مالێدەر
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
یەکێکە لە سێ شاخە گەورەکەی سەر بە شارەدێی (تەوێڵە). گەورەترین بەشی تەوێڵە کەوتووەتە دامێنی ئەم شاخەوە، ڕوو بە قیبلەیە و بەر خۆرەتاوە. لە بەرانبەر دوو شاخەکەی تر هەڵکەوتووە و وەک تەوێڵ و ناوچاو دێتە بەرچاو، جەمسەرێکی لە چەمی زاوەرەوە درێژ دەبێتەوە تا پشتی ئاوێسەر لە خۆرهەڵاتیەوە. دەمی شێناو گەڕەکی مالێدەر و پرۆژەی ئاوی مالێدەر و گۆڕستان و مەزاری پیاوچاکان و دوو مەزگەوت و باخەکانی دەرەتفێ، کەوتوونەتە داوێنی ئەم شاخەوە. بە ڕێگەی پیادە لە چەند شوێنێکیەوە دەتوانرێت بچیتە گوندەکانی زاوەر و نۆدشە و هەورامانی دیوی خۆرهەڵاتەوە، لە ئێستادا بەهەرەوەزی جادەی ئۆتۆمبێلی بۆ براوە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (گەردوون ڕۆستەم مستەفا)ی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی تەوێڵە، لەدایکبوو: ١٩٨٢، بڕوانامە: دبلۆم، لە ٩ی ١ی ٢٠٢٤.
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٣٦٨.
- هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم. بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ئۆفسێتی قانیع، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل٣٥٤.
ئامادەکردنی: همایون ساحیب کەریم