لەنگەلەرز

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 192

بان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن). لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی (هانەیدن) و (دەرەیمەڕ)دایە. ڕووبەرەکەی ٥٤کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندی هانەیدن و سەرگەت و دەرەیمەڕ. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە، هەروەها بەهارە سەیرانگایەکی دڵگیرە و خەڵکێکی زۆر سەردانیدەکەن، لەم دواییانەدا کانی بەردینی لێدراوە و بەردەکانی بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی بیناو خانو وتەڵانی باخەکان، ئەمەش بووەتەهۆی شێواندنی دیمەنە سروشتییەکەیی و وێرانیکردووە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکه ١٨ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (زەینەدین ساحیب)محەمەد، لە دایکبووی١٩٥٣، بکالۆریۆس، خانەنشین، ١٨ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

هێڵەگەمە

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە) و (باخەکۆن). ڕووبەرەکەی (٠,٠٧کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە هەوارگەی دانیشتوانی گەچێنە و باخەکۆن بووە وبۆ ئاژەڵداریش سودیانلێوەرگرتووە.

یاڵەکە

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی زێڕوون)ی سەر بە قەزای (خورماڵ). حکومەتی بەعس سەربازگەیەکی گەورەی لێدروستکردبوو، فڕۆکەی سەربازی لێنیشتووەتەوە. ڕووبەرەکەی لە دۆنمێک زیاترە.

کەسرەتە

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). لە بەرزایی (٥٠٠م) لەسەرووی چیای کەسرەتە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دەشتی سازان و شاخی کورتەیەرە. زەوییەکانی بە گاجووت کێڵراوە. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندیشە. خاوەنداریەتیی بۆ حاجی تۆفیقی سازانی ئەگەڕێتەوە.

کونەتاریکە

به ‌دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (میری سوور)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٠ دۆنم دەبێت. وەک لەوەرگای سروشتی بەکاردێت. نزیکەی (١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە بەهاراندا خەڵکی بۆ گیا بەهارییەکان و سەیران سەردانیدەکەن.

کونەسەرد

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). ڕووبەرەکەی(٠.٠٦کم٢) و(٩٠٠-١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ لایەنی بەرگری لە ناوچەکەدا، هەروەها وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سوودی لێوەرگیراوە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە.

کۆرەگەچان

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (ڕێشاو)، دەڕوانێت بەسەر چەمی گەچ و گوندی (ڕێشاو) و دەشتەی سازاندا، نزیکە لە سەنتەری گوندەکەوە، بانێکی تەختە و وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە. لە ئێستادا خەڵکی گوندەکە وەک سەیرانگایەک بەکاریدەهێنن و بەهاران تێیدا دادەنیشن.