نزارە ڕەش

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 214

شاخ

به ‌دوريى يەک کيلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و سنورى جياکەرەوەى نێوان ئەم گوندە و گوندەکانى ميراولى و خوڵاميیه. درێژيەکەى نزيکەى يەک کيلۆمەتر و نيو دەبێت، لە بانى مراخان دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تا دەگات بە چاڵەپانى گوندى خوڵامى، بەهۆى ئەوەى، کە ئەو ڕووەى دەڕوانێت بەسەر گوندى قارەمانيدا کەمتر خۆر دەيگرێت و تاريک و ڕەش دەردەکەوێت و نسارێکە، بە نزارە ڕەش بەناوبانگ بووە. بەرزترين ئاستى زنجيرە چياکه ( ٧٦٠م)ە لە ئاستى ڕووى دەرياوە. دەوڵەمەندە بە ڕوپۆشى ڕووەکى سروشتى بەتايبەت دار بەڕوو، هەر بۆيە چڕ و تاريکە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (مستەفا عارف محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٥٦، پیشە: کاسب، لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (ماجيد محەممەد نوورى مەحموود)ی ئەنجومەنی گوندی (قارەمانی)، لەدایکبوو: ١٩٧٦، ئاستی خوێندن: سەرەتايى، پیشە: جوتيار، لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: تیمی مەیدانی/ گوندی قارەمانی

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وارنوەر

کەوتووەتە نێو سەنتەری شارۆچکەی (بیارە) و دەڕوانێت بەسەریدا. لە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەکە هەڵکەوتووە. بەرزترین لوتکەی (١٢١٢م)ە. بەرانبەر شاخی (کڵاوەی ئاشوور)ە. بە هەردووکیانەوە دۆڵێکی فراوان و قوڵیان پێکهێناوە، کە پێیدەوترێت (دەرەی تەکیە) و (چەمی بیارە). جۆگەی (وەراوەر) بە ناوەڕاستیدا تێپەڕدەبێت، پشتی جۆگەگە دەبێتە ئێران و بەردەمی کەوتووەتە سنوری هەرێمی کوردستانەوە. لەسەر لوتکەکەی قەڵایەکی کۆنی تێدایە پێیدەوترێت قەڵای (وەرانوەر). چڕوپڕە و داری سروشتی و باخاتی زۆری تێدایە. چەندین تولەڕێگەی کۆڵبەری و قاچاخی لێیە و دەڕواتەوە نێو گوندی (هانە گەرمڵە).

وەچەلان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا) لە سەروو شاخەکانی ملەکەوە و گاماڵ لە نێوان هەردوو گوندی بۆین و کۆساوا. شاخێکی پڕدارە و بەڕوو و قەزوانی زۆری تیایە. لە بەرزترین لوتکەیدا بنکەی پاسەوانی سنوری تێدایە و دەڕوانێت بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا. دەربارەی ناوەکەی بەهۆی ئەوەی چەند شاخێکی دیکە لەم شاخە دەبێتەوە ئەو ناوەی لێنراوە.

وەرەتاو هانەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن). لە هانە هەنجیلانەوە درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە شاخی ڕایی سوور و دواتر دەلکێتەوە بە شاخی شرام. نزیکەی ٥٠٠٠ پێ بەرزە. بەرانبەری شاخی نسارە و دۆڵی شەڵواندڕ بە نێوانیاندا دەڕوات.

وەزڵی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە). بە دیوی عێرقدا دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی: سۆسەکان، بەڵخە، پاڵانیا، هاوار. بە گیا خۆرسکە بەهارییەکان دەوڵەمەندە. چەند باخیکی تەوێڵەیی و کانی و ئەستێرێکی تێدایە. لە بەشی ئەودیوی گوندەکانی نەوسود و شۆشمێ وەزڵی ئێران و چەند گوندێکی تری لێیە. ڕێگەی کۆڵبەرەکانە. لە ملەگای ویسوورە و پشتی گەڕەکی وەراوەرەوە بۆی دەچێت. (وەزڵیە)یشی پێدەوترێت.

قوتی مەیدان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). زاڵە بەسەر گوندەکانی (گڵێجاڵ و سەعداوا) و هەموو دەشتی گڵێجاڵدا دەڕوانێت. (١٠٩٥م) لەئاسـتی ڕووی دەریاوە بەرزە.

قوچ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل) و دەڕوانێت بەسەریدا. بە قوچی بەردەبەلیش ناودەبرێت. جگە لە شاخی سورێن دەڕوانێت بەسەر هەموو شاخەکانی دیکەی ناوچەکەدا. دیوی پشتەوەی چاڵێکی گەورەی لێیە، کە بە نزارە ڕەش ناودەبرێت و وەک لەوەڕگایەکی سروشتی بەکاردێت.