دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

شێخ عيزەدين

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (دەروازەى شار). ساڵى ١٩٧٩ حکومەت دروستيکردووە. بەر لە کیمیاباران ناوى غەمامە بووە، به ‌مزگەوتى مەلا کەريمى مۆردينيش ناسرابوو، دواى ڕووداوەکانى کیمیابارانى هەڵەبجە ڕووخاوە. ساڵى ٢٠٠٨ لەسەر ئەرکى خێرخواز (شێخ تاهير شێخ عيزەدين) سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە و ناوەکەى گۆڕاوە بۆ مزگەوتى شێخ عيزەدين. لە ماوەى ساڵێکدا و بە دیاریکراوی لە (٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨) دووبارە دروستکراوەتەوە‌. مزگەوتەکە دوو نهۆمە و دوو دەروازەى هەيە. ساڵی ٢٠٢٢ جارێکى تر نۆژەنکراوەتەوە و بەشی ژنانى بۆ زيادکراوە. گومەز و منار‌ەی هەيە. پرسەى لێ دادەنر‌ێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. مامۆستای پێشنوێژى مزگەوت لە ئێستادا (د. حسەين محەممەد ساڵح) و (د. ئومێد عومەر عەلى)یش وتاربێژى مزگەوتەکەن‌.

شێخ مەعروف نێرگزەجاڕى

کەوتووەتە‌ (گەڕەکى دەروازەى شار) لە بەشى سەرەوەى کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقى. ساڵى ١٩٨٥ دروستکراوە، ڕووبەرەکەى (٣٠ بە ٤٠م٢)يە. مزگەوت يەک نهۆمه و به ‌بەراورد بە ڕووبەرى زەوييەکەى زۆر بچووکە‌. یەک منارە و دوو دەروازەى هەيە. نوێژى هەينيشى تێدا ناکرێت. لەکاتى کیمیاباراندا تێکنەچووە. يەک جار نۆژەنکراوەتەوە. (سيروان شێخ موحسين شێخ ئەنوەر) مامۆستای مزگەوتەکەیە‌.

شێخ محەممەدى خاڵ

کەوتووەتە‌ گەڕەکى سەرا (لەناو خەڵکدا بە گەڕەکى بۆينييەکان ناسراوە)، ساڵى ٢٠١٣ لەسەر ئەرکى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئايينى دروستکراوە، زەوييەکەى موڵکى ماڵى مامۆستا مەلا تەهاى حاجى حسەين بووە و بەخشيويانە بە مزگەوت. مزگەوت يەک نهۆم و یەک منارە و دوو دەروازەى هەيە. نۆژەن نەکراوەتەوە نوێژى هەينی و پرسەشى تێدا ناکرێت. لە سەرەتاى بونيادنانييەوە هەتا ئێستا، مامۆستا (مەلا تەهاى حاجى حسەينى بۆينى) پێشنوێژى تێدا دەکات‌.

شێخى گەيلانى

ساڵى ١٩٩٨ لەلايەن (بزووتنەوەى ئيسلامی)يەوە دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکى (قەڵا) لەسەر ڕێگەی سەرەکى (خورماڵ - ئەحمەدئاوا). سەرەتا بە مزگەوتى (هەولێريیەکان) بەناوبانگ بووە. لە وەزارەتى ئەوقافيش بە مزگەوتى (ابن تيميە) تۆمار کراوە. سەرچاوەی ئاوى مزگەوتەکە ئاوی زەڵمه. لە ئێستادا يەک دەروازە و دوو منارەى هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستا و خادمى فەرمی هەيە.

عاموورە

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (عاموورە)وە. ساڵی ١٩٦٥ بە بەرد و دار دروستکراوە و لە تەنها ژوور و هەیوانێک پێکهاتووە. ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا مەهدی حاجی کەریم) وتاربێژی مزگەوتەکەیە.

عەبابەیلێ

مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە سەردەمی شێخ کەریمی عەبابەیلێدا زیاتر گەورە و فراوانکراوە. چەندین مامۆستای ئایینی دیاری ئەو سەردەمە وانەیان تیایدا وتووەتەوە و لە هەموو لایەکەوە فەقێی بۆ هاتووە. لە گرنگترین مامۆستاکانی مەلا بابا ڕەسوڵی بێدەنی و مەلا بابا عەلی و مەلا عەبدوڵڵای باوکی مەلا محەممەدی گەورە و مەلا حەسەنی چاوڕەش بوون.

عەبابەیلێ

کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) و لە سێ ڕیانی (هەڵەبجە - شاخی شنروێ - گوندی جەلیلە)دا هەڵکەوتووە. بە یەکێک لە سیما مێژووییەکانی گوندەکە و ناوچەکە دادەنرێت. کانیاوێکی سازگاری لە تەنیشتدایە، کەوتووەتە نێو گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێوە. ئەم مەرقەدە مێژویەکی کۆنی هەیە. بەڵام ئەوەی تائێستە زانراوە، شێوازی بینا و گومەزییەکەی ساڵی ١٧٤٧ لەلایەن (سەلیم پاشای بابان)ـەوە دروستکراوە. ساڵانە لە پارە و هاوکاریەکانی خەڵکی نۆژەنکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٤دا لەلایەن (شێخ کەریم)ـەوە نۆژەنکراوەتەوە. هەر لەدێر زەمانەوە، ئیدارەیەکی سەربەخۆی بۆ دروستکرابوو، کەسێک دەبوویە بەڕێوەبەر و کاری چاودێری و پاکوخاوێنی و کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی لەئەستۆ دەگرت. بەو کەسەیان دەگوت (زێوانی مەرقەد) کەناوی (دادە عاسە)بوو. خەڵکانێک بۆ بەخت و نیاز سەردانی دەکەن و لەکاتی چونە ژوورەوەدا وا پەیڕەوکراوە ڕوبەڕوو دەچنە ژوورەوە پاشان پشتاو پشت دێنە دەرەوە. کاتی خۆی زۆر کەم منداڵ هەبوو لەهەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری پەڕۆیەکی سەوزی ئەو مەرقەدەی وەک (موفەڕک) بەسنگەوە یا بە مەچەکیەوە یان لەملیدا‌ نەبێت یا خۆڵی مەرقەدی عەبابەیلێی دەرخوارد نەدرابێت، ئێستا ئەو دیاردانە کەمبوونەتەوە یان هەر بەرەو نەمان چوون.

عەبابەیلێ ١

کەوتووەتە‌ دامێنى چياى شنروێ و گوندى (عەبابەيلێ) و لە باشورى شەخسى عەبابەيلێ و گۆڕستانەکەیەوە هەڵکەوتووە. لەلايەن (شێخ سەباح شێخ عەبدولکەريم شێخ حسەين بەرزنجیی)یەوە ساڵى ٢٠٠٩ دروستکراوه. مزگەوتەکە يەک نهۆمه. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. زۆر بچووکە و تەنها بۆ ڕێبواران دروستکراوە‌.

عەبابەیلێ ٢

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (عەبابەیلێ) و نزیک(کانی ژنان)ـە. ساڵی ١٧٠٠ دروستکراوە. یەک نهۆمە. یەک دەروازە و منارەی هەیە. گومەز و هۆڵی نییە. لە پێشتردا مەدرەسەی هەبووە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. مامۆستای فەرمی نییە. مامۆستا (مەلا عەدنان عومەر عەبابەیلێیی) وتارخوێنی مزگەوتەکەیە. ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن (شێخ کەریمی شێخ مەحموود)ەوە نۆژەنکراوەتەوە. لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی تر لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوەتەوە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەلایەن (ڕابیتەی ئیسلامی)یەوە دروستکراوەتەوە.

عەبدولڕەحمانی کوڕى عەوف

کەوتووەتە سنوری گەڕەکى (داڵانى ٣٠١) لە ناحیەی (خورماڵ). ساڵى ١٩٨٤ لە لايەن خێرخوازانی گەڕەکەکەوە دروستکراوە. بە مزگەوتى (هانەدنيیەکان)یش بەناوبانگە‌. يەک نهۆمە و دوو دەر‌گاى هەيه. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی زەڵم و بيرە. دوو جار ساڵى ١٩٩٤ و ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەن و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستا (عەبدولمەلیک سەعيد سابق سەرگەتى)‌ پێشنوێژى مزگەوتەکەیە.

عەلیاوا

کەوتووەتە باکوری گوندی (عەلیاوا)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٣٠٠ م٢) دروستکراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدان بووە. مەلا ساڵح ناوێک یەکەم مامۆستای بووە.

عەلی تۆفیق هەورامی

کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). ساڵی ٢٠١٣ لەسەر ڕووبەری (٧٠٠م٢) لەلایەن خێرخواز (عەلی تۆفیق هەورامی)یەوە دروستکراوە‌ و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. زەویەکەی بنەماڵەی کوێخا مستەفای بیارە بەخشیویانە، هۆڵی تایبەت بە ژنان و پیاوانیشی تێدایە. مردووشۆر و ١٢ سەرئاو و گەرماوی هەیە. ساڵی ٢٠١٤ کراوەتەوە. خزمەتیکی زۆری گەشتیاران دەکات. لە ئێستادا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەنراوه.

عەنەب

کەوتووەتە بەرى باشورى ڕۆژهەڵاتى گوندى عەنەب، مێژوويەکى کۆنى هەيە، پێشتر مزگەوتەکە بە دوورى (٣٠ بۆ ٤٠م)، دەکەوتە باکورى خۆرئاواى شوێنى ئێستاى مزگەوتە نوێيەکە. ساڵى ١٩٧٩ مزگەوتەکە نوێيەکە دروستکراوە. مزگەوت يەک نهۆمە، دوو دەروازە و منارەى هەيە. مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە. نوێژى هەينى تێدا دەکرێت، مامۆستا سەڵاح تۆفيق فەرەج وتارى هەينى مزگەوتەکە پێشکەش دەکات، مامۆستا هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆريۆسە لە زانستە شەرعييەکاندا. لە ديارترين مامۆستا بەناوبانگەکانى گوندەکە: مەلا سڵێمان، مەلا عەبدولقادرى مەلا عەبدوڵڵاى عەبابەيلێ، مەلا محەممەدی گەرمیانی، مەلا عەلی ھەورامی، مەلا حەسەن و مەلا حسێنى کوڕانى مەلا عەلی ھەورامی، مامۆستا مەلا مەحموودى عەنەب، لە سەردەمى مامۆستا مەلا مەحموودا مزگەوتەکە خاوەنى مەدرەسەيەکى ئايينى بەناوبانگ بووە و بە بەردەوامى ژمارەيەک فەقێى تێدا بووە، کە لە ناوچە جياوازەکانى کوردستانەوە ڕوويان لە مەدرەسەکەى کردووە.

عوسمانى کوڕى عەفان ١

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (شەهيدان) له ‌ناوشاری هەڵەبجە. بەهۆى نزيکیى لە گۆڕستانى شەهيدانەوە بە مزگەوتى (شەهيدان)يش دەناسرێت. زەوييەکەى موڵکى شێخ ئەنوەرى شێخ سوێڵەى عەبابەيلێی بووە، بە پارەيەکى کەم فرۆشتوويەتى بە خێرخوازان بۆ دروستکردنى مزگەوت، ئەوەى زۆر ڕۆڵى لەو مامەڵە و بە مزگەوت کردنەدا هەبووه،‌ هەردوو کەسايەتى حاجى حەمەتۆفيقى حاجى عارفى عەبابەيلێ و عومەرى حاجى فەرەجى عەبابەيلێيى بوون، ئەوان سەرپەرشتى کارەکەيان کردووە. مزگەوتەکە ساڵى ١٩٨١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. لە کیمیاباراندا نەڕووخاوه، بەڵام زيانى بەرکەوتووە. مزگەوتەکە يەک نهۆم بووە و سێ دەروازەى هەبووە، دوو هۆڵى پرسەى بۆ پياوان و ژنان هەبووە، منارەى هەبووه و مەدرەسەى تێدايە. نزيکەى دوو ساڵە مزگەوتەکە تێکدراوە و لەسەر ئەرکى خێرخوازان بەشێوازێکى زۆر گەورە و فراوان و بە دوو نهۆم دروستدەکرێتەوە، لەئێستادا کارى تێدا دەکرێت. چەند خانويەکى تەنيشتى مزگەوتى بۆ کڕدراوە و خراوەتە سەر مزگەوت، هۆڵ و منارە و گومەزى هەيە. شوێنى مەدرەسەى بەجيا بۆ دروستکراوە. لە سەرەتاى دروستکردنييەوە هەتاکو چەند ساڵێک بەر لە ئێستا مامۆستا شێخ محەممەدى شێخ باباڕەسوڵ پێشنوێژى مزگەوتەکە بووە، دواى مامۆستا شێخ محەممەد، مامۆستا مەلا خاليد حاجى حەمەتۆفيقى عەبابەيلێ بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژى مزگەوتەکه.

عوسمانى کوڕى عەفان ٢

ساڵى ١٩٧٩ لە سەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. بە ناوەکانی (سەرگەتييەکان، مامۆستا سەيد نوورى)یش بەناوبانگە. کەوتووەتە گەڕەکى (داڵانى) لە ناحیەی (خورماڵ). یەک نهۆمە و دوو دەروازەى هەيه. منارەيەکى ئاسنينى هەيە، دوو جار لە ساڵەکانى ١٩٩٤ و ٢٠١٦دا لە لايەن خێرخوازانەوە نۆژەن و فراوانکراوه. لە ئێستادا مامۆستا (فەرزەندەى کوڵکنى) وتارخوێنی مزگەوتەکەیه.

عومەرى فاروق

کەوتووەتە گەڕەکى (کانیى شێخ)، کە ئەمڕۆ بە مۆردانە دەناسرێت. زەویى مزگەوتەکە کڕراوە. ساڵى ١٩٨٢ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. ساڵى ٢٠١٣ جارێکى تر مزگەوتەکە تێکدراوە و لەسەر ئەرکى (شێخ نەجمەدينى شێخ محەممەدى تاوێرەيى) جارێکى تر دروستکراوەتەوە و ئەمجارەيان پارچە زەوييەکى تەنيشت مزگەوتەکە لەلايەن حاجى (حسەينى بامۆکی)یە کڕراوە و خراوەتە سەر مزگەوتەکه. ڕووبەرى مزگەوت‌ نزيکەى (١٠٠٠م٢)یە. لە دوو نهۆم پێکهاتووه، دوو هۆڵى پرسەى هەيە، يەکێک بۆ پياوان و يەکێکيش بۆ ژنان.‌ منارەى هەيە. لە دواى کۆچیدوايى مامۆستا (شێخ محەممەدى سازانی)یەوە،‌ مامۆستا (مەلا ئەحمەد عەبدولڕەحمان ڕەشيد) مامۆستا و پێشنوێژى مزگەوتەکەيه.

عومەرى کوڕى خەتاب

کەوتووەتە‌ گەڕەکى کانیە‌ قوڵکه لەناو شاری هەڵەبجە. لە ڕۆژى هەينى ڕێکەوتى ٢٤ی ١٠ی ١٩٩٧ کراوەتەوە، زەوييەکەى ڕابيتەى ئيسلامى کورد کڕيويەتى و پاشان کردوويەتى بە مزگەوت، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٥٠×٥٠-م٢)يە، مزگەوت دوو نهۆمه و(ژێرزەمينى هەيە) سێ دەروازەى هەيە. منارە و گومەزى هەيە. وتارى هەينى تێدا دەدرێت. چەند جارێک دەستکارى ناوەوەی مزگەوت کراوه،‌ بەڵام دەستکارى هەيکەل و دەرەوەى نەکراوە. لە ئێستادا جارێکى تر لەژێر نۆژەنکردنەوەدايە، بەڵام لە دەرەوە نەک ناوەوەى مزگەوت. لە ئێستادا (مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی) وتاربێژ و پێشنوێژی تێدا دەکات.

عومەری کوڕی عبدالعزیز

کەوتوەتە گەڕەکی ئازادی لە شارۆچکەی سیراون، بە مزگەوتی چرۆستانەش ناودەبرێت. دوای ڕاگواستنی گوندەکان و کۆبوونەوەیان لە کۆمەڵگای سیروان ساڵی ١٩٨٤ لە لایەن حەمەئەمین فەتاح و مەلا عەلی و فەرەج ڕەحمان و فەتاح نادرەوە بە کۆکردنەوەی یارمەتی دروستکراوە و لە ساڵی ١٩٨٨ چۆڵکراوە و ساڵی ١٩٩٢ سەرلەنوێ ئاوەدانکراوەتەوە. مەلا ئەحمەد کاکە مەحموود وتاربێژ و مەلا عەلی سەعید سلێمان بەرنوێژی کردووە. چەندین مامۆستای تر خۆبەخشانە خزمەتیانکردووە و یەک کارمەندی لە ئەوقاف بۆ دانراوە و ئێستا مەلا وەهبی پێشنوێژی لێ دەکات.

فەقێ ئەحمەد

کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). لەبەرئەوەی لەسەر زەوی چلەخانە و خەڵوەتگاکەی فەقێ ئەحمەدی غەزایی دروستکراوە، بە مزگەوتی فەقێ ئەحمەد ناسراوە و مزگەوتی خەڵوەخانەشی پێدەڵێن. خەڵکی گەڕەک بە سەرپەرشتی حاجی جەزا و حاجی بابالە لە ساڵی ١٩٦٨ لەسەر شوێنی چلەخانەکە ئەم مزگەوتەیان دروستکردووە. حاجی بابالەی مارف متوەلی و مامۆستا سەید ڕەشاد و دواتریش مامۆستا مەلا ساڵحی زاوای مەلا ساحێب، ئیمامی ئەم مزگەوتە بوون. ساڵی ١٩٨١ بە هۆی چۆڵکردنی تەوێڵەوە مزگەوتەکە وێرانبووە. گەرچی دیوارەکانی ماون، بەڵام هەتا ئێستا دروستنەکراوەتەوە.

فورقان

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (دەروازەى شار). ساڵى ١٩٨٥ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. ڕووبەرەکەى نزيکەى (١٠٠٠م٢)يە. لەلايەن خێرخوازانەوە بۆى دابينکراوە. بەر لە کیمیابارانى هەڵەبجە ناوى (عابيدين) بووە. لەکاتى کیمیابارانى هەڵەبجەدا‌ ڕووخاوە. ساڵى ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ لەلايەن ڕابيتەى ئيسلامى کورد دروستکراوەتەوە‌. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و دوو دەروازەى هەيە. دواتر هەيوانى مزگەوتەکەى بۆ زيادکراوە و بەوهۆيەوە کەمێک فراوان بووە. نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. مامۆستا (حەيدەر عەلى ئەحمەد هانەسوورەيى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

پێشتر 1
...
7 8 9
...
39 دواتر