مەڵبەندی لاوان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
یاریگای تۆپیپێیە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠، یەکێکە لەو یاریگایانەی، کە نزیکەی ٤٣ ساڵە دروستبووە و تا ئێستاش ماوەتەوە و کار و چالاکیی وەرزشیی تۆپیپێی تێدا ئەنجامدەدرێت، وەک یاریی دۆستانە، خول یان پاڵەوانێتی، بۆ تیپە میللییەکان و هەڵبژاردەی شار و شارۆچکەکان، یاریی دۆستانەی یانەکان و خولی تۆپیپێی یانەکانی کوردستان. ئەم یاریگایە لە سەرەتادا خۆڵ و خاک بووە و پاشان لە ساڵانی دوو هەزاردا کرایە چیمەنی سروشتی، پاشانیش کرایە چیمەنی دەستکرد/پلاستیکی و لە ئێستادا هەر بە چیمەنی دەستکرد ماوەتەوە. گەلێک یاریی گرنگی تێدا ئەنجامدراوە، لەوانە: یاریی دۆستانەی نێوان یانەی وەرزی هەڵەبجە و هەڵبژاردەی تازە پێگەیشتووانی عێراق بە داوەری شوانە ئەفراسیاب عەلی لە ساڵی ٢٠٠٦. ئەم یاریگایە ناوەکەی لە پاش وەفاتی یاریزانی دیاری شار (شاهۆ حەمەفەرەج)، گۆڕرا و کرا بە ناوی ناوبراوەوە، واتە (یاریگای شاهۆی حەمەفەرەج).
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە و بواری وەرزش، شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠٢٠.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (سالار محەممەد ئەحمەد، محەممەد فەتاح لیرە) وەرزشوانانی دیار و دێرینی هەڵەبجە، ١٥ی ٨ی ٢٠١٩، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: شوان ئەفراسیاب عەلی