بیاوێڵە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11


لاپەڕەی 42

خانەقا و مەدرەسە

لەلایەن شێخ عومەر زیائەددین (شێخ عومەری بیارە)ەوە دروستکراوە، بە تەواوی ساڵی دروستکردنەکەی نازانرێت، بەڵام مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەو بڕوايەدايە ساڵی (١٣١٠ک/١٨٩٢-١٨٩٣ز) دروستکراوە. بە تێپەڕبوونى کات بووە بە مەڵبەندێکی پەروەردەیی ئايینی و تەسەوفیی گرنگ و ناوبانگێکی باشى پەیداکردووە. چەند بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتى عوسمانى، کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩١٢ دەگەڕێتەوە و تايبەتن بە دابینکردنی مووچە بۆ شێخی خانەقا و مودەریسی مەدرەسەکەی بیاوێڵە، لە يەکێکياندا، کە ١٨ی مارتی ١٩١٢ بۆ وەزارەتی ئەوقاف نوسراوە، باس لەوەکراوە، لەو داواکارییە شێخ محەممەد جەمیل عومەری ئەفەندی کوڕی شێخ عومەر زیائەدینی گەورە شێخانی تەریقەتی بەرزی نەقشبەندییە، لە ڕێگەی بەغدادەوە ناردوویانە لە دوای مەرگی باوکییەوە لەو خانەقا و مەدرەسەدا پۆستەنیشین بووە و لەسەر پێڕەوی پێشینانیان، سەرقاڵی ئیرشاد و تەدریسە. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە کراوە لە زۆر ناوچەی جیاوازەوە خەڵکانێک ڕوو لە خانەقاکە دەکەن، لەبەر نەبوونی هیچ داهاتێک، بۆ دابینکردنی خواردنی ئەو میوانانە و خەرجی قوتابييەکانيان ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە. لە نوسراوەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە خزمەتە ئاینییەکانی شێخی خانەقای ناوبراو، لە هەمبەر مەزهەبی شیعەگەرێتیدا بووەتە بەربەست و بەرگری. شایەنی باسە فەریقی یەکەمی خانەنیشنکراو، داغستانی محەممەد فازیل پاشا، کە ماوەیەکی درێژ لەناو موسڵ فەرماندە و وەکیلی والی بووە، وێڕای شایەتیدانی بۆ ڕۆڵی شێخی خانەقای ناوبراو لە ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی شیعەگەرێتیدا، شایەتی ئەوەشی داوە، کە شێخ محەممەد جەمیل، خاوەن ڕێز و پایەیەکی بەرز بووە. جەختیشی لە گرنگی بوونی دامەزراوەیەکی لەو جۆرە لەسەر سنور بۆ ڕێگریکردن لەهەژموونی شیعەگەری جەعفەرى کردووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش داواکراوە، بڕی هەزار قروش بۆ شێخ محەممەد جەمیل و پێنج سەد قروش بۆ سەید مەلا حەسەنی مودەڕیسی مەدرەسەی بیاوێڵە دابینبکرێت.

سەرچاوەکان:

  1. یادی مەردان، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، چاپی دووەم، دەستگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠١١،ل٢٢٣.
  2. چاوپێکەوتنى ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (مەریوان مەحموود کاکە شێخ)، لەدایکبوو: ١٩٦٦، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٠ى ٨ى ٢٠٢٣، لە خورمأڵ.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (سەلام قادر عەبدولوەهاب)، لەدایکبوو: ١٩٦٥، بڕوانامە: ئامادەیى، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٦ ى ١٠ى ٢٠٢٣، لە بیاوێڵە.

ئامادەکردنی: سەلام هانەدنی,د. سامان مستەفا ڕەشید

4

هاوبەشی پێبکە