شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

پیرەمەگروون

کەوتووەتە گوندی کانی ئاسکان لە بناری چیای سورێن. لە دامێنی چیای پیرەمەگروون لە بەرانبەر گوندەکە هەڵکەوتووە. ناو ئەشکەوتەکە تاڕادەیەک فراوانە. شوێنەکەی سەختە و لە ڕۆژگارەکانی شۆڕشی کوردیدا پەناگە بووە. دەڕوانێت بەسەر سەنتەری گوندەکە و ئاوەدانییەکانی بەردەمیدا.

تاعونیان

کەوتووەتە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا) لە چاڵی داران لە قەدپاڵێکی نزمدایە. ئەوەی شارەزا نەبێت نایدۆزێتەوە. دەمەکەی لەتەختی زەوییە. دەبێت لەسەر ئەژنۆ بچیتە ژوورەوە. لە ناوەوە زۆرگەورە و قوڵە، ئەوانەی چوونەتە ناوی نەگەیشتونەتە بەشی کۆتایی.

تەخته

کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (میری سوور) سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). بە دووریی شەش کیلۆمەتر لە شاخی مەنجەرداوەیە. بەهۆی تەختیی زەوییەکەیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. فراوانییەکەی لەناوەوە نزیکەی سێ بە شەش مەتر دەبێت.

تەختە ٢

کەوتووەتە باکوری گوندی(دەرەگوڵان)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). لە لاپاڵی زنجیرە شاخی (سورێن)دایە. ڕووبەرەکەی (٣٠ بە ٤٠م) دەبێت. بەهۆی تەختیی سەر ئـەشـکـەوتـەکـەوە ئـەو نـاوەی لێنراوە. جـاران وەک پـەنـاگـە و بـۆ ئـاژەڵـداری بەکارهاتووە.

تکەکە

پەناگەیەکە لە شێوەی ئەشکەوتێکی سروشتی لەناو تاوێرە بەردێک لە چیا. کەوتووەتە(بانی سوورەسێ: بانی زەڵم). بەشێوەیەکە لە کۆتایی بەشی باکوری بانەکە و لەسەر ڕێگەی سەرەکیی دەروازەی ( مڵەخورد - خورماڵ)ـە. لە پشتەوەی گوندی (زەڵم) سەربە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ مەتر دووجایە. شوێنی مانەوەی چوار تا پێنج کەسی تێدا دەبێتەوە. ناوەکەی لەوەوە هاتووە، کە لە ئەشکەوتەکەدا (ئاو) بەشێوەی (تک تک - دڵۆپ دڵۆپ) دێتە خوارەوە و دەدات لەبەردی ناو ئەشکەوتەکە لە (دەروازەی مڵەخورد)ەوە، کە (٥٠٠م) لەسەروی ئەم ئەشکەوتەکەوەیە، هاتوچۆیەکی زۆر لەسەر ئەو ڕێگایەکراوە، بەتایبەت لەڕووی ئەوەی، کە ئەو ناوچەیەی ئەشکەوتەکەی تێدایە، ناوچەیەکی تەختایی و کراوە و فراوان و ئارامە و ترسی دزوو جەردە و ڕێگری لێنەبووە. هەروەها لەکاتی ئێستاشدا ساڵانە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە لەوەرزی بەهاراندا بۆ گەشت و سەیران و گیا بەهارییەکان ڕووی تێدەکەن‌.

جۆڵاسان

بە دووری (٩٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سانەکانی هەورامان، کە لەڕابردوودا لەو گوندەدا ژیاون و پیشەی جۆڵاییان کردووه. ڕووبەرەکەی (٦٠٠م٢) دەبێت. بە بەرد بەشێکی شوێن دەرگاکەی هەڵچنراوە. لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک پەناگه بەکارهێنراوە. هەروەها خاوەن ئاژەڵەکانیش بەکاریانهێناوە. بەهۆی گەورەیی ئەشکەوتەکەوە و کەمیی ڕێگا و جێگای خەڵکی لە گوندەکەدا پانزە گەلەخانیان لەناو ئەشکەوتەکە جیاکردووەتەوە لە نێوان سەیدەکان و بەگەکاندا بەشکراوە.

چەمچەتاش ١

کەوتووەتە چیای قولەڕەش لە گوندی ڕێشاو. کانییەکی تێدایە بەناوی قاڵوگولە. دەڵێن هەورامییەکان بەهۆی بوونی ناکۆکی لە ناوچەکەی خۆیان لەگەڵ جافانی جوانڕۆ، هاتونەتە ئەم ئەشکەوتە و خۆیان حەشارداوە. دواتر بۆ بژێوی ژیانیان تێیدا لە داری ناوچەکە پێداویستی ڕۆژانەی خەڵکیان دروستکردووە ناوەکەی هەورامییە و بەواتای کەوچک تاش دێت.

چەمچەتاش ٢

کەوتووەتە قەدپاڵی شاخی مەڕمانگان لە خۆرهەڵاتی‌ گوندی (بۆین) لە سەرووی ئەشکەوتی قوڵنەچین و لوتکەی تلی کوڕە. ناوەکەی هەورامییە، چەمچە بەواتای (کەوچک)دێت. چونکە پیاوێک، کە خەڵکی خۆرهەڵاتی‌ کوردستان بووە و نزیک بە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر هەڵهاتووە و خۆی تێدا حەشارداوە و لە داری کێکفەکانی چیای مەڕمانگان، کەوچک و پێداویستی ڕۆژانەی دروستکردووە. بە خەڵکی بۆین و گوندەکانی تر فرۆشراوەتەوە، بۆیە بەناوی چەمچەتاشان ناونراوە.

چلەخانەی بابا ناوسی سەرگەت

ئەشکەوتێکی بچوکی سروشتییە. لە لایەن عاریفان و پیاوچاکانی ئایینیەوە بۆ خەڵوەتکێشان و خوداپەرستی بەکارهاتووە و بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەتەنها ماونەتەوە. یەکێک لەوانە (تەوەنە و باباناوس)ی خوداناس بووە، کە بە یەکێک لە ڕێبەرە ئاینییەکانی یارسان و هەورامان دادەنرێت و سیمبولێکی ئایینیی دیاری سەرگەتییەکانە. ساڵی ٤٧٧ی کۆچی و کۆتایی سەدەی پێنجەمی کۆچی لە سەرگەت لەدایکبووە، هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە و بەخاکسپێرراوە.

چلەخانەی بابا غەیبوڵڵا

بابا غەیبوڵڵا ناوی (سەید عەبدوڵڵا)یە. پیاوچاک و خواناس بووە. ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە و حوجرەی هەبووە، خەڵکی فێری دین و زانست و ژمارەکان کردوە. بابا غەیبوڵڵا لەنەوەی باباناوسە، کە پێشر لەو گوندەدا ژیاوە. چلەخانەکە کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) لە ناوچەی هەورامان. مەزاری بابا غەیبوڵڵا کەوتووەتە بەردەم گوندە کۆنەکە، چلەخانەکەش کەوتووەتە ناو ئەو شوراییەی، کە بە بەرد بۆ گۆڕەکەی ناوبراو دروستکراوە. چلەخانەکە لە ژێر بەردێکدایە لە شێوەی ئەشکەوت، کە بەردەکه (١٠ بە ١٢م) و چلەخانەکەش دوو بە سێ مەتر دەبێت. پانیی دەرگای ئەشکەوتەکە نیومەتر و بەرزییەکەی یەک مەترە. ناوبراو، کە پیاوچاک و لەخوا ترس بووە، لەو ئەشکەوتە بچوکەدا عەیبادەتی کردووە.

چەمی هەنارەکە

کەوتووەتە گوندی بەردەبەل لە بناری چیای سورێن. بە ئاڕاستەی گوندی قەڵبەزە دەڕوات. کونێکە هەندێکجار ئاژەڵی کێوی تێدایە وەک چالەکە و کەمتیار. بەهۆی بوونی هەنار لەنێو چەمەکەی بەردەمیدا ئەو ناوەی لێنراوە.

حاجی قادری

کەوتووەتە دەستە ڕاستی چەمی زاوەر لە بەردەم شاخی خەڵەفی لە سنوری شارەدێی تەوێڵە. لەسەر زمانی خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (مەڕەو حاجی قادری). خەڵکی بۆ گەلێ مەبەست سەردانیانکردووە. حاجی قادر باپیری د. ئازاد مستەفای بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەیە و خاوەنیەتی.

زیاتر بزانە
ئـەشکەوت

حەمەتاڵ

لە بەرزاییەکانی گوندی چنارەی زیڕۆنە لە بناری چیای سورێن. کەوتووەتە کەوانەی ئاوایی خۆرهەڵاتی‌ گوندەکە. بەناوی کەسێکەوە ناونراوە.

حەمەڕەشید بەگ

لە سنوری گوندی نەیجەڵەیە. کەوتووەتە قەدپاڵەکانی شاخی تاران و زۆر سەخت و دژوارە. بەناوی بەگەکانی جوانڕۆ و هەورامان و پاوەوە ناونراوە. کەوتووەتە بەردەم قولەی زڕوەن و لەسەرووی مای تارانەوە هەڵکەوتووە.

حەمەسوور

کەوتووەتە بناری چیای سورێن و لە خۆرئاوای گوندی چنارەی زێڕوونە. کەسێک بەناوی (حەمەسوور) بۆ هەنگ بڕین ڕۆشتووە و کەوتووەتەخوارەوە و گیانیلەدەستداوە. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. سەختە و لە تاوێرە بەردی ڕک و تیژ پێکهاتووە.

حەمەشێت

ئەشکەوتێکی سروشتییە. کەوتووەتە شاخی (سورێن) لە باکوری گوندى (عاموورە). ڕووى لە دەشتى شارەزوورە، وا باس دەکرێت کەسێک، کە شێت بووە ماوەیەک لەو ئەشکەوتەدا ماوەتەوە، بۆیە بە ئەشکەوتى (حەمەشێت) ناسراوە. لە ڕابردوو و ئێستاشدا خەڵکى گوندەکانى سنورى بنارى سورێن سودیلێوەردەگرن وەک پەناگە و مانەوەى شەوانى ڕاوچى و ئاژەڵدارى.

حەمە کوژیاو

کەوتووەتە باکوری گوندی جەلیلە لە بناری زنجيرە شاخی شنروێ لە بەرزاییەکانی بەردەڕەشان هەڵکەوتووە. بەهۆی بۆردومانی ڕژێمی بەعس کەسێک لەو ئەشکەوتە کوژراوە و ئەو ناوەی لێنراوە. شوێنەکەی گەورە نیيە. بەڵام زۆر بەناوبانگە و یەکێکە لە ناونیشانە دیارەکانی ناوچەکە.

حەمە لەیلە

کەوتووەتە گوندی (بۆین). سروشتییە و لە تەنیشت ئەشکەوتی گاگەلەوەیە و تەنها (١٠م)یان لەنێواندایە. لە١٠٠ ساڵی ڕابردوودا کەسێک بەناوی (حەمە لەیلە) بەهۆی نەبوونی خانو لەگەڵ خێزانەکەی لەم ئەشکەوتەدا ژیاون، هەر بۆیە ئەوناوەیان لێناوە. دەرگای ئەشکەوتەکە کراوەیە و شەش مەتر دەبێت و دەڕوانێتە بەشێکی ماڵەکانی گوندەکە لەبەرانبەری. ناوەوەی ئەشکەوتەکە، (١٥م) درێژە و (١٠م) پانە. لە ڕابردوودا و تا ئێستاش بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ لەلایەن خـەڵکـی گـوندەکەوە بەکاردێت.

حەمەی زێوا

کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی سیروان و گوندی کەوتەو باشوری چیای باڵامبۆ لە نزیک ڕوباری سیروان، بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوه ‌دەگاتە٥١٤م.

حەیدەر

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی یاڵانپێ (١٠٨٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەناو دۆڵی خۆرنەوەزانە و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات هەڵکەوتووە و لە باکورەوە دۆڵەکانی لەگلەکان و دۆڵاوە سوور و هەنگە چاڵەکێ و لە باشورەوە کانی باخەکان و شێخ قادر و لە خۆرهەڵاتەوە کانی ڕێزینە و وەرزی ساجە و لە خۆرئاواوە لوتکەی مەڕدێیەکان و بانە گەورێ دەورەیانداوە. ڕێگایەکی خۆڵ لە گوندەکەوە دەڕواتە ئەشکەوتەکە و خەڵکی دێ، بە تایبەتی بەهاران سەردانیدەکەن، پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە.

پێشتر 1
...
47 48 49
...
61 دواتر