نەوەر
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە بەشی باشور و باشوری خۆرئاوای پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی (٢٤کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە، لاپاڵەکانی باکوری دەڕوانێت بەسەر (ناوچەی نەورۆڵی) و قەدپاڵی باشوری دەڕوانێت بەسەر(ناوچەی شەمێران) و (دەریاچەی دەربەندیخان)دا، ڕوباری سیروان بەلای خۆرهەڵاتیدا تێدەپەڕێ و بە دەوری شاخەکەدا دەسوڕێتەوە و لە کۆتایی کلکەی باشوری خۆرئاوای شاخەکەوە، دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخانەوە. چەندین ئەشکەوت هەیە، کە باوەڕ وایە لە کۆندا مرۆڤی تێدا ژیابێت، (بەردە گەورەی نەوەر) بەناوبانگترین شوێنیەتی، کە (دۆڵی چەمی ئاشان) شاخی نەوەر لە (شاخی باڵامبۆ) جیادەکاتەوە. (گوندی نەوەر) کەوتووەتە بناری باکوری شاخەکە و (گوندی میراولی) کەوتووەتە باکوری خۆرئاوایەوە. درێژیی ئەم زنجيرە شاخە(٣.٦کم) دەبێت و بەرزترین لوتکەی لە بەرزایی (١١٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. (تەنگی سەید محەممەد) لە باشوری خۆرهەڵاتی ئەم چیایە هەڵکەوتووە، کە شوێنێکی لەبارە بۆ بەستنەوەی ناحیەی (بەمۆ) بە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەوە.
سەرچاوەکان:
- النقل و مشکلاتە فی قضاء حلبجة- کوردستان العراق، دراسة فی جغرافیة الاقتصادیة، باخان خالید عبدالقادر، (رسالة ماجستیر غیر منشورة)، جامعة المنصورة، جمهوریة مصر العربیة، ٢٠١٥، ص٥٥.
ئامادەکردنی: باخان خالید عەبدولقادر