شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

ملەی مزیار

کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵیی خۆرئاوای شاری هەڵەبجە، لە نێوان هەردوو گوندی (پریسی سەروو) و (هانەسوورە). لەسەر لوتکەی بەرزاییەکە گۆڕی چەندین کەسایەتیی ناوداری ناوچەی نەورۆڵی لێیە و خەڵکی ناوچەکە لایانوابووە پاش مەرگیش، پێویستە شوێنیان بڵند بێت. لەوانە: عەبدوڵا محەممەد خواکەرەم نەورۆڵێ (سەرۆکی نەورۆڵی)، سەید عەبدولڕەحیم هانەسوره و کاک ئەحمەد پریسی (مەجزووب).

ملەی مۆردین

دەڕوانێت بەسەر گوندی (مۆردین)دا، مەزارگەیەک و گۆڕستانێکی تێدایە، کە بە گۆڕستانی قادریان بەناوبانگە. بەهۆی شەڕی عێراق و ئێران لە ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٨ ڕێگای سەربازی پێدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووەتە نزیک ڕوباری سیروان، بەو هۆیەوە مەزارەکە تێکچووە و ئێسک و پروسکی چەندین گۆڕیش، کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە دەرکەوتوون، مەزارەکە لای گوندنشینەکان پیرۆز بووە و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر سەردانیانکردووە.

مڵەخورد

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم) و سنوری هەورامانی دیوی عێراق و هەورامانی خۆرهەڵات دیوی وڵاتی ئێران پێکدەهێنێت. (١٩١١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە لوتکە چیاکانی سێخڕان. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر دەروازەی نافەرمی مڵەخورد و گوندەکانی زەڵم و هەورامانی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران و دەربەند دزڵی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و گژوگیا، کەوتووەتە سەر ڕێگای سنوری نا فەرمی مڵەخورد.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

منارەکەوە

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ) و سنوری گوندەکە لەگەڵ چیای سورێن و هەورامانی خۆرهەڵات پێکدەهێنێت. (٢٣٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری. بە ڕووپۆشی ڕووەکی دەوڵەمەندە و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بە هۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، بۆیە گەشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

مێخى هەنگەکە

کەوتووەتە‌ نزيک گوندى (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). يەکێکە لە شاخەکانى زنجيرەى (خۆشک). سەخت و لێژيشە. بەرزيیەکەى دەگاتە (١٤٥٠م)ه.

ناوحەو

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا). سنوری جیاکەرەوەی کۆساوا و بۆینە لە باکوری ملەپانکێ هەڵکەوتووە. بەئاڕاستەی مورگەبا، لە لێواری سیروان درێژدەبێتەوە. ناوەکەی لە (ناو حدودەوە) هاتووە. لە نەخشەی کادسترۆی ساڵی ١٩٥٧دا ئاماژە بۆ سنور و ئاڕاستەکەی کراوە.

ناوگردان

دوو گردن. کەوتوونەتە سنوری گوندی (باوەکۆچەک). ڕێگای سەیرانگای چاوگ لەیەکیان جیادەکاتەوە. دەڕوانێت بەسەر هەڵەبجەدا. لەساڵی ١٩٧٠ کاندا کراوەتە دارستانی دەستکرد و سنەوبەری تێدا نێژراوە. خاکەکەی بە پیتە و ڕووی ئەودیوی کراوەتە باخ و باخداری. لەڕووی شوێنەوارییەوە دوو قولەی پاسەوانی تێدایە، کە لە بنی گردەکەوە بە ژێرزەویدا بەرزدەبێتەوە، تا دەگاتە سەر لوتی گردەکە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە و پڕبوەتەوە.

نەوەر

کەوتووەتە بەشی باشور و باشوری خۆرئاوای پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی (٢٤کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە، لاپاڵەکانی باکوری دەڕوانێت بەسەر (ناوچەی نەورۆڵی) و قەدپاڵی باشوری دەڕوانێت بەسەر(ناوچەی شەمێران) و (دەریاچەی دەربەندیخان)دا، ڕوباری سیروان بەلای خۆرهەڵاتیدا تێدەپەڕێ و بە دەوری شاخەکەدا دەسوڕێتەوە و لە کۆتایی کلکەی باشوری خۆرئاوای شاخەکەوە، دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخانەوە. چەندین ئەشکەوت هەیە، کە باوەڕ وایە لە کۆندا مرۆڤی تێدا ژیابێت، (بەردە گەورەی نەوەر) بەناوبانگترین شوێنیەتی، کە (دۆڵی چەمی ئاشان) شاخی نەوەر لە (شاخی باڵامبۆ) جیادەکاتەوە. (گوندی نەوەر) کەوتووەتە بناری باکوری شاخەکە و (گوندی میراولی) کەوتووەتە باکوری خۆرئاوایەوە. درێژیی ئەم زنجيرە شاخە(٣.٦کم) دەبێت و بەرزترین لوتکەی لە بەرزایی (١١٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. (تەنگی سەید محەممەد) لە باشوری خۆرهەڵاتی ئەم چیایە هەڵکەوتووە، کە شوێنێکی لەبارە بۆ بەستنەوەی ناحیەی (بەمۆ) بە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەوە.

نەیجەکۆڵە

کەوتووەتە باشوری گوندی باخەکۆن و خۆرهەڵاتی گوندی گوڵپ. (١٢١٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەی، دووریی لە خانەقای باخەکۆنەوە (٤٨٠م) دەبێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و داری گۆیژ دەوڵەمەندە و خەڵکی بۆ هێنانەوەی بەرهەمی گۆیژ سەردانیدەکەن و دامێنی لوتکە چیاکەش شوێنێکی سێبەر و ئاوهەوای فێنک و خۆشە و لە بەهاردا سەیرانکەرێکی زۆر ڕوویلێدەکەن.

نزارە ڕەش

به ‌دوريى يەک کيلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و سنورى جياکەرەوەى نێوان ئەم گوندە و گوندەکانى ميراولى و خوڵاميیه. درێژيەکەى نزيکەى يەک کيلۆمەتر و نيو دەبێت، لە بانى مراخان دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تا دەگات بە چاڵەپانى گوندى خوڵامى، بەهۆى ئەوەى، کە ئەو ڕووەى دەڕوانێت بەسەر گوندى قارەمانيدا کەمتر خۆر دەيگرێت و تاريک و ڕەش دەردەکەوێت و نسارێکە، بە نزارە ڕەش بەناوبانگ بووە. بەرزترين ئاستى زنجيرە چياکه ( ٧٦٠م)ە لە ئاستى ڕووى دەرياوە. دەوڵەمەندە بە ڕوپۆشى ڕووەکى سروشتى بەتايبەت دار بەڕوو، هەر بۆيە چڕ و تاريکە.

نزار

کەوتووەتە ناوچەی کۆکۆیی. هەردوو گوندی (نەیجەڵە و چنار) لەیەک جیادەکاتەوە. ڕێگای تولەڕێی هەردوو گوندەکەی پێدا تێپەڕدەبێت. (١٠٥٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی وەک(سیمان، بەوڕۆڵ، گوڕی گەور). شاخەکە قەدپاڵێکی سەختی هەیە و بە داری سروشتی دەوڵەمەندە.

نسارە سوور

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (باخەکۆن و گەچێنە) و (١٤٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە و دارستانی سروشتی و بەڕوو و گۆیژی پێوەیە. لە باکورەوە لوتکەی کەمەرەسوور و چیای شرام و لە باشورەوە دۆڵی نسارەسوور و دەرەوکێڵا و لە خۆرهەڵاتەوە لوتکە چیای شرام و سێخڕان و لە خۆرئاواوە لوتکەی زەوی عەولە و دۆڵی گۆڕیچە دەورەیانداوە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

نوقتەکە

کەوتووەتە نزیک‌ گوندی (عەبابەیلێ) و دامێنی شاخی شنروێ. ساڵی ١٩٢٠ بنکە و شوێنی چاودێری و جموموڵی سەربازیی ئینگلیزەکان بووە و هەر لەبەر ئەوەشە ناویان ناوە (نوقتەکە) و لە بەردەمیدا چەند قەڵایەکی تر وەک سەنگەر لێدراوە. لە ئێستادا شوێنەواری نەماوە و تاوەرێکی کارەبای لێدانراوە.

نیشان کرد

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هاوار و باکوری هاوارەکۆن. (١٠٧٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر هاوار و هاوارەکۆن. شوێنێکی سەخت و ڕێگایەکی خۆڵ بە باکوریدا تێپەڕدەبێت، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری چەمی هاوارەکۆن.

نێرگزەجاڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (نێرگزەجاڕ) لە خۆرئاوای ناحیەی (سیروان). لە شێوەیەکی دریژکۆڵەیی وەرگرتووە و لەبەشی خۆرئاوایەوە دەڕوانێت بەسەر دەریاچەی دەربەندیخاندا. (٧٥١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هاڵەشمڵی

کەوتووەتە چیای خۆرەتاوی (کەوتێ) لە گریانە. بەرز و ڕکە. مرۆڤ ناتوانێت گوزەری پێدا بکات. خاکەکەی ڕەنگی شینە و گیای (شمڵی)یشی تێدایە. بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

هاڵی وڕان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ). (١٣٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای سوتنەجەڕ. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی زەڵم و ئەحمەدئاوا و یاڵانپێ و هانەی قوڵ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

هانە دڕە

کەوتووەتە گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن. شاخێکی سەخت و دژوارە. لە خۆرهەڵاتی گوندەکە هەڵکەوتووە.

هەچان

کەوتووەتە‌ گوندى غوڵاميەوە، لەسەردەمانى پێشوو شوێنى ياريکردن و ڕمبازى و ئەسپسوارى گەنج و کوڕو کاڵى ئاوايى بووە، زەويەکى تا ڕادەيەک تەختە و گونجاوە بۆ ياريکردن و سەرگەرمیى منداڵان و کوڕوکاڵى گوند.

هەربەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ)، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی سەرگەت و شەڵواندڕ. بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاوی کانیاوەکانی، وەک کانیاوی شەڵواندڕ و کانیاوەکانی دۆڵەکانی تاقاو زەردی، چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی بە تایبەتی لە بەشەکانی خوارەوەی دارستانێکی سروشتی بەڕوو و گۆیژ و گژوگیای بەهارە، چیاکە دەوڵەمەندە بـە بوونـی ڕەزە دێم.

پێشتر 1
...
21 22 23
...
61 دواتر