پەڵکانى غوڵامى
سەيرانگايەکى دڵڕفێن و ڕەنگينە کەوتووەتە گوندى (غوڵامى)ی سەر بە ناحيەى سيروان. جيا لەوەى بە بەردەوامى خەڵکى بۆ وەرگرتنى پشوو سەيران سەردانیدەکەن، دانيشتوانى گوندەکە ساڵانە تەواوى خزمان و خەڵکى گوندى غوڵامى بەهارە گەشت و سەيرانێکى بەکۆمەڵ و گشتگير لەم شوێنەدا ڕێکدەخەن، ئەمەیش لەپێناو بەهێزکردنى خزمايەتى و تێکەڵى و يەکترناسين و خۆشەويستى و تەبايى نێوانيان.
پردی زەڵم
کەوتووەتە سەر سێڕیانی (هەڵەبجە - خورماڵ - سەیدسادق) و بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە و پێنج کیلۆمەتر لە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. شوێنێکی ستراتیژیییە و ئاوی زەڵم بە ژێریدا دەڕوات و دەشتی شارەزوور و شاخەکانی هەورامانی لێوە دیارن و پێگەی مێژوویی هەیە. چەندین ڕوداوی وەک داستانی پردی زەڵم و شاڵاوی زەعیم سدیق و گرتن و زیندەبەچاڵکردنی گیراوانی ١٩٨٧ و گرتنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ی پێوە گرێدراوە. خەڵکی بە تایبەت سەردانیدەکەن و ساڵانەش ئەو گەشتیارانەی دەچنە هەڵەبجە و هەورامان، لێرەش لادەدەن. لە ماستەرپلانی گەشتیاریی ناوچەکەدا بە شوێنێکی گەشتیاری دیاریکراوە.
چاڵاوەو هەرەقەلێ: هەرقلی
کەوتووەتە خوار پردی سەرچاوەی زەڵم بەرانبەر باخی حەمەقێخا. سەکۆیەکی جوانی حەوانەوە بووە لەسەر چەمی زەڵم. لافاوی ساڵی ١٩٥٤ بەشێکی بڕیوە و کردویەتییە دووبەشەوە و پێیوتراوە ناوڕوان. دواتر هەمووی کەوتووەتە باخی باخەکانی شەریفەوە لە تایفەی سۆفیا. پێدەچێت ناوەکەی پەیوەندی بە هیراقلیدس(هەرقل)ی پاشای ڕۆمەوە هەبێت، کە لە ساڵی ٦٣٨ز دوای شکاندنی سوپای فارس لە نەینەوا بەرەو شارەزوور هاتووە و نزیکەی ١٠ ساڵ ماوەتەوە.
چەمی ئاشی
یەکێکە لە لقەکانی ڕوباری سیروان، کە لە خوارووی گوندی هاوارەوە تێدەپەرڕێت و دوو ئاشی ئاوی لەسەرهەڵبەستراوە و باخەکانی وەک سەیرانگا بۆ حەوانەوەی گەشتیاران بەکاردێت.
چەمی سەرگەت
هاوینەهەورار و سەریرانگایە. کەوتووەتە نێوان گوندی سەرگەت و دۆڵی دەرەیمەڕ. سەرچاوەی ئاوەکەی، کانیاوی هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ و چەند کانیاوێکی ترن، کە نزیکەی ٢٠ کانی دەبن. ٨٠٠ دۆنم باخاتی هەیە. دەیان ئەشکەوت و ئاسەواری مێژووی، دەکەونە سنوری ئەم سەیرانگایەوە.
دەشتڵێ
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت و هانەیدن. (١٥٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرسیپە، کە مەرزێکی لاوەکییە و هاوڵاتیان کاری لێدەکەن و کەلوپەل باردەکرێتە سەر ئاژەڵەکان و ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باخی مێو، لە وەرزی بەهاردا خەڵکی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن.