پەیکەر و نمادەکانی ناو حەوشەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
ئەو پەیکەر و کارە هونەرییانەن، کە لە حەوشە و باخچەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا لەلایەن هونەرمەندانەوە دروستکراون و دانراون. تێکڕایان پەیوەندیان بە گێڕانەوە و چیرۆکی مەرگەساتی هەڵەبجەوە هەیە. کە بریتیین لە:
١- سیمبۆلی هەڵەبجە. کارێکی خوسرەو جافە. لە پێنج بۆمب دروستیکردووە. ئاماژەیە بە بۆمبارانکردن و تاقیکردنەوەی جۆرەها بۆمب. لەسەر پایەکانی نمادەکە بە چەند زمانێک نوسراوە (هەڵەبجە لەبیرت ناکەین)، لە چوار دەوری ئەم نمادەدا، ڕێکخراوی (ڕزگاربوانی چەکی کیمیایی) لەسەر چەند تابلۆیەک ناوی شەهیدانی بۆردومانی ٢٦ی ٤ ی ١٩٧٤ و بێسەروشوێنانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی هەڵەبجەیان نوسیوە. لە دەستەچەپی دەروازەی مۆنۆمێنت دانراوە.
٢- مۆنۆمێنتی جەنگ: یەکێکە لە بەشە زیندووەکانی مۆنۆمێنت. نمایشکردن و پیشاندانی ئەو کەرەستە و ئامێر و چەکە سەربازییانەیە، کە دەیان ساڵ کوردستانیان پێ کاولکراوە و خەڵکیان پێ لەناوبراوە. وەک دەبابە و فڕۆکەی جەنگی و... هتد.
٣- فۆتۆگرافەر (پەیکەری نەناسراو): وەفای شاری هەڵەبجەیە بۆ هەموو ئەو وێنەگر و ڕۆژنامەنوسانەی لە سەرەتای تاوانەکەدا، کیمیابارانیان بە دنیا ناساند. بیرۆکەی نەریمان کەمال و کاری پەیکەرساز (هاوار عەلی مەردان)ە لە باخچەی مۆنۆمێنت دانراوەو ڕووی کردووەتە مۆنۆمێنت.
٤- پەیکەری ئەنفال: بۆ لەبیرنەکردن و هاوخەمیی هەڵەبجەیە بۆ تاوانی ئەنفال و سوتانی کوردستان، جارێکیتر پیشاندان و ناساندنی ئەنفالە بە سەردانیکەرانی هەڵەبجە. کاری پەیکەرساز: بەختیار هەڵەبجەییە.
٥-پەیکەری عومەر حەمەساڵح: بڕوانە پەیکەرەکانی عومەر خاوەر.
سەرچاوەکان:
- سەردانی ئامادەکار بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لە ١٢ی ٥ی ٢٠٢٣.
- مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پێناسەسەک بۆ جینۆساید، محەمەد محەمەد سەعید گۆمەلاری، ڕێبەرێک بۆ ناساندنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، چاپی یەکەم، بەرگی یەکەم، ٢٠١٩، ل ٨٢-٨٨، ل١٢١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم