ئەرشیفکردنی دیجیتاڵی جینۆسایدی هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
پڕۆژەیەکی زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە و لەلایەن لیژنەیەکی زانستییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. سەرپەرشتیاری بۆردەکە (پ. ی. د. نەریمان عەبدوڵا عەلی)یە. تایبەتە بە ئەرشیفکردنی دیکۆمێنت و وێنە و لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن و سەرچاوە و هتد. لە چوارچێوەی وێبسایتێک بەناوی هەڵەبجە میمۆریاڵ halabjamemorial.org بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی بڵاودەبێتەوە و لەچەندین بەشی گرنگ پێکدێت، وەک: گەلەری، مێژوو، چاوپێکەوتنی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامە و دیکۆمێنت، داشبۆرد. ئامانجی پاراستن و هەڵگرتنی سەرجەم دیکۆمێنتەکانی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە و کیمیابارانی شارەکەیە. لە داشبۆردی جینۆسایدی هەڵەبجەدا زانیاری لەسەر هەر شەهیدێک و شوێنی شەهیدبوون و تەمەن و ڕەگەز و پیشە و باری خێزانداری تێدایە، داتاکان بەشێوەی ئۆنلاین لە وێبسایتەکەدا دەخاتەڕوو. داتاکان لە شێوازی چارت و نەخشە و هێڵکاری و... هتدا شیکراونەتەوە. کاری کۆکردنەوەی داتاکان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران بووە. بیرۆکەی داشبۆردەکە و دیزاینەکەی بۆ کارزان عەدنان حەمەسەعید دەگەڕێتەوە، لە بەهاری ٢٠٢٣ بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی بەردەستە، تا ساڵی ٢٠٢٤ داتای زیاتر لە ١٢٠٠ شەهید تۆمارکراوە. شەهیدەکان جگە لە شاری هەڵەبجە بەسەر ٢٩ شاری تری عێراق و ئێراندا دابەشبوون. ئامانجی تەواوی پڕۆژەکە کۆکردنەوەی داتای سەرجەم شەهید و ونبووەکانی جینۆسایدی هەڵەبجەیە بەتەواوی زانیارییە جوگرافی و ناجوگرافییەکانیانەوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (پ. ی. د. نەریمان عەبدوڵڵا عەلی)، لەدایکبوو: ١٩٧٧، بڕوانامە: دکتۆرا، پیشە: مامۆستای زانکۆ، لە ٧ی ٤ی ٢٠٢٤.
- وێب سایتی halabjamemorial.org.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمە سەعید