خورماڵ
بەهۆی بوونی قەڵاو شورای کۆنی خورماڵ و سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاوی خورماڵ(کە چارەسەرێکی سروشتی نەخۆشییەکانە)، مزگەوتی گەورەی دێرینی خورماڵ(کە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی و خولەفای ڕاشیدی دەگەڕێتەوە)، هەموو ئەم هۆکارانە وایانکردووه، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سنوری شارۆچکەی خورماڵ بە ناوچەیەکی گەشتیاری بژمێررێت. بێجگە لەمانەش شاخەکانی دەوروبەری شوێنی سەوزبوونی دەیان جۆری گیای سروشتین و دەهێنرێنە بازاڕەکەی و خواستێکی زۆریان لەسەرە. بە هەزاران هاوڵاتی لە وەرزی بەهاردا ڕووی لێ دەکەن و سەردانیدەکەن.
عەبابەیلێ
کەوتووەتە بەردەم گوندی (عەبابەیلێ) و سێ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە. دارستانی چڕوپڕ و گۆرستانی کۆن و مەرقەدی عەبابەیلێ و گۆڕی ناودارانی وەک جافرسان و عادیلەخان و ئەحمەد موختار و تاهر بەگی جاف و چەندین مەلاو ناوداری تری تیدایە. لەبەرئەوە گەشتیاری زۆر ڕووی لێدەکەن و لەبەر نزیکیی ناوچەکە لە هەڵەبجەوە، خەڵکی لە زۆربەی وەرزەکاندا ڕووی لێدەکەن. چەند ساڵێک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەوێ کراوەتەوە و سێ ڤێستیڤاڵی جەماوەری بە ناونیشانی (مەیلێ بۆ عەواوەیلێ)ی تێدا سازدراوە.
دەریاچەی سیروان
بەشێکی گرنگی ناوچەی گەشتاریی ئاوییە لە پارێزگای هەڵەبجە. بەشەکەی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دەربەندیخان دەگرێتەوە و بە سیروان ناسراوە. ١٠کم لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەیە. بەهۆی بوونی بەلەم و ماتۆڕێکی زۆری گەشتیارییەوە لە بەهار و هاویندا خەڵکی ڕووی تێدەکەن و چێژ لە گەشتی نێو ئاو و بینینی دیمەنی باڵدار و مەلەکانی دەوروبەری وەردەگرن. بەو هۆیەوە لە ڕێبەری گەشتوگوزاریی هەڵەبجەدا بە ناوچەی گەشتیاری ژمێرراوە.
نەورۆڵی
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە، ناوچەیەکی فراوانە و کۆمەڵیک گوندی لەسەرە. بە چەند چیایەکی وەک (باڵامبۆ، نوەر) دەورەدراوە. شوێنی ژیانکردنی چەندین ناوداری وەک مەولەوی و کاک ئەحمەدی پریس و زانایانی مەدرەسەی نێرگزەجاڕ و پریس بووە. چەندین شوێنەواری مێژوویی دەکەونە ناوچەکەوە، وەک گردی بەکراوا، قەڵای گوندە. چەندین ڕوداوی گرنگ تێیدا ئاڕاستەکراون، وەک پەلاماری عومەر پاشای سەردار بۆ چەک داماڵینی حەمەپاشای جاف و سوتانی چرۆستانە. ئیدمۆندز پێیوتووە دۆڵی خۆشبەختەکان. لە بەهاراندا سەردانیکەری زۆرە و لەم ساڵانەدا لەڕێگەی سازدانی ڤیستیڤألی هونەری و کلتوریی نەورۆڵییەوە، زیاتر دەرکەوتووە و ئەگەر چەند خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی گەشتیاری تێدا ئەنجامبدرێت، گەشتیاری زۆرتر ڕووی لێدەکەن.
هەوارگەی گەشتیاری ئەحمەدئاوا
پڕۆژەیەکی گەشتیاریی حکومییە، کەوتووەتە سەر ڕێگەی دووەمی ئەحمەدئاوا و زەڵم لە نزیک گوندی ئەحمەدئاوا. دیوارەکەی بە بەردێکی جوان دروستکراوە و سەقفیان شیش و کۆنکرێتە. ساڵانە بە ئیجار دەدرێتە کەرتی تایبەت. لە ١٢ کابینەی گەشتیاری پێکهاتوە، هەرکابینەیەک برتییە لە دوو ژووری نووستن و هۆڵ و ناندین و گەرماو خزمەتگوزارییەکانی تری لە ئاو و کارەبای بەردەوامی هەیە، چوار دەوری کابینەکان بە دیوارێک لە خانوەکانی هاوڵاتیان جیاکراوەتەوە. شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و چەند یارییەکی منداڵانی تیدایە، لە دەرگای چوونە ژوورەوەیدا پرسگەیەکی بۆ پێشوازی لە هاوڵاتیان هەیە. چوار وەرزە کراوەیە، کرێی هەر کابینەیەک لە شەو و ڕۆژدا ١٠٠-١٥٠ هەزار دینارە.
بەڵخە
یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە) و لە دامێنی چیای هەوارەبەرزە و تەوەنێ هەڵکەوتووە. شوێنێکی پڕ کانیاوی سروشتی و باخی چڕ و دارستانی سروشتییە و ئاوهەوایەکی فێنک لە هاوین و بەفرێکی زۆر لە زستان، شوناسی بەڵخە و مێشلەن، ڕێگاوبانی قیرتاوکراو و چەندین خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدایە.