هادی ڕەشید چاوشلی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
ڕۆشنبیر نوسەر و مافپەروەرە. بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵ بووە. ساڵی ١٩٢٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، باپیرە گەورەی بە ساڵحەسوور ناوبراوە و ئەمیش بە (مدیرەسوور) ناسراوە. بنەماڵەکەیان لە تورکمانی شاری هەولێرن. خوێندنی سەرەتای ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، پاشان چووەتە بەغداد و ئامادەیی خوێندووە. ساڵی ١٩٤٣ کولیەی حقوق و ١٩٤٤ کولیەی عەسکەری لە شاری بەغداد تەواوکردووە. چەندین پلەی وەزیفی بینیووە لەوانە: مودیر ناحیەکانی (بازیان، خورماڵ، پێنجوێن، بەرزنجە، قەرەداغ). دواتریش بووەتە قایمقام لەچەند قەزایەک و پاشانیش موتەسەریفی هەولێر و بریکاری وەزیری ناوخۆ. پاشان وازی لە وەزیفە هێناوە دەستیداوەتە پارێزەری. ساڵی ١٩٤٥ بۆ ساڵی ١٩٥٢ مودیر ناحیەی خورماڵ بووە. لە زۆر کۆمەڵی زانستی کاریکردووە. لە چەند گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی و عەرەبی نوسینی بڵاوکردووەتەوە چوار ساڵ سەرۆکی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری وەزارەتی ناوخۆ بووە. ساڵی ١٩٩٤ لە شاری هەولێر کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- هەولێ لەگەڵ کاروانەکەی فەلەک، هادی ڕەشید چاوشلی، چاپی یەکەم، چاپخانە الجاح، بغداد، ١٩٨٧، ل١٠٥.
- کاروانی ژیانم، د.مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، ل١٤٩.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆ ئەنثرۆلۆجییە، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، ل٦٠.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم