پاشا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لەلایەن (محەممەد پاشای جاف)، کە لەو سەردەمەدا قایمقایم بووە دروستکراوە. بەگزادەکانی جاف خۆیان سەرۆکاری مزگەوتەکەیان کردووە و چەندین فەقێ دەرسیان لێ خوێندووە. ژنانیش لەگەڵ پیاواندا لە مزگەوتەکەدا فەقێ بوون و زانستە شەرعییەکانیان خوێندووە، ئافرەتێک بەناوی (مەلا توبا) قۆناغەکانی فەقێیەتی لە مزگەوتەکەدا بڕیووە و دواتر دەرسی بە ئافرەتان وتووەتەوە. چەند جارێک مزگەوتەکە زیانی پێ گەیشتووە و نۆژەنکراوەتەوە. لەڕووی بیناسازییەوە لە بینایەکی بچوک بۆ نوێژخوێندن و لە بەرانبەریشیدا بینایەکی فراوان بۆ نوێژ و وتاری هەینی دروستکراوە، منارەیەکی گەورەی هەیه. سەرچاوەی ئاوی سەرەکیی مزگەوتەکە بیری دەستی بووە، دواتر گرێدراوە بە تۆڕی ئاوی حکومییەوە.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە شارێکی بچوک مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق علی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕێنوێن، سلێمانی ٢٠٢٠، ل٦٨-٦٩.
- مێژووی مزگەوت و خوێندنگا ئاینییەکانی هەڵەبجە لە ١٩٥٨-٢٠٠٣، پەیام احمد حسین، توێژینەوەیەکی مێژووییە (بەکالۆریۆس) پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، ٢٠١٨، ل١٠.
- لاپەڕەیەک لە کێژووی هەڵەبجە (١٧٠٠-١٩٥٨)، بەکر حمەصدیق عارف، چاپی یەکەم، کتێبخانەى ڕۆشنبیر، سلێمانی ١٩٩٧، ل٣٥.
- کورتەیەک لە مێژووی مزگەوتەکانی هەڵەبجە و خزمەتی زانایان، هاوکار صابر، چاپی یەکەم، چاپخانەى بڕیار، ٢٠١٣، ل٦.
ئامادەکردنی: جەوهەر عەزیز ئەحمەد