شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

وشکەناوی سەروو

کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی(خورماڵ) و باکوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان هانەی قوڵ و خۆرهەڵاتی گوندی یەڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ە. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە و کەوتووەتە دامێنی چیای مڵەخورد و سێخڕان و بە دامێنی دیوی خۆرئاوای چیاکەدا درێژ دەبێتەوە و دەتوانین بڵێین کەوتووەتە نێوان چیاکانی(مڵەخورد و سێخڕان و سوتنەچەڕ و بانی زەڵم و کەڕەجاڵ) دەکەونە بەشی باکوریەوە، لوتکەی ئاساو وایی کەوتووەتە خۆرهەڵاتی، هەروەها دۆڵی وشکەناوی خواروو کەوتووەتە بەشی خۆرئاوایەوە. تێکڕای (١٣٠٣م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٤کم٢)، درێژیی (١,١٣کم) و پانییەکەی (٥٨٠م) دەبێت، بەشی خوارەوەی باخ و باخاتێکی چڕە بە دار گوێز و هەنار و توو و هەرمێ، قەڵای زەڵم و شوێنەواری میر خان ئەحمەدخان کەوتووەتە سنوری باشوری، لە بەشی سەرەوەی دۆڵەکەدا هەرسێ دۆڵی ڕەنگین و شەوگە و ڕاو ولێ یەکدەگرن ڕێگای مەرزی مڵەخوردی بە نێودا تێپەڕدەبێت و بە چیای سێخڕاندا سەردەکەوێت ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەى کێوی.

وڵا

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ـە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان هەردوو دۆڵی وەروێ لە خۆرهەڵاتی و دۆڵی سەختە لە خۆرئاوای درێژ بووەتەوە و کەوتووەتە باکوری گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم، دۆڵە سوورە دەکەونە بەشی باکوریەوە، لوتکەی بەخشە کەوتووەتە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها بانی پەڵمینێ کەوتووەتە باشوری، دۆڵی سەختە کەوتووەتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (١٣١٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٢کم٢)یە، درێژیی (١,٣٦کم) و پانییەکەی (٢٢٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی کەڕيجاڵ و دۆڵی زەڵم. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە و چەندین جۆری درەخت و گژوگیای سروشتی تێدایە.

وێڕگا

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١١٢٢) و بەرزترین خاڵی(١٢٠٩م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١١٦٥م). ڕووبەرەکەی (٠,٠٦کم٢)یە و درێژیی (٠,٩٨کم) و پانییەکەی (٢٥٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی بیارە و چەندین دۆڵی دیکەی تێکەڵدەبێت وەکو دۆڵی باخی خول و سەر وەزەن و دۆڵی دەرە شوڵای و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرەقەیسەر و دۆڵی هانەنەوتێ و دواتر لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ یەکدەگرن و بە خڕی بیارە ناسراوە و بە گوندی خارگێڵاندا تێپەڕدەبێت و ئاوی چەند دۆڵێکی دیکەی دێتە سەر وەک دۆڵی خارگێڵان و دۆڵی خەرپانی و چەمی ڕاوی و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکەن. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

یەوەجەڕە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١٠٨٢) و بەرزترین خاڵی‌ (١٢٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. واتە تێکڕای بەرزیی دەگاتە(١٠٩٣. ٥م). ڕووبەرەکەی (٠. ٠٢کم٢)و درێژیی (٠،٩٥کم) و پانییەکەی (٢٩٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی دووە چڵە و دۆڵی باسکەدرێژ و دۆڵی خەرپانی و چەمی ڕاوی و خڕی بیارە و پاشان بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

ئەشکەوتە قوڵە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. لە تەختایی ناوچاڵی بانیبنۆک هەڵکەوتووە. زیاتر لە ٦ کەس تیایدا شوێنیان دەبێتەوە.

ئەشکەوتەکانی پشت زەڵم

کۆمەڵێک ئەشکەوتن لە پشتی سەرچاوە و گوندی زەڵم هەڵکەوتوون: ١- کانەدرێژ: ڕیزە ئەشکەوتێکن لەپاڵ یەکدان و بە شێوەی (کان)ی درێژ دەردەکەون. لەنێوان کەڕەجاڵ و زەڵمەوەن. دەوروبەریان لەوەڕگایە. ٢- کانەوەرگە: دوو ئەشکەوتن لە پاڵ یەکتر. لەسەرووی سەرچاوەی زەڵمەوەن. دەوروبەریان گیای بەهاری زۆری لێیە و خەڵکی سەردانیدەکەن. بۆ ئاژەڵداریش بەکاردەهێنرێن.

ئەشکەوتەکانی چەمی وشکەناو

کۆمەڵێک ئەشکەوتن کەوتوونەتە چەمی وشکەناوی خواروو، لە سنوری گوندی (زەڵم). زۆربەیان لە کاتی جەنگی جیهانی و شەڕەکانی تردا وەک پەناگە بەکارهێنراون، لە سەرهەڵدانی شۆڕشە کوردییەکانیشدا هەندێکیان کراونەتە بارەگای پێشمەرگەی لایەنە سیاسییەکان. بریتین لە: ١- شەوگا: کەوتووەتە خۆرهەڵاتی‌ سەرەتای چەم و لەسەر ڕێگەی ڕێبوارانە، لەکاتی باران و مەترسیدا پەنای بۆ دەبرێت. ٢- مەڕەو لەیلێ: بەرانبەر ئەشکەوتی شەوگایە لەبەشی خۆرئاوای چەمەکە. ٣- کاوەو هەچکوچا: ئەشکەوتێکی گەورە و پاک و وشکە، هەچکوچ واتە مێوژ، ناوەکەی لەوەوە هاتووە پاییزان ترێی تێدا هەڵگیراوە و مێوژی لێدروستکراوە. ٤- مەڕە دووە نهۆمێ: ئەشکەوتێکی سروشتیی دوونهۆمە لە خۆرئاوای چەمی وشکەناودایە. ٥- مەڕە سەختە: ئەشکەوتێکی بەرز و سەختی وشکەناوە، کەم کەس دەتوانێت بچێتەناوی بۆیە ناوی نراوە ئەشکەوتی سەخت. ٦- کەرمل و باپور و بەرەسەرا: دوو ئەشکەتی بەرانبەر یەکترن لە نزیکی چەمی وشکەناو، شوێنی ئاژەڵداری و حەوانەوەن. ٧- مەڕەو هاری: ئەشکەوتێکە کانی تێدایە و دەلاقەی لەسەرەوە هەیە، قایم و جێگەیەکی لەبارە بۆ خۆپارێزی. ٨- ئەشکەوتەکانی خۆشە: چەند ئەشکەوتێکن نزیک لەکانی سەرەوەی چەمی وشکەناوی زەڵم، لەتەختی چەمدان، بەرانبەریان(مەڕە بوڵینا)یە. دەوروبەریان لەوەڕگای باشە، لەبەر ئەوە بۆ ئاژەڵداری بەکاردێن. ٩- مەڕ میران: نزیک بە هانەی ڕەنگینە.

ئەشکەوتەکانی کەڕەجاڵ

کۆمەڵێک ئەشکەوتن و کەوتوونەتە کەڕەجاڵی سەرووی گوندی (زەڵم)ـەوە لە دیارترینیان: ١- تڵیشەو شەرەفێ: بەرانبەر کانییەکەی کەڕەجاڵە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٦ بە ٣م) دەبێت. زیاتر هەوارنشینان بەکاریانهێناوە. ٢- ئەسپەر و تەنگانە: بەرانبەر کانی کەڕەجأڵن لە پشتی زەڵم. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٦ بە ٤م) دەبێت. ٣- مەڕەقووڵە: کەوتووەتە نزیک کانییەکەی کەڕەجاڵ. ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠ بە ٧م) دەبێت. لە کۆندا هەواریان لێهەڵداوە و بۆ ئاژەڵداری بەکاریانهێناوە. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەبەر گەورەیی و لەباریی ئەشکەوتەکە کراوە بە بارەگای پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی.

ئەلی بەگ

کەوتووەتە دامێنی چیای دوورەبنە لە زنجیرە چیاکانی سورێن. زۆر گەورە نیيە. بن تاشەبەردێکە. بەڵام بەناوبانگ بووە و کەسێک بەناوی عەلی بەگی زەلکەی مەریوان لەوێ کوژراوە. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

بابا زەردەڵە

بە دووریى (١٠٠م) کەوتووەتە پشت گوندی (ئەحمەدئاوا) لە شیوی بابا زەردەڵە هەڵکەوتووە. لە ئاواییەکەوە نزیکە و مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت بڕواتە ناوی. چلەخانەیەکیش لەو ناوچەیە هەیە و ئەشکەوتەکە جیاوازە لەو چلەخانەیە. بە هەموو ئەو ناوچەیە دەڵێن کەلارەکانی سەرداربەگ.

بانی شێران

کەوتووەتە کۆتایی شاخی بانی شێران لە باشوری خۆرهەڵاتی‌ گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. گەورە و فراوانە. زیاتر بۆ ئاژەڵداری و کاتی نەهامەتی و شەڕ و شۆڕشەکان بەکارهاتووە.

باوەچان

کەوتووەتە خوار (تەپە چەرمگ) لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتووە. ڕاوچی و شوانەکان بۆ مەبەستی حەوانەوە بەکاریانهێناوە.

بەرئەشکەوت

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (میری سوور) لە بناری چیای سورێن. نزمە و لە کۆتا بەرزاییەکانی گوندەکەدایە. لەسەرەتای پایز و بەهاردا بۆ ئاژەڵداری ســوودی لێدەبینرێت.

بەردەهەنگەکە

کەوتووەتە چیای (دۆڵ سورێن)ی سەر بە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). ئەشکەوتێکی شوێنەوارییە. قوڵییەکەی زۆرە. دەوترێت ساڵی ١٩٩٢ ڕێکخراوێکی بیانی هاتوون کنە و پشکنینیان تێداکردووە. کتێبێک، کە پێڕستی شوێنەوارەکانی ناوچەکەی تێدانوسراوەتەوە لەگەڵ کەڵەشێرێکی ئاڵتوونی لێ دۆزراوەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی هەنگی لێ بووە ئەو ناوەی لێنراوە.

بەرکەورگان

چەند ئەشکەوتێکن. کەوتوونەتە خۆرئاوای گوندی (کۆساوا). لە بەرزاییدان و بەسەر ڕوباری سیرواندا دەڕوانن. شوێنەواری چەندین هەڵکۆڵراویان لەسەرە. لەلایەن خەڵکی گوندەوە بۆ چەند مەبەستێکی وەک ئاژەڵداری و مانەوەیان بەکارهێنراوە. فراوانن و لە هەندێک شوێن هەشت مەتر درێژ و سێ مەتر پانن.

بەڕوار

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گریانە). درێژیەکەی ٣٠ مەتر، پانی ١٥مەتر، بەرزییەکەی سێ مەتر دەبێت. لە سەرهەڵدان و شۆڕەکانی کوردا پەناگە بووە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا گەورە کراوە و ڕێـکخـراوە بـۆ بـارەگای حزبی.

بەگزادان

کەوتووەتە باکوری گوندی (ڕێشاو)، لە شاخی قولەڕەش و نزیک ئەشکەوتی قاڵوگولە هەڵکەوتووە. شوێنی مانەوەی بەگزادەکانی هەڵەبجە بووە، ڕووبەرەکەی گەورەیە، پێکهاتەکەی بەردی سەختە، لە ئێستادا زیاتر ڕێبواران بەکاریدەهێنن، بەڵام لە سەردەمی شۆڕشی پێشمەرگەدا شوێنی مانەوەی ئەو فیرارانە بوون، کە لەدەست سەربازی لە شارەوە هەڵهاتوون.

بڵۆکێ

کەوتووەتە نێوان چەمی دەوەرە و چەمی کەوجێزە لە سنوری گوندی (چنار)ی کۆکۆیی، لە شاخێک هەڵکەوتووە، کە شانێکی ڕاستە و وەک مایەکی بەرز وایە.

بندوور

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی‌ گوندی دەڵەمەڕ لە شاخی شنروێ. لە شاخی بەرکەورگان و لە نزیک ئەشکەوتەکانی گاگەل و کۆتر هەڵکەوتووە. لە ناوەوە قوڵییەکەی بە بەراورد بە دوو ئەشکەوتەکەی دیکە زیاترە. بنی ئەشکەوتەکە دوورە و درێژە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. هەڵکەوتەکەیان زۆر سەخت نییە و بە ئاسانی بەکارهاتوون لەلایەن خەڵکەوە. بەتایبەت لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕووداوەکانی دیکەدا پەناگه ‌و حەشارگەى دانيشتوانى گوندەکە بوون.

بووڵینا

کەوتووەتە دۆڵی (وشکەناوی سەروو) لە نزیک (بانی سوورەسێ) و (١٥کم) لە شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە‌ دوورە. نزیکەی (١٢٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر دەشت و دۆڵی ناوچەکەدا دەڕوانێت. (مەڕە بوڵینا)یشی پێدەوترێت.

پێشتر 1
...
46 47 48
...
61 دواتر