دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

ئيمامى موسليم

کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ) لە گەڕەکی داڵانی. بە مزگەوتى (دەرەیمەڕييەکان)یش بەناوبانگە. ساڵى ١٩٧٩ لەلايەن خێرخوازانى دەرەیمەڕەوە هەم زەويیەکەى هەم بيناکەى دابينکراوە و دروستکراوە. سەرەتا يەک نهۆم بووە و دوو دەروازە و يەک منارەى هەبووە. یەک خادمى هەبووە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوى زەڵم و ئاوى بيرە. ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە. يەکێکە لە گەورەترين و جوانترين مزگەوتەکانى پارێزگاى هەڵەبجە. لە ئێستادا دوو نهۆمە و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت، هۆڵى پرسەى هەیە. خادیمێکی خۆبەخشی هەیە. مامۆستا (عەبدولمەلیک سەعيد سەرگەتى) وتاربێژى مزگەوتەکەیە.

ئیمان

کەوتووەتە شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە. لە بەشەکانی (پەروەردە و بانگەواز، وەرزش، هونەر، خوێندنی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکان) پێکهاتووە. گرنگییان بە یاری تێنس و کردنەوەی خولی خۆشنوسی، کردنەوەی پێشانگای هونەری کاریکاتێرییان داوە. دواتر بنکەکە گواستراوەتەوە بۆ کۆڵانی مزگەوتی کێلەسپی.

زیاتر بزانە
بنکەی پەروەردەیی

ئیمان

کەوتووەتە گەڕەکی ڕاپەڕین تەنیشت فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن خێرخوازانەوە لەسەر ڕووبەری (٦٠٠م٢) دروستکراوە، سەرەتا ناوی مزگەوتی (پێغەمبەری خوا) بووە، دواتر گۆڕاوە بۆ مزگەوتی (ئیمان). مزگەوتەکە یەک دەوازە و هۆڵێکی گەورەی هەیە، بەشێوەیەکی خۆبەخش کاری پێشنوێژیی تێدادەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.

بابا ئەسکەندەر

یەکێکە لە مزگەوتەکانی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٦٠ دروستکراوە. لە ناوەڕاستی گەڕەکی مالێدەرە. لەبەر ئەوەی لە مەزاری پیر بابائەسکەندەرەوە نزیکە، بە مزگەوتی بابائەسکەندەر ناسراوە. لە لایەن خەڵکی تەوێڵە و ئەهلی گەڕەکەوە دروستکراوە. حاجی حەسەن ئەڵاکەرەم و حاجی حەمەعەلی کۆزاد و حاجی سەلیم لە دروستکردنیدا زیاتر هاوکار بوون. حەرەمی مزگەوتەکە گەورە نییە. دوو دەرگای هەیە. لە سەرەوە و لە خوارەوە دەچیتە ناوییەوە. هەیوانەکەی دەڕوانێت بەسەر بازاڕی تەوێڵەدا. حەوزێک و چوار دەستشۆر و وسڵخانەی هەبووە. یەکەم مەلای ئەم مزگەوتە باباحاجی بووە. لە ساڵی ١٩٦١ەوە هەتا چۆڵبوونی تەوێڵە ١٩٨١دا، (مەلا عەبدولڕەحمانی مەلا جەلیل) پێشنوێژی لێ کردووە. دوای ڕاپەڕین لە لایەن خەڵکی تەوێڵە و هاوکاریی یەکگرتووی ئیسلامی، لە ساڵی ١٩٩٣دا دروستکرایەوە. مامۆستا سەید عەبدولخالق پێشنوێژى لێ کردووە. حاجی حەسەن و حاجی ئەبوبەکری کوڕی و دواتریش دیاری عەبدولی حاجی ئەبوبەکر، خادم و متەوەلی مزگەوتەکە بوون. کۆتاجار ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی شێخ عەلی شێخ عیزەدین بەشێوەیەکی جوان دروستکراوەتەوە.

بابا غەیبوڵڵا

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) لە ناوچەی هەورامان. مێژوویەکی هەشتسەد ساڵەی هەیە. سەرەتا لە تاکە ژوورێک پێکهاتووە و بە بەرد و قوڕ لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. هەتا ئێستا شوێنەواری بەتایبەت میحرابی مزگەوتەکە ماوە. بەناوی (بابا غەیبوڵڵا)وە ناوبراوه،‌ کە لەسەردەمی خۆیدا لەم مزگەوتە خواپەرستی کردووە و وانەی ئاینی بە خەڵکی وتووەتەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی لەبەردەم مزگەوتەکەدا بەخاک سپێرراوە.

باساکا

یەکێکە لە مزگەوتە کۆنەکانی شارەدێی (تەوێڵە). کەوتووەتە گەڕەکی خەمەکاوەی لە مالێدەر دروستکراوە. بەردی قورس و گەورە لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە. چەند بۆچونێک سەبارەت بەناوەکەی باسدەکرێن. سۆفی محەممەد باساکی و چەند هاوڕێیەکی لە تەوێڵە بازرگانی دەکەن و قازانجی زۆر دەکەن. ئەم مزگەوتە دروستدەکەن و پێیدەڵێن مزگەوتی باساکییەکان، دواتر بووەتە باساکا. یان وەستای دروستکردنی مزگەوتەکە وەستایەکی باساکی بووە. دوو برای باساکی(عەلی و محەممەد سادق) لە تەوێڵە دەخوێنن. خەڵکی تەوێڵە لەگەڵیاندا باش بوون و مامۆستای باشیان هەبووە. دوای مۆڵەت وەرگرتنیان باوکیان ئەم مزگەوتە وەک دیاری بۆ تەوێڵە دروستدەکات. مەلا عەبدولڕەحمانی یەکەم، دەرسی بەم دوو برایە وتووە. حەرەمی مزگەوتەکە هەتا ڕادەیەک گەورەیە. بە پلیکانە دەچیتە سەرەوە. حەوزێک و شەش ئاودەست و مردووشۆری هەیە. جاران ژێر مزگەوتەکە نانەواخانە بووە. لە سەرەتاوە شێخ شەهابەدیینی دزاوەری مامۆستا و پێشنوێژى لێکردووە. بنەماڵەی مەلا عەبدوڵڵای مالێدەر پشتاوپشت مەلای بوون. ساڵی ١٩٧٠ بەدواوە مامۆستایان (سەید عەبدلوڕەحمانی سەید تەها و سەید ڕەشادی سەید محەممەد) ئیمامی مزگەوتەکە بوون. بە هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٣ خەڵکی تەوێڵە بە تایبەتی ئەهلی گەڕەک بەسەرپەرشتی سەعدی حاجی ئەحمەد وەک خۆی دروستیانکردەوە و ڕابیتەی ئیسلامی پڕۆژەی ئاوەکەی بۆ ڕاکێشاوە. نوێژی هەینیی لێناکرێت.

بامۆک

کەوتووەتە‌ ناوەڕاستی گوندی (بامۆک). مێژووی دروستکردنی دیاریکراو نییه، بەڵام ساڵی ١٩٩٥ بنەماڵەی (حاجی محەممەدی بامۆکی) تێکیانداوە و سەرلەنوێ دروستیانکردووەتەوە و ناوەکەی گۆڕاوە بۆ مزگەوتی (حاجی محەممەدی بامۆکی). مزگەوتەکە دوو نهۆمە، منارە و کتێبخانەی هەیە. دوو دەروازەی هەیە، نوێژی هەینی لێدەکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا موعتەسەم سەعید ئەحمەد) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە‌.

بانیبنۆک

کەوتووەتە گوندی (بانیبنۆک)ی بناری سورێن. ساڵی ١٩٤٨ لەسەر ئەرکی هاوڵاتیانی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (١٥٠م٢) دروستکراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکان کراوەبووە و دواتر داخراوە. ساڵی ٢٠١٥ مزگەوتێکی تر لەسەر ئەرکی خێرخوازان لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و هەتا ئێستا دەرگای کراوەیە. مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە.

بانیشاری تازە

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بانیشار)ی ئێستاوە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (١٥٠م٢) دروستکراوە. مەلا(شکار هاروون) مامۆستای مزگەوتەکەیە.

بانیشاری کۆن

کەوتووەتە ناو گوندی (بانیشار)ی کۆنەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵی ١٩٦٣ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) نۆژەن و فراوان کراوە. (مەلا محەممەدی مەلا مستەفایی خەرپانی، مەلا حەسەنی دزڵی) لە ماوەی جیاجیادا مامۆستای بوون. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکان کراوەبووە و لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

باوەکۆچەک

کەوتووەتە بەشى باشورى ڕۆژهەڵاتى گوندی (باوەکۆچەک)‌. لەسەر ڕێگە‌ى گوندەکەیە. مێژوويەکى دێرینی هەيە. ساڵى ١٩٨١ دروستکراوەتەوە و جارێکیش نۆژەنکراوەتەوە، منارە و دەروازەی هەيه. نوێژى هەينى لێناکرێت. مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە.

باوەیس

کەوتووەتە گوندی سەرگەتی هەورامانەوە، زەوییەکەی پەچە بووە، لەکاتی کای ناشتنی مردوو خەڵک عەزیەتی زۆریان بووە. بیر لە ژورێک کراوەتەوە وەک سابات، بۆ قەبرسان، بە هۆی کۆمەکی دارایی خەسرەو ئەحمەدەوە بیرۆکەکە فراوان کراوە و کراوە بە مزگەوت. ڕوبەرەکەی ٢٥٠م٢ یە. منارە و شوێنی دەستنوێژی هەیە و بێجگە لە نوێژی هەینی، نوێژەکانی دیکەی تێدا ئەنجامدەدرێت. لەساڵی٢٠٢١ لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، (سید جەلال)سەرپەرشتیکردوە و کارەکانی بەڕێوەبردووە، لە پڕۆژەی ئاوی گوند و جارجاریش لە بیرێکەوە ئاوی بۆ دابینکراوە. مەلا مەسعودی شێخ سدیق سەروکاری دەکات.

بەختيارى

کەوتووەتە گەڕەکى (بەختياری) لە ڕۆژهەڵاتى شارى هەڵەبجە. ساڵى ٢٠٠٦ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠٠م) لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. زەوييەکەى لەلايەن (حاجى مەلا عەبدوڵاى دەڵەمەڕی)یەوە دابينکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووه. ناوى مزگەوتەکه لەناوى بيرى بەختياريى و گوندەکەوە هاتووە. منارەیەک و چوار دەروازەی هەیە. لەکاتى دروستکردنى مزگەوتەکەوە هەتا ئێستا مامۆستا (مەلا نەوزاد فەتاح شەمێرانەيى) پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.

بەرجۆگە

کەوتووەتە گەڕەکی بەرجۆگە لە شارۆچکەی بیارە. ساڵی ١٩٦٠ دروستکراوە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا ڕوخاوە. دوای ڕاپەڕین لە سەر ڕووبەری ٣٠٠م٢ بە دوو نهۆم دروستکراوەتەوە. تاق و میحراب و پەنجەرەکانی هیلالین. بێجگە نوێژی هەینی نوێژەکانی تری تێدا ئەنجامدەدرێت. لەلایەن خێرخوازانەوە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. ڕزگار نادر عەزیز و فەیرۆز حەمەساڵح سەرپەرشتیدەکەن.

بەر قەڵا

ساڵى ٢٠٠٦ لەلايەن خێرخوازانەوە دروستکراوه. هۆکارى ناولێنانەکە بۆ هەڵکەوتەی شوێنەکەی دەگەڕێتەوە، کە لە بەردەم قەڵاى مێژوويى خورماڵدایە. کەوتووەتە گەڕەکى (قەڵا) و سەر ڕێی چەمی‌ زەڵم، کە بە شارۆچکە‌ی (خورماڵ)دا تێدەپەڕێـت. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی (زەڵم) و بیرە. دوو دەروازه و منارەیەکی هەیە. نوێژى هەينى لێناکرێت. هێشتا بە فەرمی مامۆستاى ئاينى و‌ خادمی بۆ دانەنراوە.

بەشارەتى خواروو ١

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندی (بەشارەتی خواروو)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا جارێکى تر دروستکراوەتەوە. ‌ساڵى ٢٠٢٠ مزگەوتێکى نوێ لەسەر ئەرکى خێرخوازان لە تەنيش مزگەوتە کۆنەکە دروستکراوە و مزگەوتە کۆنەکە جێهێڵراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. هۆڵى هەيە و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت.

بەشارەتى خواروو ٢

کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (بەشارەتی خواروو)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٨ دەستکراوە بە دروستکردنەوەى‌، بەڵام تەواونەکراوه و دواتر (اغاثة الاسلامى) تەواویکردووە. يەک نهۆمە، سێ دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. مامۆستا (جەبار ئەحمەد يارئەحمەد) مامۆستا و پێشنوێژ و (د. عومەر حەمەڕەشيد) وتاربێژى مزگەوتەکە‌ن.‌

بەشارەتى سەروو

کەوتووەتە ‌باکوری ڕۆژهەڵاتی گوندی (بەشارەتى سەروو). ساڵى ١٩٧٢ دروستکراوه. ساڵی ١٩٨٢ نۆژەنکراوەتەوه.‌ ساڵی ١٩٨٧ لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا تەقێنراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن دەستگای فریاگوزاریی ئیسلامییەوە دووبارە دروستکراوەتەوە و لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) فراوانکراوە. بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزرێنراوە.

بەکراوا

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بەکراوا). ساڵی ١٩٧٣ لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) و لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە دروستکراوە. لە هۆڵێکی گەورە، هەیوانێک، حەوزی ئاو و ژووری مردوشتن پێکهاتووە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ڕووخانی گوندەکان لەلایەن حکومەتەوە ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠٠٩ و دوای ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دووبارە و لە هەمان شوێن دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (محەممەد ئەحمەد) مامۆستای ‌مزگەوتەکەیە.

بەلەسۆ

دامەزراوەیەکی ئاینییە، سەرەتای ساڵی شەستەکانی سەدەی بیست لە گوندی بەلەسۆ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە بونیادنراوە. هۆڵێکی گەورە و بەرهەیوانێک بووە. خەڵک بە خۆبەخش و کاری خێر بانگییان داوە و نوێژەکانی تێداکراوە. لەبەر نەبوونی مەلای وتاربێژ نوێژی هەینی تێدانەکراوە.

پێشتر 1 2 3
...
39 دواتر