پەڵکانى غوڵامى
سەيرانگايەکى دڵڕفێن و ڕەنگينە کەوتووەتە گوندى (غوڵامى)ی سەر بە ناحيەى سيروان. جيا لەوەى بە بەردەوامى خەڵکى بۆ وەرگرتنى پشوو سەيران سەردانیدەکەن، دانيشتوانى گوندەکە ساڵانە تەواوى خزمان و خەڵکى گوندى غوڵامى بەهارە گەشت و سەيرانێکى بەکۆمەڵ و گشتگير لەم شوێنەدا ڕێکدەخەن، ئەمەیش لەپێناو بەهێزکردنى خزمايەتى و تێکەڵى و يەکترناسين و خۆشەويستى و تەبايى نێوانيان.
پردی زەڵم
کەوتووەتە سەر سێڕیانی (هەڵەبجە - خورماڵ - سەیدسادق) و بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە و پێنج کیلۆمەتر لە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. شوێنێکی ستراتیژیییە و ئاوی زەڵم بە ژێریدا دەڕوات و دەشتی شارەزوور و شاخەکانی هەورامانی لێوە دیارن و پێگەی مێژوویی هەیە. چەندین ڕوداوی وەک داستانی پردی زەڵم و شاڵاوی زەعیم سدیق و گرتن و زیندەبەچاڵکردنی گیراوانی ١٩٨٧ و گرتنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ی پێوە گرێدراوە. خەڵکی بە تایبەت سەردانیدەکەن و ساڵانەش ئەو گەشتیارانەی دەچنە هەڵەبجە و هەورامان، لێرەش لادەدەن. لە ماستەرپلانی گەشتیاریی ناوچەکەدا بە شوێنێکی گەشتیاری دیاریکراوە.
چەمی ئاشی
یەکێکە لە لقەکانی ڕوباری سیروان، کە لە خوارووی گوندی هاوارەوە تێدەپەرڕێت و دوو ئاشی ئاوی لەسەرهەڵبەستراوە و باخەکانی وەک سەیرانگا بۆ حەوانەوەی گەشتیاران بەکاردێت.
چەمی سەرگەت
هاوینەهەورار و سەریرانگایە. کەوتووەتە نێوان گوندی سەرگەت و دۆڵی دەرەیمەڕ. سەرچاوەی ئاوەکەی، کانیاوی هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ و چەند کانیاوێکی ترن، کە نزیکەی ٢٠ کانی دەبن. ٨٠٠ دۆنم باخاتی هەیە. دەیان ئەشکەوت و ئاسەواری مێژووی، دەکەونە سنوری ئەم سەیرانگایەوە.
دارستانی جەلیلە
کەوتوەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە و لە نێوان گوندی عەبابەیلێ و عەنەبدایە. پڕە لەداری سنەوبەر و چەند دارێکی تر. بەشێوەیەکی جوان و فراوان دانراوە و لە نێوان و دامێنەکاندا شوێنی حەوانەوە هەیە. لە بەر نزیکیی لە هەڵەبجەوە، بەهاران، وەک شوێنی سەیرانکردن، هاوڵاتیان ڕووی لێدەکەن و لە وەرزی زستان و بارینی بەفریشدا، خەڵکی بۆ بەسەربردنی کات و چێژبردن سەردانیدەکەن. لە ڕێبەری گەشتیاریی گەشتوگوزاری هەڵەبجەدا، وەک ناوچەی گەشتیاری ژمێردراوە.
دەشتڵێ
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت و هانەیدن. (١٥٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرسیپە، کە مەرزێکی لاوەکییە و هاوڵاتیان کاری لێدەکەن و کەلوپەل باردەکرێتە سەر ئاژەڵەکان و ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باخی مێو، لە وەرزی بەهاردا خەڵکی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن.