بیارە
مەڵبەندێکی ئایینی و ڕۆشنبیرییە. بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە. ڕۆڵێکی گەورەی لە پیگەیاندنی ژمارەیەکی زۆر زاناو دانای کورددا هەبووە. لەبەشی ڕۆئاوای بیارە و ڕێگەی هانەگەرمڵەدایە. یەکەم قوتابخانە و دامەزراوە بووە، کە ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستا بگرێتەخۆ. لە ساڵی ١٨٨٩، شێخ عومەر زیائەدینی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵە سەرەتا وەک مزگەوت دایمەزراندووە. مەلا عەبدولقادری مودەڕیسی بۆ هێناوە و بووەتە یەکەم مودەڕیسی. لەسەردەمی شێخ عەلائەدین و شێخ نەجمەدیندا پەرەیسەندووە و گەلێک زانای پایەبەرز و شاعیر و ناوداری پێگەیاندووە. وەک زانستگا و خوێندنگایەک بووە و چەندین کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە ڕوویانتێکردووە، ئەمەیش بە مەبەستی فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان و زانستەکانی دیکەش، هەتا ئێستاش وەک خوێندنگایەک بەردەوام فەقێ و مەلا تێیدا دەخوێنن و مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرن. ساڵی ١٣٠٧ کۆچی لەسەر دەستی شێخ عومەر زیائەدین دروستکراوە، هەر لەسەرەتاوە چەندین فەقێ و موریدی خۆی، دەرسیان تێیدا خوێندووە و ڕۆڵی هەبووە لە پێگەیاندن و فێرکردنی چەندین مەلا و زانای کورددا. ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی گرتووەتەئەستۆ. ئەم خانەقایە دواتر لەلایەن شێخ نەجمەدین و شێخ عەلادینەوە نۆژەنکراوەتەوە و دوو هۆڵی وانەوتنەوەی دیکەی بۆ زیادکراوە، کە چەندین زانا لەدەرەوەی هەرێم هاتوون و وانەیان تێدا وتووەتەوە. لە بەناوبانگترین ئەو زانایانەی، کە لەم خانەقایهدا خوێندویانە وەک مەلا قادری بیارە و شێخ مارفی نێرگزەجاڕی و شێخ عەلی قەرەداغی و مەلا عەبدولەکەریمی مودەڕیس و... هتد. خانەقای بیارە بە (المحاسن الشریفە) ناسراوە، چونکە دەوترێت دوو تاڵ لە ڕیشی پێغەمبەر(د.خ)ی لێیە و لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە وەکو دیارییەک دراوەتە شێخەکانی هەورامان. ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەم مەڵبەندە ئایینیە دەکەن.
تەوێڵه
بە دووری (١٠٨کم) کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق ئێران). لە باشورى شارەدێی تەوێڵهیە. تەرمی شێخ عوسمان سیراجەدین و شێخ ئەحمەدی کوڕی لەناو خانەقای تەوێڵەدا بەخاکسپێرراون، شێخ عوسمان بەناوبانگترین جێگرەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە، ئەم خانەقایە بە شێوازی ئەندازیاریی ڕەسەنی کوردی دروستکراوە و لە ١٧ ژوور و هەیوانێک و ئارامگایەک لەگەڵ گومەزی شێخ سیراجەدین پێکهاتوە. شێخ عوسمان لەکاتی پیریدا و ساڵی ١٢٧٣ی کۆچی، خانەقایەکی بچوکی دروستکرد و لەدوای خۆی کوڕە گەورەکەی شێخ محەممەد بەهائەدین فراوانی کردووە و بەم شێوەیەی ئێستای لێکردووە. هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی تەریقەتی نەقشبەندی و گەشتیارانی دیکەش سەردانی دەکەن، هەندێکیان بەمەبەستی زیارەتکردن و هەندێکیان بەمەبەستی بەدیهێنانی داواکانیان، بەڵام هەندێک بەمەبەستی مانەوە و خوێندن دێنە خانەقای تەوێڵە، چونکە ئەم خانەقایەش هاوشێوەی خانەقای بیارە هەتا ئێستاش وەکو خوێندنگایەک ماوەتەوە و بەردەوامە لە پێگەیاندنی فەقێ و مەلا. بەهۆی ئەوەی خانەقاکە کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق - ئێران)، هەروەها نائارامیی سیاسی و خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە و دواتر شەڕی ناوخۆیش، بەهۆیانەوە چەندین دەستنوس و بەڵگەنامەی کۆن و بەنرخ ونبوون، کە هەندێکیان دزراون و هەندێکی دیکەیان لەلایەن نەیارانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە سوتێنراون، سەرەڕای ئەوەی، کە چەندین جار هەوڵی هەڵدانەوەی گۆڕەکانی ناوی دراوه.
گمە
ساڵی ١٨٩٠ لەسەر دەستی (شێخ عومەر شێخ عوسمان سراجەدینی یەکەم)ی نەقشبەندی پێش خانەقای بیارە لە گوندی (گمە) بونیادنراوە. شێخ عومەری بیارە خۆی لە خانەقاکەدا ماوەتەوە و سەرپەرشتی کاروباری ئاینی کردووە.