بیارە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
مەڵبەندێکی ئایینی و ڕۆشنبیرییە. بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە. ڕۆڵێکی گەورەی لە پیگەیاندنی ژمارەیەکی زۆر زاناو دانای کورددا هەبووە. لەبەشی ڕۆئاوای بیارە و ڕێگەی هانەگەرمڵەدایە. یەکەم قوتابخانە و دامەزراوە بووە، کە ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستا بگرێتەخۆ. لە ساڵی ١٨٨٩، شێخ عومەر زیائەدینی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵە سەرەتا وەک مزگەوت دایمەزراندووە. مەلا عەبدولقادری مودەڕیسی بۆ هێناوە و بووەتە یەکەم مودەڕیسی. لەسەردەمی شێخ عەلائەدین و شێخ نەجمەدیندا پەرەیسەندووە و گەلێک زانای پایەبەرز و شاعیر و ناوداری پێگەیاندووە. وەک زانستگا و خوێندنگایەک بووە و چەندین کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە ڕوویانتێکردووە، ئەمەیش بە مەبەستی فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان و زانستەکانی دیکەش، هەتا ئێستاش وەک خوێندنگایەک بەردەوام فەقێ و مەلا تێیدا دەخوێنن و مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرن. ساڵی ١٣٠٧ کۆچی لەسەر دەستی شێخ عومەر زیائەدین دروستکراوە، هەر لەسەرەتاوە چەندین فەقێ و موریدی خۆی، دەرسیان تێیدا خوێندووە و ڕۆڵی هەبووە لە پێگەیاندن و فێرکردنی چەندین مەلا و زانای کورددا. ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی گرتووەتەئەستۆ. ئەم خانەقایە دواتر لەلایەن شێخ نەجمەدین و شێخ عەلادینەوە نۆژەنکراوەتەوە و دوو هۆڵی وانەوتنەوەی دیکەی بۆ زیادکراوە، کە چەندین زانا لەدەرەوەی هەرێم هاتوون و وانەیان تێدا وتووەتەوە. لە بەناوبانگترین ئەو زانایانەی، کە لەم خانەقایهدا خوێندویانە وەک مەلا قادری بیارە و شێخ مارفی نێرگزەجاڕی و شێخ عەلی قەرەداغی و مەلا عەبدولەکەریمی مودەڕیس و... هتد. خانەقای بیارە بە (المحاسن الشریفە) ناسراوە، چونکە دەوترێت دوو تاڵ لە ڕیشی پێغەمبەر(د.خ)ی لێیە و لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە وەکو دیارییەک دراوەتە شێخەکانی هەورامان. ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەم مەڵبەندە ئایینیە دەکەن.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، ٢٠٠٥، تاران، ل١٣١١.
- بنەماڵەی زانیاران، مەلا عبدالکریمی مودەڕیس، چاپی یەکەم، سنە، ل٣١٢.
- مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، بەرگی یەکەم، انتشارات بلخ، ٢٠٠٠، ل٥٢٩.
- پەیامى هەورامان، هادى ڕەشید بەهمەنى، چاپى دووەم، چاپخانەى بەدرخان، سلێمانى، ٢٠٠٣، ل٢٣٤.
- بنەماکانى جوگرافیاى سروشتى و گەشەپێدانى گەشتوگوزار لە پارێزگاى سلێمانى، شیروان عمر ڕەشید، سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیجى کوردستان، سلێمانى، ٢٠٠٧، ل١٨١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم,د. ڕێباز لوقمان مستەفا