عەبابەیلێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14
کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) و لە سێ ڕیانی (هەڵەبجە - شاخی شنروێ - گوندی جەلیلە)دا هەڵکەوتووە. بە یەکێک لە سیما مێژووییەکانی گوندەکە و ناوچەکە دادەنرێت. کانیاوێکی سازگاری لە تەنیشتدایە، کەوتووەتە نێو گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێوە. ئەم مەرقەدە مێژویەکی کۆنی هەیە. بەڵام ئەوەی تائێستە زانراوە، شێوازی بینا و گومەزییەکەی ساڵی ١٧٤٧ لەلایەن (سەلیم پاشای بابان)ـەوە دروستکراوە. ساڵانە لە پارە و هاوکاریەکانی خەڵکی نۆژەنکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٤دا لەلایەن (شێخ کەریم)ـەوە نۆژەنکراوەتەوە. هەر لەدێر زەمانەوە، ئیدارەیەکی سەربەخۆی بۆ دروستکرابوو، کەسێک دەبوویە بەڕێوەبەر و کاری چاودێری و پاکوخاوێنی و کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی لەئەستۆ دەگرت. بەو کەسەیان دەگوت (زێوانی مەرقەد) کەناوی (دادە عاسە)بوو. خەڵکانێک بۆ بەخت و نیاز سەردانی دەکەن و لەکاتی چونە ژوورەوەدا وا پەیڕەوکراوە ڕوبەڕوو دەچنە ژوورەوە پاشان پشتاو پشت دێنە دەرەوە. کاتی خۆی زۆر کەم منداڵ هەبوو لەهەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری پەڕۆیەکی سەوزی ئەو مەرقەدەی وەک (موفەڕک) بەسنگەوە یا بە مەچەکیەوە یان لەملیدا نەبێت یا خۆڵی مەرقەدی عەبابەیلێی دەرخوارد نەدرابێت، ئێستا ئەو دیاردانە کەمبوونەتەوە یان هەر بەرەو نەمان چوون.
سەرچاوەکان:
- اسماء المدن و المواقع العراقیة، المحامی جمال بابان، جزء ١ط٢ ص٩ مطبعة الأجیال، بغداد سنة ١٩٨٩
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (کاوان شێخ حەمە سەعید شێخ کەریم)ی پیشە مامۆستا، بەکالۆریۆس، لەدایکبوو: ١٩٦٤، لە ١٣ی ١١ی ٢٠٢٢.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (هێمن عمر محەممەد)ی لەدایکبوو: ١٩٧٨، دانیشتوی هەڵەبجەی شەهید، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٦ی ١٢ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید