کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

ئیکرام کەریم حەمەئەمین

نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی بەکراوای باشوری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی شەریعەی لە بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ خاوەنی چوار منداڵە. لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی (ڕاپەڕینی ئیسلامی، یەکێتی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کورد، پرۆژەی ڕۆشنبیری تیشک، ئینستتیوتی بانگخوازان)ـە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. زیاتر له ٣٠ کتێبی نوسین و وەرگێڕانی هەیە‌، لەوانە (مێژوومان بوختانی بەدەمەوە دەکرێت، ئاش لە خەیاڵی و ئاشەوان لە خەیاڵێ و مێژووی بەرەیەکی گەنج).

بەهجەت جەمیل

ناوی (بەهجەت جەمیل حامید)ە. لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی (گەچێنە)ی هەورامانە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. بەشی کوردی لە زانکۆی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. تا ئێستا دەیان بەرهەمی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە (خۆشەویستی ڕاستەقینە، خوێندنەوەی بەسوود، دە بنەما بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان، ڕێڕەوی خێزان، هەلی زێڕین، منداڵێک دەخوێنێتەوە، بەرچاوڕوونیی، خۆدۆزینەوە، هەرزەکار، کێشەکانی منداڵان، عەقڵی کراوە، شەمەندەفەری پێشکەوتن..هتد).

بەهجەت ڕەحمان محەممەد

ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (بەڵخە) لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٢ خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٣ وەک مامۆستا دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامه و له ‌بواری پەروەردەی تایبەتدا چالاکە‌. چوار کتێبی چاپکراوی هەیە لەوانە (ڕێبەری مامۆستای پەروەردەی تایبەت، بنەماکانی پەروەردەی تایبەت، بەڵخە ئەستێرە درەوشاوەکەی هەورامان) زیاتر لە ١٠٠ کۆڕ و سیمنیاری تایبەت بە پەروەردەی تایبەتی پێشکەشکردووە، ئەندامی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجەیە، زیاتر ٢٠ خەڵات و ڕێزلێنانی ‌پێبەخشراوە. لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە.

بڕیار بەکر ئەولمحەممەد

وەرگێڕ و مۆسیقییە. ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە هەڵەبجە تەواوکردووە. زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووه. ‌ئامێری (نەی) دەژەنێت. جگە لە کوردی، فارسی و ئینگلیزیش دەزانێت. هەشت بەرهەمی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕراوە. لەوانە (من مەلالەم، یاداشتەکانی سیخوڕێکی موساد، خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتیت بدۆزەرەوە، کیمیا خاتوون). لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

بورھان قانع

نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (نەوێ) لە بناری سورێن لە شارەزوور لەدایکبووە. کوڕی شاعیری بەناوبانگ (قانع)ـە. ساڵی ١٩٤٨ لە چاپخانەی (ژین) کاریکردووە. ساڵی ١٩٥٩ وەک بێژەر و وەرگێڕ لە ئێزگەی کوردیی بەغداد کاریکردووە. لە دەزگای ڕاگەیاند لە دەرەوە چەند بەهەمێکی بە نازناوی نهێنی (زمناکۆ، ئاگر، ئەردەڵان) چاپکراوە، لە شاریش نزیکەی بیست کتێبی بە چاپ گەیاندووه، لەوانە (میدیا، ڕاپەڕینی نیکاراگوا، سپارتاکۆس، شۆڕشی کۆلە ڕاپەڕیوەکان، فەرھەنگی نوێ. مردوو خۆرەکان، گەورەپیاوانی جیهان). ساڵی ١٩٨٥ لە ڕێگەی (ھەولێر - کۆیە) بە ڕووداوی ھاتوچۆو کۆچیدواییکردووە. لەپاش کۆچیدواییەکەشی ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیشتووە: (جەنگی ناوخۆیی گەروە پیاوانی جیهان، کودناسی، گێژداوی پۆڵندە، یادداشتەکانی گیڤارا) و چەندین بەرهەمی تریشی وەرگێڕاوه،‌ کە هێشتا چاپنەکراون.

بورهان محەممەد ئەمین

ناوی (بورهان محەممەد ئەمین عەبدولکەریم). ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی لەدایکبووە سەر بە عەشرەتی نەورۆڵیی هۆزی جافە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی پاشان خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٧١ تا ساڵی ١٩٧٩ لە شارۆچکەی (خورماڵ) مامۆستا بووە. ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ئێران و دواتر گەڕاوەتەوە. لە ئێستادا لەشاری سلێمانی دەژی، کۆمەڵێک کتێبی دانراو و وەرگێڕاوی هەیە لەوانە (تەفسیری ئاسان، کورتەیەک لە ژیانی پێشەوای شەهید حەسەن بەنا، بەکوردیکردنی "في ظلال القرأن"ی سەید قوتب، ژیاننامەی ئەمجەد زەهاوی).

بیلال بامۆکی

وەرگێڕ، نوسەر و ڕاگەیاندکارە. ناوی (بیلال باسام محەممەد عەبدوڵا مەحموود وەيسى)یە و بە (بیلال بامۆکى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (بامۆک) لەدایکبووە. دەرچووى قۆناغی ئامادەییە. لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. بەڕێوەبەری ڕادوێی‌ دەنگى يەکگرتوو (ڕادوێى هەڵەبجه) بووە. خاوەنی ١٨ بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە(پەرستگاى بێدەنگى فەلسەفەى بوزايی و بوزيزم، پێشگۆييەکان، گفتوگۆيەکى دۆستانە لەگەڵ خودا، تکايە مەبنە مەڕ، دەفتەرى بيرەوەرى گيانداران. هێرمۆنتيکاو مێژوويى بوونى دەق). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە کتێبخانەى گشتى هەڵەبجه.

پرشنگ حەمەئەمین ئەحمەد

فەرهەنگساز، نوسەر و وەرگێڕە. بە (مامۆستا پرشنگ خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ له ‌شارۆکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. بڕوانامەی بەکالۆریسی لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. له ‌ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستیکردووە بە ئامادەکردنی فەرهەنگ و نوسین و وەرگێڕان و خاوەنی زیاتر لە ٢٠ کتێبی چاپکراوە، لەوانە (فەرهەنگی یاد، فەرهەنگی هونەر "دوو بەرگ"، زمانی ئینگلیزی بە ئاسانترین شێوە، فەرهەنگی هەنار بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، فەرهەنگی نەورۆز، ژینگەپارێزی، دیاردەی قەتیسبوونی گەرما و ژینگەپارێزی، چیرۆکەکانی پیسبوونی ژینگە، ڕاڤەی چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەر).

پشتیوان هەڵەبجەیی

ناوی (پشتیوان عەلی عەبدولڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە نوسینی چیرۆک کردووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە و چەند خەڵاتێکی وەرگرتووە، لەوانە: یەکەمی چیرۆک لە: پێنجەمین فیستیڤاڵی ناوەندی ڕووناکبیریی هەڵەبجە ساڵی ٢٠٠٨، چواردەیەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵی ٢٠١٠، فیستیڤاڵی گوڵعەنبەر ساڵی ٢٠١١، یەکەمین فیستیڤاڵی کەڤاڵی ئەدەبیی هەولێر ساڵی ٢٠١٣. تا ئێستا پێنج کتێبی چاپکردووە: (شانۆگەری مەملەکەتی ڕۆحە پەژموردەکان، کۆمەڵە چیرۆکی جەلادێکی قوربانی، ڕۆمانی بکوژی خودا، کۆمەڵە چیرۆکی نامەی شاعیرێک بۆ سۆفیا، باخەوانی گوڵەکان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. فەرمانبەرە و لە سلێمانی دەژی.

زیاتر بزانە
چیرۆکنوس

پێشەوا ئەسعەد خواکرم

ساڵی ١٩٩٠ لە ئۆردوگای زۆرەملێی نەسر لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە دەگاشێخان و بیارە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێژی زمانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. وەرگێڕی یاسایی مۆڵەتپێدراوە و سەدان بابەت و پەڕاوی یاسایی وەرگێڕاوە. تا ئێستا بیست کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، لەوانە: موسا فێری کردم، ئافرەت لە نێوان ئیسلام و ئیلحاد و مەسیحایەتیدا، زانستگەرایی، چۆن ئەم ئایینەمان پێگەیشتووە، خودا لە کوێیە؟، فێمێنیستی ئیسلامی، هونەری تەرکیز، فەلسەفەی خێزان، گەشتێک بەرەو ناسینی خودا، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە، مامۆستایە لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخی هەڵەبجە.

تەحسین حەمەغەریب

ساڵی ١٩٧٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و قۆناغی ئامادەیی لە ئێران خوێندووە. ساڵی ١٩٩٧ مۆڵەتی دوازدە عیلمی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٩ بە تاقیکردنەوەی دەرەکی ئامادەیی بڕیوە. ساڵی ٢٠٠٤ کۆلێژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی ماستەری لە یاسادا وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٣ دووەم بڕوانامەی ماستەری‌ لە زانکۆی مەنسوری وڵاتی میسر وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٤ وەک مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی گەشەپێدان لە سلێمانی وانە دەڵێتەوە. بەشداری چەندین کۆڕ و سیمینار و بەرنامەی کردووە و دەیان نوسینی لە بڵاوکراوە جۆرا‌وجۆرەکاندا هەیە. ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا لە شاری سلێمانی ناوەندی هەژان دادەمەزرێنن، کە لە بوارەکانی: فەلسەفە، فیکر، مەعریفە، ئەدەب، هونەردا کاردەکات. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری گۆڤاری (هەژان) و ئەندامی دەستەی نوسەران و خاوەن ئیمتیازی چەند گۆڤارێک بووە. خاوەنی زیاتر لە چل کتێبە، لەوانە: (حەقیقەت، تەریقەت دیدێک بۆ دنیاناسی، شەریعەت دیدێک بۆ دینناسی، محەممەد دەبێتەوە بە پێغەمبەر، فەلسەفەی زانست). لە ئێستادا سەرۆکی ڕێکخراوی هەژانە بۆ فیکر و مەعریفە. ‌

تۆفیق کەریم ساڵح

نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (گڵێجاڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕابەر و سەرنوسەری هەردوو ڕۆژنامەی (ڕاپەڕین) و(کۆمەڵ) بووە، ئەندامی دامەزرێنەرانی لیژنەی ڕۆشنبیریی ئیسلامی ١٩٨٣، یەکێتی ڕۆشنبیرانی ئیسلامی کورد ١٩٩٢، پڕۆژەی ڕۆشنبیریی تیشک ٢٠٠٥ بووە، ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی (خاڵ)ـە بۆ هزر و ڕۆشنبیری و سەرنوسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (خاڵ)ـە. زیاتر لە بیست کتێبی نوسیوە و وەرگێڕاوە، لەوانە:(کاریگەریی ئیسلام لەسەر فۆلکلۆری کورد "دوو بەرگ"، بەڵێ قورئان پارێزراوە، هونەری ژیانسازیی "چوار بەرگ"، ماف و ئازادییە سیاسیەکان لە شەریعەتی ئیسلامدا). لە ئامادەکردنەوە و لە چاپدانەوەی کۆبەرهەمی شێخ محەممەدی خاڵ، مەسعود محەممەد، هەژار موکریانی، پاڕەزانی، خزمەتی بەرچاوی کردووە. ئەندامی لیژنەی باڵا و کارگێڕیی نوسینەوەی زانیارینامەی هەڵەبجەیە.

جەلیل فەتاح عەباس

نوسەر و شاعير و ڕاگەیاندکار و ئاڤێستاناسە. بە (جەلیلی عەباسی) ناسراوە و نازناوی (قەقنەس)ـە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (کێمنە)ی هەورامانی لهۆن لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی فارسیدا هەیە. نوسە‌ر و پێشکە‌شکار و دە‌رهێنە‌ری بە‌رنامە‌کانی ڕادوێ بووە لە مە‌ریوان و سنە. خاوە‌نی(انتشاراتی مە‌ولە‌وی) بووە‌‌. لە دەستەی دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوانە. سە‌رنوسە‌ری ڕۆژنامەی (شارۆ) و گۆڤاری (پە‌یژە) بووە. لە دامەزرێنەران و دە‌ستە‌ی نوسە‌رانی گۆڤارەکانی (قە‌قنە‌س، گۆڤاری ئە‌لیکترۆنیی هەورامان) بووە. لە ساڵی ١٩٩٨وە لە باشوری کوردستان و ئەندامی زۆر لە گروپ و ڕێکخراو و ناوەندی ڕۆشنبیرییە. ساڵی ٢٠٠٥ بە پلەی شارەزا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم دەستبەکار بووە، جگە لەوەی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، لە پێشەنگانی شیعری نوێی هەورامییە لە خۆرهەڵات. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە. لەوانە، ئاڤێستا، ئاهوورامان، هەورامان و هونەر، ژوانی یەسنا، لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

جەمال بابان

مێژوونوس و نوسەر، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، سەرۆکی شارەوانییە. ‌ناوی (جەمال عەبدلقادر بەگی عەزمی بەگی بابان)ـە و لە نەوەی سلێمان پاشای بابانە. ساڵی ١٩٢٧ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لەفەیسەڵییە و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە و ساڵی ١٩٥٠ کۆلێجی حقوقی تەواوکردووە. لە یەکەمین دامەرزاندنیدا بووەتە بەڕێوبەری ناحیەی عەربەت، دواتر بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ. ساڵی ١٩٦٧ بۆ ١٩٦٩ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٧٠ یەکەم سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد و ئەمینداری گشتیی کۆڕی زانیاری کورد و بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی بووە. نزیکەی ٢٠ کتێبی چاپکراوی هەیە، لەوانە (خانزاد، مامە یارە، خەرەکە شکاوەکە، سلێمانی شارە گەشەکەم، یاداشتنامەی ژیانم). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ٢٠٢٣ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

جەمال بێدار

شاعير و نوسەره. ناوی (جەمال حەبیبوڵڵا فەرەج ئیبراھیم)ـە. ساڵی ١٩٤٧ یان ١٩٤٨ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ١٩٦٩ خانەی مامۆستایان (دار المعلمین)ی تەواوکردووە و لە قوتابخانەکانی ھەڵەبجە مامۆستا بووە. ژیانی ھاوسەرێتی پێکھێناوە. پاش کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ١٩٨٨ ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و ساڵی ١٩٩٤ گەڕاوەتەوە و بووەتەوە بە مامۆستا. زۆرتر وەک شاعیرێک ناسراوە و نازناوی (بێدار)ە. بەڵام لە ژانرەکانی ئەدەب و ڕێزمان و وەرگێڕانیشدا بەرھەمی ھەیە و خاوەنی ٢٥ کتێبی چاپکراوە، لەوانه:‌ (ھۆرامان و ھۆرامی و واتەو وەڵینا "سێ بەرگ"، وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بە شێوەی ھەورامی، سروەری بێداریی، لەبابەت ڕێزمانی ھەورامییەوە، ئافرەت و شەیتان).

جەمال غەریب

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (جەمال غەریب حەمە)یە و بە (جەمال غەریب) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ‌لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستی کردووە بە نوسین. زیاتر لە ٥٠٠ وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەکاندا بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ١٣ کتێبی چاپکراوه،‌ لەوانه:‌ (کەرکوک لە سەنتەرەوە بۆ پەراوێز، فەرهەنگی ڕاڤە، من ئەڵێم، وێنەکانی ژیان، ژیانسازی، مرۆڤسازی، دروست ژیان "دووبەرگ"، لێی مەگرن شێتە، سوڵتانی بێ سایە، بۆ شکۆی ئافرەت).

جەمال ‌هەڵەبجەیی

نوسەر و پارێزەرە. ناوی (جەمال حەمە عەولمحمەد)ە. ساڵی١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٤ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، ماوەی چوار ساڵ لە بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی منداڵان لە سلێمانی دەوامیکردووە، دواتر ڕاژەکەی گواستوەتەوە بۆ وەزارەتی داد. ساڵی ١٩٩٨ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، هەر دوو زمانی عەرەبی و فارسی دەزانێت ئەندامی چەند ڕێکخراو و سەندیکایەکی ڕۆشنبیری و یاساییە، زیاتر لە بیست کتێبی بە نوسین و وەرگێڕان هەیە، لەوانە: (توندوتیژی لای منداڵان، فەرمانڕەوای خۆتان بن، بەرەو کامەرانی، بلیمەتەکان چۆن بیردەکەنەوە). ئێستا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

جوتیار قارەمان عەبدوڵا

ساڵی ١٩٩١ لە ئاوارەیی و لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بنەماڵەکەی خەڵکی گوندی (بیاوێڵە)ن. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێجی ئەندازیاریی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستی بە نوسین و وەرگێڕان کردووە. زیاتر لە ١٢ کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە: (ناوە جوانترینەکانی خودا، ١٠٠١ داهێنان لە کەلەپووری زانایانی موسڵمان، دڵئاژەڵ، جیهانی سۆفیا، پیاوێک بە ناو ئووڤێ). جگە لە زمانی دایکیی، ئینگلیزی و عەرەبی، ئیسپانی و فارسییش دەزانێت. هەروەها زار و شێوەزارەکانی کوردیی ناوەڕاست، هەورامی و کوردیی باکوری دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

حەبیب محەممەد سەعید

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (حەبیب محەممەد سەعید)ە. ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووه. ساڵی ١٩٦٨ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەوە دەستی بە نوسین و وەرگێڕان کردووە، کتێب و نوسینەکانی لە ئەڵقەی پەروەردەیی مزگەوتەکاندا وەک بێداربوونەوەی ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕۆڵیان هەبووە. خاوەنی ١١١ کتێب و نامیلکەی نوسراو و وەرگێڕاوە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، بەشێکی زۆری کتێبەکانی سەعید نەورەسی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، لەوانه:‌‌ (ژیاننامەی پێغەمبەری ئازیزمان بە دوو بەرگ، زنجیرەی هاوەڵانی پێغەمبەر "٣٤ کتێبه"، زنجیرەی پەیامەکانی نوور "١٠ کتێب"، لماذا ترک بديع الزمان السياسية) له ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە.

حەسەن حەمەکەریم

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (حەسەن حەمە کەریم حەمەڕەحیم سۆفی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٩ پەیمانگای تەکنیکی بەشی بیناسازی لە موسڵ خوێندووە، ساڵی ٢٠٠٧ بەشی عەقیدە و هزری ئیسلامی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە بەغداد تەواوکردووە، زیاتر لە دە کتێبی نوسیوە و وەریگێڕاوە لەوانە: نوسەری نەمر، شانازی مرۆڤایەتی، گەشتەکەم لەگەڵ پەیامەکانی نوردا.

پێشتر 1
...
15 16 17
...
60 دواتر