چلەخانەی بابا غەیبوڵڵا

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 463

ئەشکەوت

بابا غەیبوڵڵا ناوی (سەید عەبدوڵڵا)یە. پیاوچاک و خواناس بووە. ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە و حوجرەی هەبووە، خەڵکی فێری دین و زانست و ژمارەکان کردوە. بابا غەیبوڵڵا لەنەوەی باباناوسە، کە پێشر لەو گوندەدا ژیاوە. چلەخانەکە کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) لە ناوچەی هەورامان. مەزاری بابا غەیبوڵڵا کەوتووەتە بەردەم گوندە کۆنەکە، چلەخانەکەش کەوتووەتە ناو ئەو شوراییەی، کە بە بەرد بۆ گۆڕەکەی ناوبراو دروستکراوە. چلەخانەکە لە ژێر بەردێکدایە لە شێوەی ئەشکەوت، کە بەردەکه (١٠ بە ١٢م) و چلەخانەکەش دوو بە سێ مەتر دەبێت. پانیی دەرگای ئەشکەوتەکە نیومەتر و بەرزییەکەی یەک مەترە. ناوبراو، کە پیاوچاک و لەخوا ترس بووە، لەو ئەشکەوتە بچوکەدا عەیبادەتی کردووە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (زەینەدین ساحیب محەممەد) لەدایکبوو: ١٩٥٣، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٥ی ٧ی ٢٠٢٣، لە سەرگەت.
  2. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (سدیق حەمەساڵح عوبەید)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە ٣٠ی ٧ی ٢٠٢٣، لە سەرگەت.
  3. سەردانى مەیدانى ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٧ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: سەلام هانەدنی

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.