ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

بەرگی نۆیەم

ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.

ناوەڕۆک

1049 بابەت

کۆمەڵگای وەرزشیی نێودەوڵەتی هەڵەبجە

یاریگایەکی یانزە کەسییە، بە چیمەنی سروشتی، شوێنی دانیشتنی جەماوەر یان هاندەرانی وەرزشی، یاریگایەکی نۆ یاریزانی تۆپیپێ بە چیمەنی دەستکرد، هۆڵێکی گەورە بۆ یارییەکانی تۆپی بالە و باسکە و یاریی دەست و یاریی فوتساڵ و مەلەوانگەیەکی تێدا دروستکراوە. ئەم کۆمەڵگا وەرزشییە ساڵی ٢٠١٠ - ٢٠١١ دروستکراوە، یاریی کرانەوەی ئەم یاریگا نێودەوڵەتییە لە خولی کوردستان، بە یاریی نێوان هەردوو یانەی وەرزشی هەڵەبجە و مەخموور، دەستیپێکرد لە خولی پلە دووەکانی کوردستان بۆ تۆپیپێ، کە هەردوو یانەی مەخموور بە پلەی یەکەم و هەڵەبجە بە پلەی دووەم سەرکەوتن بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستانی ساڵی ٢٠١٠.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

کۆمەڵگای وەرزشیی هەڵەبجە

ساڵی ٢٠١٢ دوو یاریگای شەش کەسی بۆ یاریی تۆپیپێ بە چیمەنی دەستکردی لەسەر دروستکراوە. کەرتی تایبەت سەرپەرشتیدەکات، یەکێک لە یاریگاکان بە چادر یان خێمە سەرپۆش کراوە، دەکرێت لە کەش و هەوای سارد و باران بارینی فراوان لە زستاندا و بەرزیی پلەی گەرمای هاوین، یاری تێدا ئەنجامبدرێت. چەندین یاریی دۆستانە و خول و پاڵەوانێتی لەم دوو یاریگایەدا ئەنجامدراوە. مەلەوانگەیەک لە تەنیشت هەر دوو یاریگاکە دروستکراوە. ئەم کۆمەڵگا وەرزشیە کەوتووەتە سەر ڕێگای گشتیی هەڵەبجە کۆمەڵگای زەمەقی، نزیک مزگەوتی شێخ عیزەدین.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

کیک بۆکسینگ لە بیارە

کەوتووەتە ناوەڕاستی شارۆچکەی (بیارە). ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) لەلایەن ڕاهێنەر (شێرزاد وەهاب) کراوەتەوە. لە ئێستادا ٢٠ فێرخوازی هەیە.

زیاتر بزانە
هۆڵی وەرزشی

کیک بۆکسینگ لە خورمأڵ

ساڵى ٢٠٢٠ لە شارۆچکەی (خورمأڵ) دامەزراوە. لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ یاریزان یارى تێدا دەکەن. لە چەند پاڵەوانێتییەکدا لە پارێزگاکانی سلێمانى و هەولێر بەشدارییانکردووە. (شاڵاو محەممەد ئەحمەد) ڕاهێنەر و دامەزرێنەریەتی.

زیاتر بزانە
هۆڵی وەرزشی

گڵێجاڵ ١

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (گڵێجاڵ). یاریگایەکی سادە و میللیی یاریی تۆپیپێی یانزە یاریزانی بووە. ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن چەند وەرزشوانێکی شارەدێی گڵێجاڵەوە دروستکراوە. چەندین یاریی تێدا ئەنجامدراوە. لە ئێستادا یاریگاکە نەماوە و چالاکی تێدا ئەنجامنادرێت.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

گڵێجاڵ ٢

کەوتووەتە شارەدێی (گڵێجاڵ). ساڵی ٢٠١٢ – ٢٠١٣ بە چیمەنی دەستکرد بۆ یاریی تۆپیپێی شەش یاریزانی دروستکراوە. چەند خولێک لەم یاریگایەدا بەڕێوەچووە، کە ئەم تیپانە بەشدارییان تێدا کردووە: گڵێجاڵ، برایەتی، تۆڵە، لاوانی گڵێجاڵ، پشتە، کانی پاشا، زەڕایەن، بێلولە و باخە هەنارە، هۆرێن، سەرتەک، مەیدان، میشیاو.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

گوڵان

یاریگایەکی میللیی تۆپیپێیە. زەوییەکەی خۆڵ و خاک بووە، دروستبوونی ئەم یاریگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان، یەکێک بووە لە یاریگا سەرەکییەکانی شار، چەندەها یاریی دۆستانە و خول و پاڵەوانێتی تێدا بەڕێوەچووە. تیپەکانی وەک: هیوا، هەڵۆ، خەبات، چیمەن، بێستون، بۆکان، و...هتد، لەم یاریگایەدا یارییانکردووە. زۆرێک لە تیپەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان و تا پاش دوو هەزاریش، لەم یاریگایەدا یاریی دۆستانە و خول و پاڵەوانێتییان تێدا ئەنجامداوە. ساڵی ٢٠٠٧، کە بە شێوەیەکی فەرمی لیژنەی تیپە میللییەکانی هەڵەبجە دامەزرا و خولی فەرمی بۆ تیپەکانی هەڵەبجە ڕێکخست، هەندێک لە یارییەکان و یاریی کۆتایی لە نێوان لەم یاریگایە بەڕێوەچووە. زۆربەی ئەستێرەکانی تۆپیپێی شار، لەم یاریگایەدا یارییانکردووە. ئەم یاریگایە کەوتووەتە گەڕەکی گوڵان، تەنیشت جادە یان ڕێگای ناوچەی نەوڕۆڵی، یان تەنیشت گۆڕستانەکانی گوڵانی خواروو.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

گۆڵی بچووک

دوو یاریگای یاریی تۆپیپێی شەش یاریزانین، بە چیمەنی دەستکرد و ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ لە تەنیشت یەک دروستکراون. دەکەونە گەڕەکی کیمیابارانی دوو، لە نزیک زەمەقی. ئەم دوو یاریگایە لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجەدایە.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

لیژنەی باڵای تیپە میللییە وەرزشیییەکانی پارێزگای هەڵەبجە

لیژنەیەکی وەرزشییە. ساڵی ٢٠١٦ لە هەڵەبجە دامەزراوە. ئەرکی سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی وەرزشی لیژنەکانی تیپە میللییەکانی: (هەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بەمۆ)ی لەئەستۆگرتووە.‌ سەر بە (لیژنەی تیپە میللییەکانی هەرێمی کوردستان)ـە: ١- لیژنەی تیپە میللییەکانی شارۆچکەی (بەمۆ): ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و سەر بە لیژنەی باڵای تیپە میللییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیە. ئەرکی ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی خولی فەرمی ساڵانەیە بۆ تیپە میللییە وەزشییەکانی سنوری شارۆچکەی بەمۆ، لەوانە (تیپی وەرزشی گڵێجاڵ، تیپی وەرزشی برایەتی، تیپی وەرزشی تۆڵە، تیپی وەرزشی لاوانی گڵێجاڵ) و تیپی وەرزشی گوندەکان: (تیپی وەرزشی گمە، تیپی وەرزشی پشتە، تیپی وەرزشی لاوانی پشتە، تیپی وەرزشی کان پاشا، تیپی وەرزشی لاوانی کانی پاشا). لە ئێستادا (دانا فەرەج فەتاح) سەرۆکی لیژنە و (ئەنوەر عەزیز مەحموود) جێگری سەرۆک و (تەها ئەحمەد) ئەندامی لیژنەکەن. ٢- لیژنەی تیپە میللییە وەرزشییەکانی (خورماڵ): لیژنەیەکی وەرزشییە. ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە. ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی خولی فەرمی ساڵانەی (تیپە وەرزشییە میللییەکانی تۆپیپێی (خورماڵ))ی لەئەستۆگرتووە. ٣- لیژنەی تیپە میللییە وەرزشییەکانی (سیروان): لیژنەیەکی وەرزشییە. ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە. ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی وەرزشی خولی فەرمی ساڵانەی تیپە میللییەکانی یاری تۆپیپێ لە شارۆچکەی (سیروان)ی لەئەستۆگرتووە. ٤- لیژنەی تیپە میللییە وەرزشییەکانی (هەڵەبجه)‌: لیژنەیەکی وەرزشییە. ساڵی ٢٠٠٧ لە هەڵەبجە دامەزراوە. ئەندامانی بریتین لە: حەمید حەمەڕەشید عەبدوڵا، حەمید عەبدوڵڵا ئەمین، جەواد جەمیل، عادل خالید، ئیدریس عومەر، بێستون محەممەد، وریا عومەر، سەردەشت کەمال و شوان ئەفراسیاب عەلی (دادوەری پلە یەکی کوردستان و عێراق) ڕاوێژکاری یاسایی لیژنەکەیە. ئەرکی سەرپەشتیکردن و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خولی فەرمی ساڵانەیە بۆ تیپە میللییەکانی هەڵەبجە و هاوکاریکردن و چاودێریکردنی خولە نافەرمییەکانیشی لەئەستۆگرتووە.

مەڵبەندی لاوان

یاریگای تۆپیپێیە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠، یەکێکە لەو یاریگایانەی، کە نزیکەی ٤٣ ساڵە دروستبووە و تا ئێستاش ماوەتەوە و کار و چالاکیی وەرزشیی تۆپیپێی تێدا ئەنجامدەدرێت، وەک یاریی دۆستانە، خول یان پاڵەوانێتی، بۆ تیپە میللییەکان و هەڵبژاردەی شار و شارۆچکەکان، یاریی دۆستانەی یانەکان و خولی تۆپیپێی یانەکانی کوردستان. ئەم یاریگایە لە سەرەتادا خۆڵ و خاک بووە و پاشان لە ساڵانی دوو هەزاردا کرایە چیمەنی سروشتی، پاشانیش کرایە چیمەنی دەستکرد/پلاستیکی و لە ئێستادا هەر بە چیمەنی دەستکرد ماوەتەوە. گەلێک یاریی گرنگی تێدا ئەنجامدراوە، لەوانە: یاریی دۆستانەی نێوان یانەی وەرزی هەڵەبجە و هەڵبژاردەی تازە پێگەیشتووانی عێراق بە داوەری شوانە ئەفراسیاب عەلی لە ساڵی ٢٠٠٦. ئەم یاریگایە ناوەکەی لە پاش وەفاتی یاریزانی دیاری شار (شاهۆ حەمەفەرەج)، گۆڕرا و کرا بە ناوی ناوبراوەوە، واتە (یاریگای شاهۆی حەمەفەرەج).

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

ناوەندى سوارچاکیى جاف

کەوتووەتە‌ سەنتەرى گوندى (ئيمامى زامن) و لە ساڵى ٢٠٢٢ لەلايەن (يەحيا فائق محەممەد ئەمین)ـەوە دامەزراوە و بەڕێوەدەبرێت. ناوەندێکى فێرکارییە بۆ ئەسپسوارى و ساڵانە له ‌تەواوى عێراقەوە ئەسپسواران بەمەبەستى فێستيڤاڵى ئەسپسوارى و مەشق و ڕاهێنان سەردانیدەکەن و لە گوندەکەدا ئەو فیستيڤاڵە بەڕێوەدەچێت و خەڵکێکى زۆر دێنە گوندەکە و چێژ لە نمايشەکانيان وەردەگرن.

زیاتر بزانە
فێرگەی ئەسپسوارى

هانەیدن

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (هانەیدن)ی سەر به ‌شارۆچکەی (بیاره) لە زەوی (ماماشکێ). ‌ساڵی ٢٠٠٣ دروستکراوە و تا ئێستا یاریزانانی گوندەکە و دەوروپشتی یاری تێدا دەکەن.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

هەڵەبجە ١

یاریگایەکی میللیی خۆڵ یان گڵی تۆپیپێیە. لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو یاری تۆپیپێی تیادا ئەنجامدراوە. بە سێیەم یاریگای شار دادەنرێت. گەلێک یاریی دۆستانەی تیادا ئەنجامدراوە، بەتایبەت تیپی وەزشی هیوای هەڵەبجە، کە ئەو سەردەمە لە تیپە بەتواناکانی شار بووه،‌ لەگەڵ تیپەکانی ناو شار و دەرەوەی شاردا، لەم یاریگایەدا یاریی زۆری ئەنجامداوە. کەوتووەتە تەنیشت ماڵی (ڕەشید عەزیز) لەناو بازاڕی ئێستا، واتە شوێنی باخچەکەی ناوشار بەرامبەر هۆڵی سارا، لە ئێستادا نەماوە و شوێنەکەی بووەتە بازاڕ و دووکان.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

هەڵەبجە ٢

یاریگایەکی وەرزشیی میللی تۆپیپێیە. لە شێوەیەکی سادە و ساکار، بە ڕووبەری خۆڵ و گڵ، مێژووی ئەم یاریگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی پەنجاکان. لەم یاریگایەدا چەندین یاریی دۆستانە ئەنجامدراوە. بە گشتی لەم یاریگایەدا تیپی وەرزشی ئازادی، هەڵەبجە، یارییان ئەنجامدەدا، جەماوەری شار ڕوویان لەم یاریگایە دەکرد بۆ بینینی یارییەکان و هاندانی تیپی وەرزشی ئازادی. ئەو ڕۆژەی، کە یاری ئەنجامدەدرا ڕووبەری یاریگاکەیان ئاوڕشێن دەکرد، چواردەورەکەی بە پەت و پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ دەڕازاندەوە، هێڵکاریی یاریگایان بە گەچ ئەنجامدەدا، ئەگەر گەچیان دەستنەکەوتایە، هێڵکارییان بە خۆڵەمێش دەکرد. شوێنی ئەم یاریگایە دەکەوتە پشت ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، یان تەنیشت مزگەوتی حاجی کەریم، لە ئێستادا ئەم یاریگایە نەماوە و خانووی تیادا دروستکراوە.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

هەڵەبجە ٣

یاریگایەکی میللیی تۆپیپێیه. ڕووبەرەکەی خاک و خۆڵ بووە، لە پاش نەمانی یاریگای ناوشار، ئەم یاریگایە دروستبووە. مێژووی ئەم یاریگایە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، جەماوەرێکی زۆر ڕوویان لەم یاریگایە دەکرد بۆ تەماشای یاریی دۆستانە و یاریی پاڵەوانێتی و خولەکانی شار، کە ڕێکدەخرا، تیپەکانی هەڵەبجە لەم یاریگایەدا یارییاندەکرد، لەوانە وەک تیپە میللیەکانی تۆپیپێی: هیوا، کاوە، نەورۆز، بێستوون، سەروو، یەکگرتووی پیرمحەممەد، بۆکان، مەهاباد، بیاوێڵە و.... ئەم یاریگایە کەوتبووە تەنیشت ئامادەیی ئەحمەدموختار جاف، لە گەڕەکی مامۆستایانی ئێستا، لە ئێستادا ئەم یاریگایە نەماوە.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

هەورامان

بنکەیەکى وەرزشییە. ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە و سەر بە لیژنەی ئۆڵمپی سلێمانی بووە. پاش یەکگرتنەوە خراوەتە سەر لیژنەی ئۆڵمپیی کوردستان و لەگەڵ یانەی خورماڵدا تێکەڵکراوە. ساڵى ٢٠٠٤ دامەزراوە. چالاکیى وەرزشیى ئەم بنکە وەرزشییە، لەم بەشانەدا خۆى دەبینێتەوە: (تۆپى پێ، تۆپى بالە، تۆپى سەرمێز، وشوکونگ فو). لە ئێستادا لە گۆڕەپانی وەرزشی نەماوە.

زیاتر بزانە
بنکەى وەرزشى

هیوا

بنکەیەکى وەرزشییە. ساڵى ١٩٩٣ لە شارۆچکەی (سیروان) دامەزراوە. سەر بە یانەى وەرزشیى پەیام بووە. یارییە وەرزشییەکانى وەک (تۆپیپێ، تۆپى بالە، تۆپى سەرمێز)ى تێدا ئەنجامدراوە. بەشدارى چەندین خولى ناوخۆیى سیروان و دەرەوەى سیروانى کردووە.

زیاتر بزانە
بنکەى وەرزشی

یانەی ئاسمانیی هەڵەبجە

یانەیەکی وەرزشییە. ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن (توانا وەهبی، بەمۆ نەبەز، کامەران ئەحمەد حەمە و تۆلاز محەممەد)ەوە لە شاری هەڵەبجە دامەزراوە. تایبەت بووە بە چالاکیی پەڕەشووت، یان فڕینی ئاسمانی. چەندین چالاکی و فیستیڤاڵیان بۆ ئەنجامداوە. لە گرنگترینیان، بەشداری لە فیستیڤاڵی ساڵی ٢٠١٨ لە شاخی (باڵامبۆ) لە ناوچەی نەورۆڵی، کە چەندین یاریزانی وڵاتی ئێران و تورکیا بەشدارییان تێدا کرد.

زیاتر بزانە
یانەی وەرزشی

یانەی وەرزشی هەڵەبجە

ساڵی ٢٠٠٩ دروستکراوە. ڕووبەرێک زەویی گونجاوە، دوو یاریگایە (یاریگایەکی یانزە یاریزانی و یاریگایەکی شەش یاریزانی)ی تۆپیپێ تیادا دروستکراوە، هەروەها لە تەنیشت یاریگاکەوە، بارەگا یان بینای یانەی وەرزشی هەڵەبجەی تێدایە. ئەم یاریگایە دەکەوێتە گەڕەکی شارەوانی تەنیشت پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
یاریگای وەرزشی

ئەسپسواری

وەرزشێکی ناوچەکەیە‌. هەر لە کۆنەوە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە پیادەکراوه، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی لە دانیشتوانی گوندەکان بوون. چەند جۆرێک یاری و نمایشی پێکراوە، وەک: غارغارێن، سوارچاکی، پێشبڕکێ...

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی
پێشتر 1
...
12 13 14
...
53 دواتر