کەتان خادیمی
چیرۆکنوس و شاعير و ڕاگەیاندکارە. ناوی (کەتان حەمەڕەحیم حەمەشەریف)ە. ساڵی ١٩٧٥ لە تەوێڵە لەدایکبووە. هاوسەری نەبەز هەورامی شاعیر و نوسەرە. دەرچووی ناوەندییە. ساڵی ١٩٨٨ دەستیداوەتە نوسین. پەخشان و بابەتی جیاواز و دەقی شانۆیی و سیناریۆی نوسیوە. بەڵام زیاتر وەک چیرۆکنوس ناسراوە. کۆمەڵە شیعری(کە ژنێکی شاعیر دەمرێ، کۆمەڵە چیرۆکی بوخچەکەی دایکم) لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەون. لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ٢٠٢٢ بەرنامەکانی (ڕێژنە، زەمزەمەی شیعر، ئاریا و ئاونگ و چیرۆکی هەفتە)ی پێشکەشکردووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئاییندەسازییە. ساڵی ٢٠١٧ ماڵی مەستوورەی ئەردەڵانی دادەمەزرێنێت. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
پشتیوان هەڵەبجەیی
ناوی (پشتیوان عەلی عەبدولڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە نوسینی چیرۆک کردووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە و چەند خەڵاتێکی وەرگرتووە، لەوانە: یەکەمی چیرۆک لە: پێنجەمین فیستیڤاڵی ناوەندی ڕووناکبیریی هەڵەبجە ساڵی ٢٠٠٨، چواردەیەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵی ٢٠١٠، فیستیڤاڵی گوڵعەنبەر ساڵی ٢٠١١، یەکەمین فیستیڤاڵی کەڤاڵی ئەدەبیی هەولێر ساڵی ٢٠١٣. تا ئێستا پێنج کتێبی چاپکردووە: (شانۆگەری مەملەکەتی ڕۆحە پەژموردەکان، کۆمەڵە چیرۆکی جەلادێکی قوربانی، ڕۆمانی بکوژی خودا، کۆمەڵە چیرۆکی نامەی شاعیرێک بۆ سۆفیا، باخەوانی گوڵەکان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. فەرمانبەرە و لە سلێمانی دەژی.
سەبا ئەحمەد
ناوی (سەبا ئەحمەد حەمە)یە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی منداڵان دامەزراوە. بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە. چەند بەرهەمێکی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، لەوانە کۆمەڵە چیرۆکەکانی (کچەکانی حەوا، غرورەکانی کچێک، شارێک لە پێشوازی عەشقێکی نامۆدا، ئەفسانەی شاری جادوان)، نۆڤلێتەکانی (حەکایەتەکانی شەهریار، حەکایەتەکانی شەهرەزاد) و ڕۆمانەکانی (خەون لەسەر زەمینی شێرە پەڕۆکان، مرۆڤێک بەدوای مردندا ئەگەڕێ و کەسێکی تر، ساڵی ئاڵتونی) بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری (دیلانێ) و ڕۆژنامەی (هەڵەبجە) بووە.