کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

38 بابەت

ئەحمەدی جاف

کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.

بابا غەیبی هاواری

کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.

بابا ناوسی جاف

شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا ‌چاپ نەکراون‌. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە. ‌

باوا سەرهەنگی دەودانی

یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.

پیر ئەحمەدی بەرساهی

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. له کۆتاییەکانی ‌سەدەی حەوتەم لە شارەزوور لەدایکبووە. بە منداڵی نراوەتە بەر خوێندن و دواتر لە بەغداد خوێندنی و گەڕاوەتەوە شارەزوور و خەریکی وانەوتنەوە بووە. چووتە شێخان و بۆ ماوەیەک لەلای سان سەهاک بووە ودمی پیریی لێ وەرگرتووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥٢ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

پیر بابا غەیبی هاواری

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. له ‌سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە‌ شارەزوور لەدایکبووە. یەکێکە لە ٧٢ پیر و یارانی سان سەهاک. چەند هۆنراوەیەکی لە سەرئەنجامدا بە یادگاری ماوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

پیر تەقی شاهۆیی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرە و یارانی سان سەهاکە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە دەوروبەری شاهۆ لەدایکبووە. دەچێتە هەورامان و ماوەیەک لای سان سەهاک بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە. هۆنراوەکانی لە سەرئەنجامدا تۆمارن.

پیر حەیدەر کەڵمەیدانی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. بە گوێرەی (سەرئەنجام) لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە (بارگەبارگەی سەرئەنجام)دا ناوى هاتووە. باوکی پیر حەیدەر خەڵکی (قرمیسین) بووە. لە (کوفە) لەدایکبووە و لە هەورامان و شارەزوور ژیاوە و لە گوندی(هاوار) کۆچیدواییکردووە.

پیر دلاوەری دەرەشیشی

لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. (دەرەشیش) ناوى گوندێکی نزیک شارى هەڵەبجەیە. لە شارەزوور و هەوراماندا ژیاوە. لە شێخان (خەرقە)ی لە (سان سەهاک) وەرگرتووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە.

پیر قەمەری ساراو قوماشی

زانا و کەسایەتییەکی ئایینی یارسانييە. لە حەفتاو دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. مەرقەدەکەی لە گوندی (هاوار) و لەگەڵ چەند کەسی تردا بەخاکسپێرراون. بەو شوێنە دەڵێن (حەوت بەنان). لای خەڵکی بە (خەلیفە قەمەر) ناسراوە. لە (بارگەبارگەی سەرئەنجام)دا، هۆنراوەی هاتووە.

پیر سمایلی کەولانی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتی کۆچی و سەرەتای سەدەی هەشتی کۆچیدا لەدایکبووە. لە گوندی (هاوار) کۆچیدواییکردووە. نەوەکانی لە هاوار بە (پیرسمایلیيەکان) ناسراون و درێژەیان بە ئەرکە ئایینیەکەيان داوە. نەزەرگەکە دەکەوێتە نزیک نەزەرگەی میر ئەسکندر و لە خواروی گوندی هاوار.

پیر کەماڵی مامۆڵانی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە بنەچەدا خەڵکی لای (ڕەزاون)ـە. لە شارەزوور لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. ساڵى لەدایکبوون و کۆچیدواییەکەی ڕووننیيە.

پیر مالکی گۆران

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. ناوی (مالک)ـە. بە (پیر مالکی گۆران) ناسراوە. ساڵی ١٢٤٤ لە (سەراو دوودەرە) لەدایکبووە. چووەتە عێراق و شام و زاستى قورئان و حەدیسى خوێندووە. چووەتە هەورامان و لە (شێخان) لای سان سەهاک پلەوپایەی پیری پێدراوە. ساڵی ١٣٣٤ کۆچیدواییکردووە.

پیر محەممەدی شارەزووری

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. ساڵی ١٢٤٠ لە(شارەزوور) لەدایکبووە. ڕێزمانی عەرەبی و فیقهی ئیسلامی خوێندووە. مەیلی بۆ ئەستێرەناسی و پیتۆڵی هەبووە. لە بەغداد خوێندویەتی و لە شارەزوور وانەی وتووەتەوە. لە شێخان (خەرقە)ی لە (سان سەهاک) وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە زێدی‌ خۆی. ساڵی ١٣٣٢ کۆچیدواییکردووە.

پیر مووسی، مووسا، ڕوکنەدینی دیمەشقی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ساڵی ١٢٤١ لە (شام) و لە بنەماڵەیەکی کورد لەدایکبووە. بۆ خوێندن هاتووەتە شارەزوور و هەورامان. لە زۆربەی زانستەکاندا شارەزا بووە. سێیەم یان چوارەم فریشتەیە. لە هۆنراوە دەستووریيەکەی (سان سەهاک)دا، لە ئەرکە دینیەکەیەوە بە (قەڵەمدار، دەفتەردار و قەڵەم زەڕین) ناسراوە. لە دەفتەرە پیرۆزەکانی یارسان و سەرئەنجامدا ناوی هاتووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەشتەمی کۆچیدا لە (کرند) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.

پیر نالی مۆردینی

شاعیر و تەمبوورژەنێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسانە. (کوڕی سەید عەتای شارەزووری)يە. ساڵی ١٢٦٣ لە (مۆردین) لەدایکبووە. لای باوکی ڕێزمان و ئەدەب و قورئانی خوێندووە و دواتر مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. چووەتە شێخان و لەسەر دەستی (سان سەهاک) ئایینی یاریی وەرگرتووە. هۆنراوەکانی لە(بارگە بارگی سەرئەنجام)دا تۆمارکراون‌. لە (مۆردین) کۆچیدواییکردووە.

پیر نەڕەی باڵامۆیی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرەی یارسان و یاری (سان سەهاک)ـە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور یان دەوروبەری لاى (مۆردین) لەدایکبووە و لە لوڕستان کۆچیدواییکردووە. شیعرەکانی لە (سەرئەنجام) دا تۆمارکراون.

پێشەنگ

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. ناوی (فەرۆخ کوڕی بیهرۆز)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٢٨٠ لە‌ شارەزوور لەدایکبووە. بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبووە. بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان و بەغداد و شام و میسر چووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه،‌ تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٦ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (پێشـەنـگ)ـە. ژمـارەیـەک لـە هـۆنـراوەکـانـی لـەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

تەوار

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. ناوی (ئیسحاق کوڕی عەلی)ـە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چوودتە حوجره و بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان گەڕاوە و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٨١ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (تەوار)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

چەرگا

شاعیرێکی ‌ئایینی یارسانییە. ناوی (شەمسەدین کوڕی خەلیل)ـە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووەتە حوجره و بۆ خوێندن چەند شوێنێک گەڕاوە. دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه،‌ تا ساڵی ١٣٥٤ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (چەرگا)یـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

1 2 دواتر