مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

145 بابەت

بۆردومانی گوندی گمە

لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گوندی گمە بۆردومانکراوە. لەوکاتەدا دانیشتوانی گوندەکە لە هاوینەهەواری (زریسکی) لەژێر کەپردا بوون. لە ئەنجامدا (حەیات محەممەد کاکەوەیس، عایشە عەباس کاکەوەیس، پەروین ئەحمەد محەممەد) شەهیدبوون و دوو براو خوشکێکیش برینداربوون و بۆ چارەسەر براون بۆ شاری کرماشان لە ئێران. دوای بۆردومانەکە دانیشتوانی گوندەکە ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە و ئاوارەی گوندەکانی (شێخ سێڵە، دڕێمی، ئەشکێ، ڕەجەوی و ...هتد) بوون.

بۆردومانی گوندی نارنجڵە

بەهۆی ئەوەی بارەگای پێشمەرگەکانی شۆڕش لە قەڵای سەنگی سیاو بووە و لەوێوە تەقە لە فڕۆکەکانی حکومەت کراوە، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٣ ژمارەیەک فڕۆکە بۆردومانی گوندەکەیان کردووە و سێ ژن بە ناوەکانی (ماما خاسێ، خاوەر "خێزانی حەمەی ڕەحیم" و ئایشێی حاجی عارف) شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆرتریش برینداربوون و بۆ چارەسەر ڕەوانەی خۆرهەڵاتی کوردستان کراون. خەڵکی گوندەکە بۆ خۆحەشاردان چوونەتە ئەشکەوتەکان.

بۆردومانی گوندی هانەیدن ١٩٦١

‌ساڵی ١٩٦١ لەکاتی هێرشی ڕژێمی (عەبدولکەریم قاسم) بۆ سەر کوردستان، بە فڕۆکە گوندی (هانەیدن)ی سەر به ‌شارۆچکەی (بیارە) بۆردومانکراوە و هاوڵاتییەک بریندار بووە و ژمارەیەکیش لە کەپر و ماڵی دانیشتوانەکەی گوندەکە‌ سوتاون و خەڵکەکەشی بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بوون.

بۆردومانی گوندى هانەى قوڵ ١٩٦٢

ساڵی ١٩٦٢ بە پاساوی بوونی پێشمەرگه لەناو گوندەکەدا، حکومەت بە فڕۆکە هێرشیکردووەتە‌ سەر گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)؛ لەئەنجامدا (محەممەد فەتاح سەیدە، مەولوود ڕۆستەم مەحموود، ڕەمەزان ڕۆستەم مەحموود، فاتمە مەولوود ڕۆستەم، پەریزاد سەیدە بەگ) شەهیدبوون و دوو کەسیش برینداربوون و دانیشتوانی گوندەکەش‌ بۆ ماوەی چەند مانگێک گوندەکەیان چۆڵکردووەوە و ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە.

بۆردمانی گوندى هانەى قوڵ ١٩٦٣

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی لیوای بیستی سوپای عێراق بە فەرماندەیی (زەعیم سدیق) بۆ سەر شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان، گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بۆردومانکراوە و لە ئەنجامدا حەوت ماڵ سوتاوە و دانیشتوانەکەشی ئاوارەی شاخی مڵەخورد بوون.

بۆردومانی گوندی یاڵانپێ ١٩١٩

لە کۆتای ‌ساڵی ١٩١٩ پاش شەڕەکەی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگی)ی نزیک شارۆچکەی (خورماڵ) و کوشتنی کاپتن (فیتزگيبۆن)، وەڵەدبەگییەکانی گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە ترسی هێرشی ئاسمانیی ئینگلیز بۆ سەر گوندەکەیان پەنایان بۆ گوندەکانی دزڵی و زەڵم و یاڵانپی بردووە. بەو هۆیەوە گوندی یاڵانپێ بەر هێرشی فرۆکەی ئینگلیز کەوتووە و ئافرەتێک بەناوی (نازارێ) و کچێکی (حەمەی کەریم) و پیاوێکی ڕووسی بەناوی (عەلی گەڕووسی) و دوو هاوڵاتی تریش شەهیدبوون.

بۆردومانی گوندی یاڵانپێ ١٩٦٣

‌ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی ئامر لیوای بیستی سوپای حکومەت، هێرشیکردووەتە سەر شارەزوور و هەڵەبجه و هەورامان. سەرەتا گوندی (یاڵانپێ) بەر هێرش نەکەوتووە و بە هەوڵی پیاوماقوڵانی گوند و بە ناوبژیوانی (شێخ ئەحمەدی شێخ محەممەدی شێخ حیسامەدین نەقشبەندی)، کە ناسراوە بە شێخ ئەحمەدی هەڵەبجه، ڕێکەوتن کراوە، بەڵام دواتر بەر هێرش کەوتووە و دانیشتوانی گوندەکە بۆ ماوەی چوار مانگ ئاوارەی شاخەکانی خۆرنەوزان و هەورامان بوون.

بۆردومانی گوندی هانەیدن ٢٠٠٣

‌ساڵی ٢٠٠٣ لەکاتی پڕۆسەی ئازادکردنی ناوچەی (هەورامان) بەهۆی ئەوەی بارەگای ‌ گروپی (جوندلئیسلام) لە گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)بووە، بە فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆردومانکراوە. بەو هۆیەشەوە دانیشتوانەکەی بۆ ماوەی ساڵێک ئاوارەی خورماڵ و هەڵەبجە بوون.

بۆردومانى ٢٦ی ٤ی ١٩٧٤ى هەڵەبجە

دواى شکستی گفتوگۆی نێوان بزووتنەوەى ڕزگاريخوازى کورد و حکومەتى عێراقى لە ساڵى ١٩٧٤ شەڕ دەستیپێکردەوە. حکومەت لە (هەڵەبجه) پاشەکشەیکرد و شارەکە کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی‌ ئاوارەی‌ شوێنەکانی تر، ڕوویانتێکرد. ڕۆژی ٢٦ی ٤ی ئەو ساڵە کاتژمێر چوار و نیوی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەت، بە هەردوو بۆمبی هێشوویی و ناپاڵم، بۆردومانی هەڵەبجەیان کرد، بەو هۆیەوە ٥٢ هاوڵاتی شەهید و دەیانی تریش برینداربوون. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانیش ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە ئێران‌. چەند ڕۆژێک دواتر گوندی (سەراو)ی ناوچەی نەوڕۆڵیش بە فڕۆکه هێرشیکرایەسەر و هەشت هاوڵاتی شەهید و سێ کەسیش برینداربوون. نزیکەی ساڵێک زۆربەی خەڵکی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومان نەگەڕانەوە بۆ شارەکە.

بینا سوتاوەکەی سیروان

کارەساتێکی سەردەمی جەنگی نێوان (ئێران - عێراق)ـە. ڕۆژی ٦ی ٨ی ١٩٨٦ ئێران شارۆچکەی (سیروان)ی بۆردومانکرد. یەکێک لە تۆپەکان بەر بینایەکی گەورەی دوو نھۆمی کەوت، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی گوندەکانی دەوروبەری خورماڵی تێدا دەژیان، جگە لە دانیشتوانەکەی ناوی، ژمارەیەک لە خەڵکانی دەوروپشتی بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ بردبوو. ئەوەشی، کە کارەساتەکەی زۆرتر کرد، گڕگرتنی ئەو بەرمیلە نەوتەبوو، کە پارچەی بەرکەوتبوو. لە ئەنجامدا ٧٤ هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و ١٤٠ کەسیش برینداربوون و تەواوی بیناکە سوتا. ئەم کارەساتە لەلایەن عێراقەوە بە دۆکۆمێنت ڕادەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرا.

تاڵانکردنی فرۆشگای تەوێڵە

کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە)، موڵکی شۆڕش بووە و وەک گەنجینە و فرۆشگا بەکارهێنراوە. لە کاتی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، فرۆشگای شۆڕش لە شارەدێی تەوێڵە، دەرگای خراوەتەسەرپشت بو ئەوەی هەر‌چی تێدا بووه،‌ بە تاڵان ببرێت و نەکەوێتە دەستی حکومەت. کۆگاکە کەوتووەتە گەراجی هاوبەشی حاجی ئەڵڵاکەرەم و ئەوڕەحمانی موڵکی. (هیوای جەلال حەمدی سلێمانەیی) لێپرسراوی بووە. لەبەر کردنەوەی مەرزی شۆشمێ لەو کاتەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بووە بۆ شۆڕش. بەسەدان تەن پێداویستی و خواردن و ٤٠ هەزار دیناری سویسری و سێ هەزار کارتۆن جگەرە و خۆراک و پۆشاک و ڕادیۆ و شـتی بـەنرخی تێدابووە.

تاڵانکردنی هەڵەبجە

بردنی هەموو ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەی ڕژێمە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە، ئەمەیش لە دوای داگیرکردنی هەڵەبجە لە ڕۆژی ١٥ی ٣ی ١٩٨٨دا، هەتا ڕێکەوتی کشانەوەی وەک دەستکەوتی جەنگ دەستیبەسەرداگرتن. لە پاڵ ئەوەشدا تەواوی کەلوپەل و ئامێرە خزمەتگوزارییەکانی فەرمانگە حکومییەکانی هەڵەبجە و دەوروبەری بران بۆ ئێران، لەوانە: کارگەی پوختەکردنی توتن بە کەلوپەل و ئامێر و توتنی عەمبارکراوەوە، کەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلی ١١ فەرمانگەی مەدەنی وەک نەخۆشخانەکان، بەرید و گواستنەوە، کارەبا، کشتوکاڵ و شارەوانی و وێستگەی سەرەکیی کارەبای هەڵەبجە و کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە ... هتد

تەپی تلەوەر

شەڕێکە لە نێوان خانەکانی دزڵی و شامیان و سانەکانی لهۆن. لەسەر حوکمداری و وەرگرتنی باج و خەراج و کۆمەڵێکک شاخی ژێردەستیان. لە سنوری هەورامانی بەشی باشور دوو دەسەڵاتی جیاواز بوونیان هەبووە، (سانەکانی لهۆن) و (خانەکانی دزڵی و شامیان). ئاوی زەڵمی جۆگەی دەلێن، سنوری جیاکردنەوەی دەسەڵاتیان بووە. خۆرهەڵاتی زەڵم بۆ سانەکان بووە و خۆرئاوای بۆ خانەکان. سەرەتای ناکۆکییەکە لەوەوە دەستپێدەکات، عوسمان پاشای جاف، عەبدوڵا ئاغای تەوێڵە بۆ کۆکردنەوەی باج و خەراج بۆ ناوچەکانی بەرزنجە دەنێرێت، بە هەمان دەستور مەحموود خانیش (مەجید بەگی ئامۆزای - وەرگەبۆر) بۆ هەمان مەبەست دەنێرێت. لە نێوانیاندا دەمەقاڵێ ڕوودەدات و بەشەڕە تەقە دەگات و هەشت کەس دەکوژرێت و نوێنەری خان بۆ دزڵی دەگەڕێتەوە. لەشکرێکی گەورە بۆ سەر هەورامانی لهۆن ڕێکدەخات. لهۆنییەکانیش بە سەرکردایەتیی جافر سان و عوسمان پاشای جاف، بۆ بەرگریکردن، لەشکرێک ئامادەدەکەن. لە نزیک (تەپی تلەوەر)ی لای گوڵپ شەڕ ڕوودەدات و لە هەردوولا خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و لەشکری خان بەرەو دزڵی دەگەڕێتەوە. جارێکی تر خۆیان ڕێکدەخەنەوە و لە ڕێگەی هانەگەرمڵەوە پەلاماری قوڵایی لهۆن دەدەن. لهۆنییەکان لە سەنگەردا کەمینیان بۆ دادەنێن و ژمارەیەک دەکوژرێن لەوانە: مەجید بەگی ئامۆزای مەحموودخانی دزڵی، کە تەرمەکەی دێننەوە سەر حەوزی خانەقای بیارە.

تەرزە گەورەکەی ساڵی ١٩٦٥

ڕووداوێکی سروشتییە. بارینی تەرزەیەکی زۆری پێشبینینەکراو بووە. لە شەوی پێنجشەممەی ٧ی ٩ی ١٩٦٥، کە ترس و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە و زیانی لە هەندێک بەروبووم داوە. مەلا حەمەمین ناسراو بە حاجی مامۆستا لە بەرگی قورئانە دێرینەکەی مزگەوتی باساکا، بارینەکەی تۆمار کردووە و بووەتە مێژووی بۆ ناسینەوە و ناونیشان لای خەڵکی.

چۆڵکردنی گوندی بنجۆی دڕە

دوای چالاکییەکی سەرکەوتووی هێزی پێشمەرگە لە سنوری خورماڵ ساڵی ١٩٦٤، هێزێکی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتیی زەعیم سدیق بەمەبەستی تۆڵەکردنەوه،‌ دەڕۆنە ناوچەکە‌، خەڵکەکە‌ بەرەو گوندی (هانەگەرمڵە) دەڕۆن و هەندێکیشیان ڕوو لە بەرزاییەکانی نارنجڵە دەکەن.

خاپورکردنى گوندەکانی تەپى سەفای سەروو و خواروو

‌ساڵی ١٩٨٦ به ‌بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە، حکومەت زۆربەی خانوەکانی هەردوو گوندى (تەپى سەفاى خواروو، تەپى سەفاى سەروو) ڕووخاندووە و خەڵکەکەی ناچارکردووە، کە بچنە سەر کێڵگەکانیان بمێننەوە.

خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەک لە گوندی ئیمامی زامن

لە مانگی تەمموزی ساڵى ١٩٨٢ لەکاتێکدا دوو هێليکۆپتەری سەربازی بە ئاسمانى گوندى (ئيمامى زامن)دا تێپەڕیون، يەکێک لە گوندنشينان بەناوى (محەممەد حەسەن شوکر)ی ناسراو بە (حەمەشوتە)، بە چەکى ئاربيکە (RBK)، تەقە‌ی لێکردوون، لە ئەنجامدا يەکێکيانی پێکاوە و لە‌ چەمى کاگردەڵ، کە گوندێکى نزيکى ئيمامى زامنه،‌ کەوتووەتە‌ خوارەوە. ناوبراو لەبەر پاراستنى خەڵکى گوندەکە، گوندەکە جێدەهێڵێت و دەچێتە (توونى حاجى عەلى)، کە لەوبەرى دەرياچەى دەربەنديخانەوەيە. دەوترێت دوای ماوەيەک مانەوەى لەو جێگايەش، جارێکى ديکە فڕۆکەيەکى ديکە دەخاتە خوارەوە و خۆشى بريندار دەبێت، پاشان هەڵدێت بۆ وڵاتى ئێران و لە شارى جوانڕۆ نيشتەجێدەبێت و هەر بەو هۆيەوە لەو وڵاتە ڕێزى لێنراوە و وەک پاڵەوانى جەنگ ناسراوە. دواتر هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە و بەخاکسپێرراوە.

خۆپيشاندانەکانی ساڵى ١٩٨٢

خۆپیشاندانێکی ڕامیارییە. بەمەبەستی یادکردنەوەی بۆردومانەکەی ڕۆژی ٢٤ی ٤ی ١٩٧٤ و دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە حکومەت و بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تری کوردستان، شەوی ٢٦ لەسەر٢٧ی ٤ی ١٩٨٢ لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی شارەکەوه،‌ ڕێکخستنەکانی ناو شاری (ی. ن. ک)، هانی جەماوەریان داوە بۆ ڕاپەڕین. خۆپیشاندانەکە، نزیکەی یەک هەفتە بەردەوامبووە و خوێندکاران ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە. دوکان و بازاڕ و خوێندنگاکان داخران و زۆربەی چین و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا حزبییەکان و دروشمی نەتەوەییان وتووەتەوە‌. سەرەنجام ١٢ کەس برینداربوون و دەیان کەسیان لێ دەستگیرکراوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، حکومەت فەوجێکی تایبەتیشی بە ناو شاردا بڵاوکردووەتەوە‌‌. ڕۆژی ١ی ٥ ی ١٩٨٢ سەدان کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکانی شار، کرێکارانی کارگەی توتنی شارەکه،‌ مانیانگرتووە و ژمارەیەک سەرباز چوونەتە‌ ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە. بۆ زیاتر تەشەنەنە‌کردنی ناڕەزایەتییەکان، ڕژێم ناچاربووە هێزی تایبەتی و جاش لە سیروان و سەیدسادقەوە ڕەوانەی هەڵەبجە بکات.

دابەشکردنی موچە بەتمەن

دوای هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول و بەتایبەتی ساڵی ١٩٦٣ حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی شۆڕش و بارودۆخی ئابوریی ناوچەکە خراپبووە. لە مانگی نیسانی ١٩٧٤ حکومەت شایستەی دارایی و موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و شۆڕش ناچار بووە لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی هەوراماندا مووچە بە تمەن دابەشبکات، بەڵام هەندێک لە فەرمانبەرەکان وەرگرتنی موچەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

داستانی پردی زەڵم

لەپاش دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگە دەسەڵاتی لە زۆربەی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوورر و هەوراماندا هەبوو. بۆ لاوازکردنی ئەم دەسەڵاتە، حکومەت سوپایەکی زۆری ناردووەتە‌‌ سەر ئەم ناوچانە. ڕۆژی ١٢ی ئابی ١٩٦٣ کاتێک هێزەکە گەیشتوونەتە سەر پردی زەڵم، پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و شەڕ دەستیپێکردووە. لە ئەنجامی سێ ڕۆژ بەرەنگاربوونەوە و نابەرانبەرییەکی زۆری چەک و ژمارەی سەرباز، پێشمەرگە ١٢ شەهیدیان داوە و بەرەو خورماڵ و بیارە پاشەکشەیاکردووە. سوپاکەی زەعیم سدیقیش بەرەو شاری هەڵەبجە ڕۆیشتووە و دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا پەیداکردووەتەوە. لەو داستانەدا حەمە گوڵپی (محەممەد ئەحمەد حەملە کەریم ١٩٢٨-١٩٦٣، هەڵدەکوتێتە سەر دەبابە و شەهیددەکرێت. بۆ چاوترسێنی خەڵکی، تەرمەکەی بە دوای دەبابەیەکدا ڕادەکێشن. (قادر کۆکۆیی ١٩٤٠ - ١٩٩٥) ڕۆڵـی بەرچـاوی هەبـووە لـەم داستانەدا.

پێشتر 1 2 3
...
8 دواتر