سەرگەت
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-10
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. (١٠٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێوان دوو چیا و دۆڵێکی چڕی باخی میوەهاتە و دەوڵەمەندە بە بوونی کانیاوی سروشتی وەک هەمەشوانە و کلکەو ئەسپی و وەزەکۆر و ئەشکەوتی گاوران و شوێنەواری گۆڕستانی بابا ناوس و چلەخانەکەی بابا ناوس و دیمەنی جیمۆرفۆلۆجی لە چیاکانی خۆرئاواییدا هەیە، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی تریاسی سەروو، ئەشکەوتی گاوران ئەشکەوتێکی دێرینە و ڕێگایەکی کۆن و پلیکانەی هەیە، کە بەرزییەکەی لە هەنگاوی یەکەمەوە، تا دەرگای چوونە ژوورەوەی، نزیکەی (٥٠م) دەبێت. مێژووەکەی هێشتا ڕووننییە بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە، بەڵام هەندێک پێیوایە، کە شوێنی نوێژ و شوێنی ئاینی زەردەشتیی کۆنی تێدایە. ٣٣ جۆر ئاژەڵ لە سێ ئەشکەوتی هەورامان تۆمارکراون، کە دوانیان ئەشکەوتی گاوران و هەمەشوانەیە لە سەرگەت. جگەلەوەی شوێنی گەشتیاری (ماڵێک بۆ ئارامی) کەوتووەتە ناو سەرگەت، کە بە کەرەستەی خاوی ناوچەی هەورامان و بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش بونیادنراوە و چەندین کەرەستەی کەلەپوری و پیشەی دەستیی هەورامانی تێدایە، وەک ئاشی ئاوی، گەشتیاران سەردانیدەکەن. سەرگەت ئاوهەوایەکی مامناوەندی هەیە و دارستانی سروشتیی چڕی تێدایە و ناوەندێکی گرنگی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییە و لەلایەن توێژەرانی ژینگەوە چەند جۆرێکی تایبەتی (کەو)ی تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها لە زستاندا بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و شوێنی گونجاوی هەیە بۆ پیادەکردنی چالاکیی وەرزشی سەر بەفر.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (ئەمین ئەحمەد حەمەعەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٥ى ٢ى ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: ڕێباز لوقمان مستەفا