بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
یەکەمین سیمپۆزیۆمی هونەریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە، بۆ ٩٩ مامۆستای هونەری سەر بە چالاکیی بەڕێوەبەرایەتییەکە و میوانداریی چەند هونەرمەندی شارەکە. بە چاودێریی پارێزگاری هەڵەبجە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ١١ی ٢٠٢٤ لەنأو سروشتی نەورۆڵی لە تەپەسەوز، بەرێوەچووە. مامۆستایانی شێوەکاری لە سروشتدا بە جوانییەکانی پاییزەوە کارەکانیان نەخشاندووە و بەرهەمی شێوەکاری و سیرامیک و گۆرانی و میوزیک پێشکەشکراوە و شێوازێکی تایبەتی کاری هونەری بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجەدا نمایشکراوە و فرەڕەنگی و جیاوازییەکان خراونەتەڕوو. بەشداربووان وەک سەیران تا ئێوارە لە سروشتدا ماونەتەوە. چالاکییەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا ڕەنگیداوەتەوە و بڕیارە بکرێتە نەریتێکی هونەریی ساڵانە.
پێشانگایەکی شێوەکاریی هونەرمەند (ئەسغەرە ڕەشید)ە، بە هاوکاری ڕێکخراوی چالاکیی لاوان، لە ٢٠ و ٢١ی ٤ی ٢٠٠٦ لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە کراوەتەوە. بریتیبووە لە پۆرترێتی شاعیرانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، لەوانە: قانیع، عێلبەگی، ناتق، شاهۆ، سەیدی، گۆران، تاهربەگ، کاردۆخی، ئەحمەدموختار.
پێشانگایەکی هونەریی تەعبیریی (ئاگرین لوتفوڵڵازادە)یە. بەرهەمی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەی شەهید و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانییە، کە تێیدا ناسنامەی باری شارستانی بۆ سەدان شەهیدی هەڵەبجە دروستکردووەتەوە. لە ڕێکەوتی ١٥-١٨ی ٣ی ٢٠١٣ لە ماڵی عومەری خاوەر نمایشکرا.
پێشانگایەکی (فۆتۆجۆرنالیستی)یە. بەرهەمی ئۆفیسی هەڵەبجەی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوانە. لە چوارچێوەی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ڕۆژی جیهانی ڕۆژنامەگەریدا، لە ١١ی ٥ی ٢٠١٠دا بۆ کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسانی هەڵەبجەی کردووەتەوە. بەشداران (مهرەبان سەلام، نازم مانیا، ئەردەڵان کاکەیی، ڕێگا ئەحمەد، فەریق هەڵەبجەیی، شوان سۆسەکانی، سالم حەمەخان، سەروەت عەبدوڵا، یەحیا سباح، ئارام نەجم، دانا حەیدەر، ڕاستی ئیبراهیم، عیرفان ئەحمەد). بەڕێوەبەری پێشانگا: ئەرسەلان عابد. ڕێکخەری پێشانگا: حەمید حەمەتۆفیق، فەریق هەڵەبجەیی. شوێن باخچەی سەنتەر.
پێشانگایەکی شێوەکارییە. بەرهەمی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان - ئۆفیسی هەڵەبجەیە، وەک یەکەمین پێشانگای تایبەتی، بۆ هونەرمەند (نەسرین عەبدوڵا) کراوەتەوە. لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٠٨ کراوەتەوە و ٣٩ تابلۆی تێدا نمایشکراوە.
پێشانگایەکی شێوەکاریی کۆلاژ و پۆستەریی هونەرمەندان (عوسمان قادر، ڕێبوار سەعید، ئاکۆ غەریب) و تابلۆی کۆمەڵێک منداڵی شاری هەڵەبجەی شەهیدە. لە یەکەمین ساڵیادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا، لە ڕۆژانی ١٥ی ٤ بۆ ٢٢ی ٤ی ١٩٨٩ لە شاری (سەقز) کراوەتەوە. تابلۆکان گوزارشتیان لە کۆستی کورد و مەرگی هەڵەبجە کردووە.
پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکارییە. کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، لقی هەڵەبجەی شەهید، لە ساڵیادی پەیکەساز (کۆسار ئەحمەد غوڵام)دا بۆ شێوەکاران (کاربین عومەر، مەهدی هەورامی، حەسەن موراد، هیوا مەحموود) لە٢٢ بۆ ٢٤ى ٥ى ٢٠٠٥ لە هۆڵی سارا کردوویەتیەوە.
پێشانگایەکی شێوەکارییە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری هەڵەبجە، بەشی ڕۆشنبیریی لە خورماڵ، ڕۆژی ١٦ی ١ی ٢٠٢٠ بۆ شێوەکار (هاوکار گوڵپی) لە باخچەی ئارۆ تەنیشت گەراجی سلێمانی لە خورماڵ، کردویەتییەوە.
پێشانگایەکی شێوەکاریی هاوبەشی هونەرمەندانی شێوەکاریی هەڵەبجەیە. وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە یادی ٢٥ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە ١٦ى ٣ى ٢٠١٣ و ڕۆژانی دوایی، لە گەلەری شێوەکاریی هەڵەبجە کردوویەتیەوە. بەسەرپەرشتی (ئەریوان سەڵاح، ئاودێر عوسمان، حەسەن موراد) و فۆتۆ (سەلام حاجی عەلی). هەر هونەرمەندە و بە تابلۆیەک بەشداربووە. بەشداران: (ئیبراهیم زۆراب، بەختیار هەڵەبجەیی، ژیان مەحموود، پێشەوا جەلال، حامید ئەحمەد، حەسەن موراد، ژینۆ داود، سالار باقی، سەلمان ک. خەسرەو، شەهێن ئەبوبەکر، ساحیب، عەبدوڵا میرزا، کۆسار ڕەشید، لەمیا حسێن، محەممەد فەتاح، مەریوان زەندی، نیان جەمال، نەوشیروان عەلی، نیان مەحموود، هاوار عەلی مەردان، هاوژین عبدالواحد، هاوسەر سەفەر، هاوکار ساحب، هەرێم جەمال، هونەر ساحیب، ئەریوان عەبدولڕەحمان، ئاودێر عوسمان، ئەریوان سەڵاح، ئەمجەد جەمال، ئیسماعیل حەسەن، عەبدولڕەحمان میرزا، فەخرەدین سەلیم، مامۆستا حەمەفەرەج، مەهدى هەورامی، هەدیە ڕەئوف).
چالاکییەکی کلتوریی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە. بە مەبەستی نمایشی بەرهەمی ناوازەی کاری دەستیی پیشەوەران و دەستڕەنگینان و پسپۆڕانی پارێزگاکانی: سنە، کرماشان، هەمەدان، ئیلام، ئازەربایجانی غەربیی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵەبجە، لە دەیان بواری جیاجیادا بە چۆنیەتیی باش و نرخی گونجاو، لەگەڵ دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی نێوان ئەوان و پیشەوەرانی کوردستان. کاری هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە، بە چاودێری پارێزگار، لە ١ بۆ ٥ی ٥ی ٢٠٢٢ لە پارکی شاری یاری لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدراوە.
سەنتەری میترا بۆ کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکاری کوردستان لە ٢٤ بۆ ٢٨ی ٦ی ٢٠١١ لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسورەکە، کردوویەتییەوە. چەند شێوەکارێکی ی هەڵەبجە بەشدارییاکردووە. ئەوانیش: (عەبدوڵا میرزا، ئاریان عەبدولڕەحمان، شۆخان محەممەد سەڵاح، ئاودێر عوسمان) بوون.
پەیکەری ئافرەتێکە منداڵێکی لە کۆڵە و منداڵێکی تریشی بەدەستەوە. بە قەبارەی دوو مەتر بەرزیی لە چیمەنتۆ، لەسەر دیواربەندێکی شارەوانیی هەڵەبجە بە سپۆنسەری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لەلایەن هونەرمەندی پەیکەرساز (سیروان عوسمان عەلی)یەوە دروستکراوە. لە ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٩٢ لە هەڵەبجە پەردەی لەسەر لادراوە. دواتر شکێنراوە.
پەیکەری شاعیر ئەحمەدموختار بەگی جافە. بە بەرزیی پێنج مەترونیو لەبەردەم ئامادەیی ئەحمەدموختار دانراوە. لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بیرۆکەی پەیکەرساز ئومێد محەممەد عەلی بووە. لە دوای نۆژەنکردنەوەی ئامادەییەکە پەیکەرێکی تری لە برۆنز بە قەبارەی چوارمەتر و نیو بە سپۆنسەری گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە لەلایەن پەیکەرساز (چێنەر نزار)ەوە دروستکرایەوە و لە ڕۆژی ٢٥ی ٨ی ٢٠٢٢ پەردەی لەسەر لادراوە.
پەیکەری (فەخرەدینی حاجی سەلیم)ـە. وەک هێمای چاوەڕوانیی کەسوکاری منداڵەونبووەکانی هەڵەبجە، بەرجەستەکراوە. کاری پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـە. لە باخی گشتیی هەڵەبجە دانراوە.
چەند پەیکەرێکی کەسایەتیيەکانی هەڵەبجەن: ١- حەکیمی مەلا ساڵح: ساڵی ٢٠١٩، لەلایەن پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـەوە دروستکراوه. ٢- کەمال هەورامی: ساڵی ٢٠٢١، لەلایەن پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـەوە دروستکراوه. ٣- ئەسغەر ڕەشید: لەلایەن پەیکەرساز (بەختیار هەڵەبجەیی)ـەوە دروستکراوه. ٤- حەسەن زیرەک: لەلایەن پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـەوە دروستکراوه. ٥- عوسمان هەورامی: ساڵی ٢٠٢١، لەلایەن پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـەوە دروستکراوه.
ئەو پەیکەر و کارە هونەرییانەن، کە لە حەوشە و باخچەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا لەلایەن هونەرمەندانەوە دروستکراون و دانراون. تێکڕایان پەیوەندیان بە گێڕانەوە و چیرۆکی مەرگەساتی هەڵەبجەوە هەیە. کە بریتیین لە: ١- سیمبۆلی هەڵەبجە. کارێکی خوسرەو جافە. لە پێنج بۆمب دروستیکردووە. ئاماژەیە بە بۆمبارانکردن و تاقیکردنەوەی جۆرەها بۆمب. لەسەر پایەکانی نمادەکە بە چەند زمانێک نوسراوە (هەڵەبجە لەبیرت ناکەین)، لە چوار دەوری ئەم نمادەدا، ڕێکخراوی (ڕزگاربوانی چەکی کیمیایی) لەسەر چەند تابلۆیەک ناوی شەهیدانی بۆردومانی ٢٦ی ٤ ی ١٩٧٤ و بێسەروشوێنانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی هەڵەبجەیان نوسیوە. لە دەستەچەپی دەروازەی مۆنۆمێنت دانراوە. ٢- مۆنۆمێنتی جەنگ: یەکێکە لە بەشە زیندووەکانی مۆنۆمێنت. نمایشکردن و پیشاندانی ئەو کەرەستە و ئامێر و چەکە سەربازییانەیە، کە دەیان ساڵ کوردستانیان پێ کاولکراوە و خەڵکیان پێ لەناوبراوە. وەک دەبابە و فڕۆکەی جەنگی و... هتد. ٣- فۆتۆگرافەر (پەیکەری نەناسراو): وەفای شاری هەڵەبجەیە بۆ هەموو ئەو وێنەگر و ڕۆژنامەنوسانەی لە سەرەتای تاوانەکەدا، کیمیابارانیان بە دنیا ناساند. بیرۆکەی نەریمان کەمال و کاری پەیکەرساز (هاوار عەلی مەردان)ە لە باخچەی مۆنۆمێنت دانراوەو ڕووی کردووەتە مۆنۆمێنت. ٤- پەیکەری ئەنفال: بۆ لەبیرنەکردن و هاوخەمیی هەڵەبجەیە بۆ تاوانی ئەنفال و سوتانی کوردستان، جارێکیتر پیشاندان و ناساندنی ئەنفالە بە سەردانیکەرانی هەڵەبجە. کاری پەیکەرساز: بەختیار هەڵەبجەییە. ٥-پەیکەری عومەر حەمەساڵح: بڕوانە پەیکەرەکانی عومەر خاوەر.
پەیکەری پێنج شاعیری هەورامییە (بێسارانی، سەیدی هەورامی، مەولەوی، مەلاحەسەنی دزڵی، محەممەدی مەلا ساحیب)، لە بەردی مەڕمەڕی سپی کریستاڵی، ساڵی ٢٠١٢ دروستکراوه. لە گەڕیاتی شارەدێی تەوێڵە، بەرانبەر بە قوتابخانەی تەوێڵەی بنەڕەتی، لە سەر کەڵەکەبەردێکی سوننەتی سروشتی دانراوە. کاری مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە و لەسەر ئەرکی مەلا بەختیار، پەیکەرساز (بەرزان زاهیر) ئەنجامیداوە.
پەیکەری قەبارە گەورەیە. وەک ڕەمزێک بۆ گیانی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٨٨ بە هاوبەشیی (کۆسار ئەحمەد غوڵام، سیروان عوسمان)، دروستیانکردووە و لە شاری سلێمانی دانراوە، پاشان بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لە ١٥و ١٦ی ٣ی ١٩٩٥ شکێنراوە.
تایبەت بە کەسایەتیی زانستی (پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی) دروستکراوە. کاری پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـه و ساڵی ٢٠٢١ دروستکراوە و لە ڕۆژی ١٥ی ٤ی٢٠٢١ لەسەر شەقامی سەرەکیی (خورماڵ – ئەحمەدئاوا) دانراوە.
لەپای وەفا بۆ دۆستی کورد خاتوو میترانی هاوسەری سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا، چەند جارێک دروستکراوە. یەکەمجار پەیکەرساز ئومێد محەممەد ساڵی ١٩٩٣ دروستیکردووە، کە منداڵێک دەستی بەداوێنی ئەم خانمەوە گرتووە و لە خوار گەڕەکی بەنزینخانە (دەروازەی جارانی شار) دانراوە و دواتر شکێنراوە. دووەمجار پەیکەرساز (حامید ئەحمەد) دروستیکردووە و لە حەوشەی شارەوانی دانراوە.