تکەکە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11


لاپەڕەی 460

ئەشکەوت

پەناگەیەکە لە شێوەی ئەشکەوتێکی سروشتی لەناو تاوێرە بەردێک لە چیا. کەوتووەتە(بانی سوورەسێ: بانی زەڵم). بەشێوەیەکە لە کۆتایی بەشی باکوری بانەکە و لەسەر ڕێگەی سەرەکیی دەروازەی ( مڵەخورد - خورماڵ)ـە. لە پشتەوەی گوندی (زەڵم) سەربە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ مەتر دووجایە. شوێنی مانەوەی چوار تا پێنج کەسی تێدا دەبێتەوە. ناوەکەی لەوەوە هاتووە، کە لە ئەشکەوتەکەدا (ئاو) بەشێوەی (تک تک - دڵۆپ دڵۆپ) دێتە خوارەوە و دەدات لەبەردی ناو ئەشکەوتەکە لە (دەروازەی مڵەخورد)ەوە، کە (٥٠٠م) لەسەروی ئەم ئەشکەوتەکەوەیە، هاتوچۆیەکی زۆر لەسەر ئەو ڕێگایەکراوە، بەتایبەت لەڕووی ئەوەی، کە ئەو ناوچەیەی ئەشکەوتەکەی تێدایە، ناوچەیەکی تەختایی و کراوە و فراوان و ئارامە و ترسی دزوو جەردە و ڕێگری لێنەبووە. هەروەها لەکاتی ئێستاشدا ساڵانە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە لەوەرزی بەهاراندا بۆ گەشت و سەیران و گیا بەهارییەکان ڕووی تێدەکەن‌.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٩ی ٣ی ٢٠١٨.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (زەینەدین عەبدولقادر عەبدوڵڵا هانەقوڵی)، پیشە: خانەنشین، لە ١٣ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرێز(عەبدوڵڵا لەتیف حەمەساڵح هانەقوڵی)، لەدایکبوو: ١٩٧١، پیشە: خانەنشین، لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣، لە خورماڵ.

ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.