ڕەحمان، عێزەت قادر، عەبدوڵا حسێن مەحموود، سالار قادر). بە کۆپتەری سەربازی براون بۆ سەربازگەی بامۆک و لەوێ لەپاش ئەشکەنجەدانیان، بێتاوان دەرچوون و دوای ڕۆژێک ئازادکراون و هێنراونەتەوە بۆ گوندی گمە.
لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان بنەماڵەی مەحموودخانی دزڵی و ماڵەشێخان لەسەر هەندێک زەویوزاری ئەحمەدئاوا، دوای کڕین و فرۆشتنەوەی نێوانیان، بەتایبەتی لەسەردەمی عەبدوڵاخاندا، سۆفی سالە نیوەکار و پیاوی شێخان لە ئەحمەدئاوا وەڵامی زبری خان دەداتەوە، پاش ماوەیەک پیاوەکانی عەبدوڵاخان دێنە ئەحمەدئاوا و سۆفی سالە دەگرن و ڕاپێچی دزڵی دەکەن و زیندانیدەکەن، پاش دوو ڕۆژ، کە خان لەسەفەرێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە تفەنگچیە متمانەپێکراوەکانی خزمی لالۆ سالە دەبێت، تکای بەردانی لە خان دەکات و خان لەبەر ئەو و ڕاستگۆییەی لالۆسالە، خۆی ئازادی دەکات، پاش گەڕانەوەی بۆ ئەحمەدئاوا دەچێتە لای شێخ عەلائەدین و پێشنیازی خوازبێنی خوشکی خان بۆ شێخ ئەمین دەکات، بەوەش ناکۆکییەکان بۆ ئاشتەوایی دەگۆڕێت. ئەم گرتنە دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی نێوان نەجیبەخانی مەحمودخانی دزڵی و شێخ ئەمینی شێخ عەلادین لە ساڵی ١٩٥١دا.
لە سەرەتای هاتنی پەهلەویدا ڕوویداوە. لە ئەنجامی دەستگیرکردنی ١٤ کەس و لە سێدارەدانی بەکر غەفار بەگ، عەلی ڕۆستەم بەگ لە نەوسوود و حەسەن فەتاح بەگ لە تاران لە ساڵی ١٩٢٩، بە سەرکرایەتی ئاغەبەگی ئێناخی، کە بە ئاغەشەڕ ناسراوە، دژی حکومەتی ڕەزاشا، ڕاپەڕیون. سەرهەنگ ئەحمەدخانی زەهاوی سەر بە گاردی تایبەتی شا، لە هیروێ دەکوژێت و دەبێتە مایەی ڕاپەڕینی خێڵەکوردەکانی پاوە، جوانڕۆ، هەورامانی لهۆن و تەخت، لە چەند ڕوبەڕووبوونەوەدا هێرشەکانی حکومەت تێکدەشکێنن و ٧٥ ئەفسەری پلەدار دەکوژن. حکومەت لەڕێی سیخوڕەکانییەوە، لە هەوڵی دەسگیرکردن و کوشتنی ڕابەری ڕاپەڕینەکەدا دەبێت. بە سیخوڕەکان دەزانێت و چەند دانەیەکیان لێدەکوژێت. ڕاپەڕینەکە لە ئەنجامی دانوستان و غافڵگیری ڕابەرەکەیدا بە ئەنجامناگات و دادەمرکێتەوە.
پاش ئەوەی حکومەت ئاگاداری ئەو گوندانەی شارەزووری کردەوه، کە هەتا مانگی مایسی ١٩٨٧ ئەو کاتانە ڕانەگوێزرابوون، لە ڕۆژی ١٠ی ٥ی ١٩٨٧ هێزێکی سەربازی و جاشی لە سەربازگەکانی: هەڵەبجە، سەیدسادق و سیروان کۆکردەوە و بۆ ڕۆژی دواتر پەلاماری گوندەکانی دەشتی شارەزووری دا. ٥٢ گوند بەرەو هەڵەبجە و سەیدسادق ڕاگوێزران و خانو، ڕەز و باخ و کانیاوەکان لەدەست خاوەنەکانیان دەرهێنراوە. دانیشتوانی شاری هەڵەبجە ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧، کۆی گشتیی دانیشتوان ٩١٩٣٩ کەس بوون، بەڵام بەپێی سەرژمێریی ١٩٨٧ ڕێژەکەی بوو بە ١١٥٢٩٩ کەس. بەپێی بڕیارێکی (عەلی حەسەن مەجید)یش ئەوەی لەو سەرژمێرییەدا ناوی تۆمارنەکرابێت، مافی هاوڵاتیبوونی لەدەستداوە. شەوی ١٢و١٣ی ٥ی ١٩٨٧ دەستەیەک لە پێشمەرگه به سوودوەرگرتن لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورە (جاميعە)ی شار، بانگەوازی ئەوەیان بڵاوکردەوه، کە بۆ بەیانی خۆپیشاندان و مانگرتن سازبکەن. خۆپیشاندان لە گەڕەکەکانى (کانيیەقوڵکه) و (کانیعاشقان)ەوە دەستیپێکرد و ژمارەیەک لە چەکداری سەر بە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکە بوون. هەمان ڕۆژ دانیشتوانی (سیروان، خورماڵ و سەیدسادق)یش ڕاپەڕین. ڕژێم بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزايەتیى خۆپیشاندانەکان، هێزێکی زۆری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و گەڕەکەکانی (گوڵان، کانیعاشقان، مۆردانە)ی بۆردومانکردووه، بەو هۆیەوە ٥٢ هاوڵاتی شەهيد و برینداربوون. زۆربەى بریندارەکان لە نەخۆشخانەى عەنەب دەستبەسەرکران، ڕۆژی دواتر لە پشت گوندی (بامۆک)ی نزیک هەڵەبجە، شەهیدکران. هەمانکات لە هەڵمەتێکی ڕەشبگیری دەستیپێکرد. ڕۆژی ١٤ی ٥ی ١٩٨٧ هەر لەسەر فەرمانی عەلی حەسەن مەجید هەردوو گەڕەکی کانیعاشقان و مۆردانە خاپورکراون، بەوهۆيەوە هەزاران کەس لە دانیشتوانی سنوری هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون.
لە پایيزی ساڵی ١٩٧٨ گوندەکانی (بنارى سورێن) لە سنورى (شارۆچکەى خورماڵ) لەلایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکانی ناوچەکەدا، کەوتنە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن بۆ سیروان و خورماڵ و سیدساق. مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى بانیشار: ئەو کات ١٢٥ ماڵ بووە، خەڵکەکەیان بەرەو ئۆردوگاى (شانەدەرى) لە نزیک (سەیدسادق) ڕاگواست. ٢- گوندی عامووره: ئەوکات نزیکەی ٦٠ ماڵ بووە، بەرەو هەردوو ئۆردوگای زۆرەملێی (خورماڵ و شانەدەری) ڕاگوێزراون. ٣- گوندی میریسوور: لە ٢٩ی ٩ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٤- گوندی دەرەگوڵان: ئەوکات ٣٧ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٥- گوندی ڕیشێن: خەڵکەکەی بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٦- گوندی گوڵەخانە: ئەو کات ٤٥ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) و شارۆچکەی (سیروان) ڕاگوێزراوە. ٧- گوندەکانى (عەلیاوا و قوڵخورد)، کە هەریەکەیان ١٢ ماڵ بووە، نەچوونەتە ئۆردوگا و لە شارۆچکەی (سەیدسادق) نیشتەجێبوون. ٨- گوندى بانیبنۆک: ئەو کات ٧٠ ماڵ بووە، بەرە و ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٩- گوندی بەردەبەل: ئەو کات ٣٠ ماڵ بووە، لە ٢٨ی ١٠ی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە. ١٠- گوندی نەوێ: ئەو کات ١٢٠ ماڵ بووە، لە ٢٩ی ١٠ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ١١- گوندی تازەدێى سەروو: ئەوکات ١٦ ماڵ بووه، بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە. ١٢- گوندی کانى ئاسکان: ئەوکات ٣٠ ماڵ بووه، بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە. ١٣- گوندی قەڵبەزە: ئەوکات ١٨ ماڵ بووە، لە ٣ی ١١ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە.
ساڵی ١٩٧٨ گوندەکانى (هانەیدن و سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکانیان تەقێنراوەتەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى سەرگەت: ئەوکات ١٦٥ ماڵ بووە، لە ١٦ى ٩ ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە. ٢- گوندى هانەیدن: ئەوکات ١٢٠ ماڵ بووە، لە ٢٠ی ٩ی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە.
لە مانگی ئەیلولی ١٩٧٨ گوندەکانى (یاڵانپێ و تەکییە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى تەکیـە: ئەوکـات ١٢ مـاڵ بووە، بـەرەو ئۆردوگـای (خورمـاڵ) ڕاگوێزراوە. ٢- گوندى یاڵانپێ: ئـەوکات ٢٢٠ مـاڵ بـووە، بەرەو ئۆردوگای (خورماڵ) ڕاگوێزراوە.
ڕۆژی ٧ی ١ی ١٩٨٥ خەڵکى گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە لایەن حکومەتى ئەو کاتەى عێراق بۆ خورماڵ و هەڵەبجە و چەند شوێنێکی تر ڕاگوێزران، کە ئەوکاتە ٥٤ ماڵ بوون و خانوەکانیان ڕووخێنران، دواى ساڵێک لە ئاوارەیی، گەڕانەوە گوندەکە. لەگەڵ ئەم گوندە گوندەکانی (ئەحمەدئاوا و شیرەمەڕ) ڕاگوێزران.
داگرتن و ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندی بەڵخەیە، لە درێژەی شاڵاوی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە جێبەجێکراوە. ڕۆژی ٢٩ی ٨ی ١٩٧٨ زیل و ئیڤاکانی ڕژێم بە سەربازەکانیانەوە دەوری گوندی بەڵخەیان داوە و خەڵکەکەیان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکانی عەنەب و زەمەقی و سیروان گواستەوە و خانوبەرە و بیناکانی گوندەکەیان ڕوخاندووە و ناوچەکەیان کراوەتە خاکی قەدەغەکراو، بە تایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٨١.
لە ٢٥ی ٨ی ١٩٧٨ لە درێژەی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور لە لایەن حکومەتەوه، بە شەش مودەرەعە، دوو شۆڤڵ و هەشت ئیڤا و لیژنەیەکی سەربازی، لە سەیدسادقەوە هاتوون، خەڵکی گوندەکەیان ڕاگواستووە.
ڕۆژی ٤ی ٩ی ١٩٧٨ سەربازەکانی سوپای عێراق چواردەوری گوندی (پاڵانیا)یان داوە و دانیشتوانەکەیان ڕاگواستووه، کە نزیکەی ٤٠ ماڵ بوون و خانوەکانی گوندەکەیان تەقاندووەتەوە. بەشێکیان براونەتە کۆمەڵگەی زۆرەملێی عەنەب و هەندێکیشیان چوونەتە ئۆردوگای زەمەقی، کە هێشتا خانوی ئۆردوگاکان هەیکەلی سـەرنەگیراو بووە.
ڕۆژی ١٠ی١٠ی ١٩٧٨ لیژنە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت چواردەوری گوندی (تاوێرە)یان داوە و خەڵکەکەیان ڕەوانەی کۆمەڵگای زۆرەملێی عەنەب کردووە، بەڵام چەند ماڵێکیان چوونەتە شارۆچکەی سیروان. خانوەکانیان تەقاندووەتەوە و سامان و ماڵیان لەناوچووە. هەتا دوای ڕاپەڕین گوندەکە ئاوەداننەکراوەتەوە.
لە ٢٥ی ٩ی ١٩٧٨ حکومەت گوندی (خارگێڵان) ڕادەگوێزێت و خەڵکەکەی دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقی و خانوەکان تێکدەدەن. ڕێگەیاننەداوە بەرهەمی ئەو ساڵە کۆبکەنەوە. هەتا دوای ڕاپەڕین دەگەڕێنەوە سەر زەوی و شوێنی خۆیان.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی زەعیم سدیق بۆ سەر ناوچەکانی شارەزوور و هەڵەبجه، گوندی (دەرەشیشی سەروو) بۆردومانکراوە، چەند قوربانییەکی لێکەوتووەتەوە، دانیشتوانی گوندەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی ناوچەی هەورامان بوون، زیانی بە باخ و ماڵ و ئاژەڵی هاوڵاتیان گەیاندووە.
لە درێژەی جێبەجێکردنی ڕاگواستنی گوندە سەرسنورییەکاندا، لە ٢٨ی ٩ی ١٩٧٨ حکومەت گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی بەرەو ئۆردوگای زۆرەملێی خورماڵ ڕاگواست و بە بەرچاوی خۆیانەوە کانی و کارێز باخ و ئەشکەوت و ماڵەکانیانی بە تی ئێن تی تەقاندەوە، لەوکاتەدا نزیکەی ١٦٠ ماڵ دەبوون.
لە درێژەی بڕیاری ڕاگواستنی لادێکانی سنور لەلایەن حکومەتەوه، لە ٢ی ٩ی ١٩٧٨ خەڵکی گوندەکە ڕاگوێزراوە و بەرەو کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقی لە هەڵەبجە براون.
داگرتن و ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندەکەیە بە بەرنامە و پلانی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی داگرتنی گوندە سنورییەکاندا. لە ١٥ی ١٠ی ١٩٧٨ خەڵکەکە، کە نزیکەی ٩٥ خێزان و ٥٥٠ کەس دەبوون، بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی سیروان و چەند خێزانێکی کەمیان بۆ کۆمەڵگەی عەنەب ڕاگوێزران و خانوبەرە و بیناکانی گوندەکەیان ڕووخاندووە و ناوچەکەیان کردووە بە خاکی قەدەغەکراو.
لە چوارچێوەی سیاسەتی پشتێنەی ئەمنی و ڕاگواستنی گوندە سەر سنورییەکانی نێوان (عێراق –ئیران)دا له ٢٠ی ٩ی ١٩٧٨، کەوتووەتە بەر شاڵاوی ڕژێمی بەعس و خەڵکەکەشی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی (سیروان و خورماڵ) ڕاگوێزران. لەوکاتەدا گوندی زەڵم دەوروبەری ١٠٠ ماڵی تێدابووە. پاشان خانوەکانی تەختکراوە. دووبارە و لە ساڵی ١٩٨٧دا، جارێکی تر خەڵکەکەی بە بیانوی ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزوور لە خورماڵیش ڕاگوێزراون.