عەبدوڵا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵه. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری شەریعە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و زیاتر لە ٥٠ کتێبی هەیە، لەوانە (نەقشبەندی و نەقشبەندییەکان، ژیان و بیروڕاکانی دکتۆر مستەفا زەڵمی، دوو عەوامیلی جوڕجانی و بوڕکەوی، شەرحی عەوامیلی مەلا موحسین، زانستەکانی فەرمودەناسی، شێخ عەلائەدینی نەقشبەندی و دوو پەیامی عیرفانی لە لوتکەدا).
عەبدوڵا نەجمەدین تەها
نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی (تەپی سەفا) لە شارەزوور لەدایکبووە. لای باوکی خوێندنی دەستپێکردووه. بەشی دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەوانان و لیژنەی پێداچونەوەی تەفسیری ئاسان و لیژنەی پێداچونەوە و دانانی پڕۆگرامی قوتابخانە ئیسلامییەکان بووە. سەرنوسەری گۆڤارەکانی (مامۆستای دوارۆژ) و (جگەرگۆشەکان) و (شاهۆ) بووه، کە دوانیان تا ئێستا بەردەوامە. بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانیی گۆڤاری پەیامی ڕاستی بووە. دەیان کتێب و نامیلکە و بەرهەمی جیاوازی چاپکردووە، لەوانە: باڵەخانەی چەم، مستیلەی ئەفسوناوی، زەینەب خاتوون، تەجوید بەکوردی، ژیانی مامۆستا مەلا سەید حەکیمی خانەقین، سێ بێچووە چۆلەکە، کتێبی ڕەوشتەکان، ١٠٠ چیرۆکی منداڵان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی خانەنشینە.
عەلی دەلاک
نوسەرە. ناوی (عەلی محەممەد مەعروف)ە، ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (جانجان) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. جیا لە کاری فەرمانبەرییەکەی، دوکانی دەلاکی هەیە و بە ناوی ئەم پیشەیەوە ناسراوە. سێ کتێبی بە چاپ گەیاندووە، کە تایبەتن بە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەوانیش: (گوزەرێک بە جانجاندا، گەوهەرەکانی شارەزوور، منارەکان لە ئاسمانی هەڵەبجەدا).
عەلی زەڵمی
نوسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی تەواوی (عەلی محەممەد حەمەئەمین)ە، بە دکتۆر عەلی زەڵمی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە خورماڵ لەدایکبووە. ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆیی شەهید پێشەوا بووە. لە دەزگاکانی (تەلەفزیۆن، ڕادوێ، ڕۆژنامە) کاریکردووە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستاندا نوسین و وتاری بڵاوکردووەتەوە، وەک (ڕۆژنامەی یەکگرتوو، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، گۆڤاری کاروان، گۆڤاری ڕامان، ڕۆژنامەی برایەتی، گۆڤاری گوڵان). لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٩ ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری دیکەدا سەنتەری لێکۆڵینەوەی (ژیار) دروستدەکەن. بووەتە ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (ژیار). ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە وڵاتی بەریتانیا. ساڵی ٢٠١٢ ڕاوێژکار و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری کۆنسێپت بووە. دکتۆراى لە زانستی کۆمەڵناسی لە زانکۆی یودەبلیوی برستڵ لە بەریتانیا وەرگرتووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. جیا لەزمانی دایک شارەزای زمانی ئینگلیزیە. کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی و سێ کتێبی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ وتار و لێکۆڵینەوە. هەروەها وەرگێڕانی دەیان وتار و نامیلکەی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی، لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (Home and Sense of belonging among Irai Kurds in the UK, ٢٠٢٠ Roman&Littlefield USA، پرسی شوناس لەمژدەکانی مۆدێرنە بۆ گومانەکانی پۆستمۆدێرنە، زنجیرە کتێبی پەروەردەی ئیماکس "پێنج نامیلکە") ئەندامی گروپی ئەکادیمیی توێژەرانی بواری کۆچبەری لە زانکۆی برستڵ بەریتانیا و لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.
عەلى شارەزوورى
نوسەرى بوارى کەلەپوور و فۆلکلۆرە. ناوی (عەلی کوڕی مەعرووف کوڕی محەممەد)ه. بە (عەلی شارەزووری) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (گامێشپەتە) لەدایکبووە. لە حوجرە دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان لە قوتابخانەی حکومی قۆناغی سەرەتايى لە (سەیدسادق) و ناوەندى لە (هەڵەبجە) و ئامادەیی کشتوکاڵی لە (سلێمانى) خوێندووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەر لە هەولێر، دواتریش ڕاژەکەی گواستراوەتەوە بۆ (کەلار) و پاشانیش بۆ (سلێمانی) و لە هەموو ئەم شوێنانە پەندی پێشینان و گۆرانیی فۆلکلۆری کۆکردووەتەوه و لەم بوارەدا چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە: (چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور)، دوو بەرگ لە(پەندی پێشنانی کورد). پاش ڕاپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی (کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.
عەلی میرزا عارف
نوسەر و وەرگێڕە. بەڕێوەبەری شارەوانیی ھەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد عەلی عارف ئەبوبەکر)ە. نازناوی (عەلی میرزا عارف)ـە. ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بووە بە فەرمانبەر. لە چەند شوێنێک بووە بە بەڕێوەبەری شارەوانی، وەک (پێنجوێن، ھەڵەبجە، ھەڵەبجەی تازە و کۆمەڵگەی باریکە). خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (بارزانی لە ھەگبەی پۆڵاینی ستالیندا، نەقشبەندی لە کوردستان، تورکیا چۆن لەگەڵ کێشەی کورد مامەڵە دەکات، جەنگی کەنداو).