بۆردومانی گوندی گمە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گوندی گمە بۆردومانکراوە. لەوکاتەدا دانیشتوانی گوندەکە لە هاوینەهەواری (زریسکی) لەژێر کەپردا بوون. لە ئەنجامدا (حەیات محەممەد کاکەوەیس، عایشە عەباس کاکەوەیس، پەروین ئەحمەد محەممەد) شەهیدبوون و دوو براو خوشکێکیش برینداربوون و بۆ چارەسەر براون بۆ شاری کرماشان لە ئێران. دوای بۆردومانەکە دانیشتوانی گوندەکە ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە و ئاوارەی گوندەکانی (شێخ سێڵە، دڕێمی، ئەشکێ، ڕەجەوی و ...هتد) بوون.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (محەممەد حەمەساڵح ڕەحمان عەلی)، لەدایکبوو: ١٩٥٢، پیشە: خانەنشین، لە ١٤ی ٢ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (ئەحمەد محەممەد حەیدەر)، لەدایکبوو: ١٩٥٠، پیشە: خانەنشین، لە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٤.
  3. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (عەلی عەبدوڵا فەتاح قادر)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، پیشە: خانەنشین، لە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: تیمی مەیدانی/ گوندی گمە

6

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

فرۆشتنی موڵکەکەکانی شێخانی نەقشبەندی

فرۆشتنی موڵکەکان و گوندی ئەحمەدئاوایە لە لایەن بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی بە مەحموودخانی دزڵی. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموود و دابەشبوونی بەگزادە و سەرانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بە سەر لایەنگری شێخ مەحممود و چوونە پاڵ بەریتانیەکان، لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩١٩دا ناکۆکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکە و ئەحمەدئاوا دەبێتە مەکۆی شەڕ و کوشتار. بنەماڵەی بەگزادەکانی هەڵەبجە و بەریتانیەکان لە لایەک و مەحمودخانی دزڵی و پشتیوانانی لە شێخ مەحموود لە لایەکی ترەوە، کێشەی سەندنی باج لە خەڵکی سەرهەڵدەدات، بە هۆی بێلایەنیی شێخانی نەقشبەندی و ترسی فەوتانی موڵکەکانیان، ئەم ڕێکەوتنە ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە ئەحمەدئاوا بووەتە شوێنی پەنای مەحموودخان و سوارەکانی، ئەمەش مایەی بێزاریی ئینگلیزەکان بووە، بۆیە بۆردومانکراوە.

قاتوقڕی و گرانی لە سنوری هەڵەبجە

لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی نۆزدە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی کەمی و بێبەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵە لە سنوری قەزای هەڵەبجە و گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەک، کاربەدەستانی سنوری هەڵەبجە و لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٩ نوسراویان بۆ والییەکانی میسر و ئەدەنە و سەیدا و قایمقامی ئەنتاڵیا کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری ئەسکەندەروونەوە خۆراک و پێداویستی بگەیەنرێتە ناوچەکە و هانی بازرگانەکان بدرێت و تەماح بخرێتە بەردەمیان و لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە خەڵکی ناوچەکە لە چ ڕەوشێکی خراپدان، هەروەها ڕاسپاردەش دراوەتە کاربەدەستانی تەڕابلووسی شام، هەتا بە خێرایی کەشتیگەلی بارە گەنم بنێرنە بەندەری ئەسکەندەروونە بە مەبەستی گەیاندنی بە خەڵکی ناوچەکە. لەلایەکی تریشەوە بە کاربەدەستانی ئەدەنە و ئەنتاڵیا ڕاگەیەنراوە، کە ئەگەر لە حاڵێکدا ئازووقەی مولتەزیم (ئەوانەی بەرانبەر پارەیەکی دیاریکراو کۆکردنەوەی باج و خەراجیان لە دەوڵەت دەکڕییەوە) و بازرگانەکان بوونی هەبێت، پێویستە بە هاندان و تەماحپێدانیان ئەندازەی پێویست لەو ئازووقەیە بەخێرایی باربکرێتە کەشتییەکان و بەرەو بەندەری ئیسکەندەروونە بنێردرێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەکە.

کارەساتى ١٩٦٤ی‌ گوندى حەسەنئاوا

بەهۆى شەڕی پێشمەرگه ‌و سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٦٤ هێرشکراوەتە سەر‌ گوندەکە و چوار کەس (کەريمى فەتاح و ساڵحى حەمەى حەمەمين و سۆفى کەريم و فەتاح کە (خوشکەزاى سۆفى کەريم بووە) و ميوانى خاڵى بووە و خەڵکى سەرشاتە بووە و لەو کاتەدا بە ميوانى لە حەسەن ئاوا بووە)، شەهیدبوون.

کڕینەوەی موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵی

کڕینەوەی باخ و موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵییە لە گوندی ئەحمەدئاوا لە لایەن شێخ عەلادینی نەقشبەندییەوە، دوای بەدیلگرتنی مەحموودخان لە ساڵی ١٩٣١ و ڕادەستکردنەوەی بە عێراق، دوای دووساڵ و لە ١٩٣٣دا ئینگلیزەکان بۆ ئازادکردنی داوای پارەیەکی زۆر دەکەن، لەو کاتەدا پەیداکردنی بۆ خزم و کەسەکانی لە دزڵی گران بووە و کەسیش توانای کڕینەوەی باخەکانی نەبووە، شێخ ئامادەیی دەردەبڕێت و دەیانکڕێتەوە. وا مەزەندە دەکرێت نرخیان حەوت کیسەخەنەی لیرەی ڕەشادی و پارەی زیوی سپی بووە. خاتوو ڕابیعەی خێزانی شێخ، کە خەڵکی (دیرالزور)ی سوریا بووە، ئاڵتون و بەشی خۆی لەوێ هێناوە بۆ کڕینەوەیان و ساڵی ١٩٣٦ ئەحمەد ئاوا بە موڵکی شێخ عەلادینی بیارە ناسێنراوە.

کشانەوەی قوتابخانە لە تەوێڵە

لە ئەنجامی ململانێ و خراپیی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و شۆڕشەکانی کوردەوە، چەند جارێک لە لایەن میرییەوە هەوڵی کێشانەوەی دەزگاکان دراوە و بەو هۆیەوە قوتابخانە لە تەوێڵە داخراوە و چەندین کەس لەخوێندن بێبەشکراون‌. لەگەڵ کشانەوەدا شۆڕش بۆشاییەکەی بە دانانەوەی قوتابخانە پڕکردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ ماوەیەک داخراوە، ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ تەواوی ساڵەکە داخراوە، لەم ساڵەدا شۆڕش یەکەم قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە. ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ داخراوەتەوە و ١٩٦٧ کراوەتەوە. ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ داخراوەتەوە و مامۆستا و قوتابیەکی زۆر هاتوونەتە نێو شۆڕشەوە و تاقیکردنەوە لە مانگی ئەیلولدا لەناو باخەکان ئەنجامدراوە. هیچ کام لەو ساڵانەی، کە شۆڕش قوتابخانەی بەڕێوەبردووە، بە ساڵی دەرچوون ئەژمار نەکراوە.

کۆبوونەوەکەی ئاوێسەر

بریتییە لە کۆبوونەوەی زاناو شێخ و سان و وەکێل و بەگزادە و پیاوماقوڵ و جەماوەری هەورامان و مەریوان و جوانڕۆ بۆ پشتیوانی و پشتگیریی کۆماری مەهاباد و وەڵامدانەوەی نوێنەری پێشەوا قازی محەممەد. کۆبوونەوەکە لە تەمووزی ١٩٤٦ لە هاوینە هەواری ئاوێسەر ئەنجامدراوە و سێ شەو و ڕۆژی خایاندووە. خەیمە و کەپر و چادر هەڵدراوە و خەڵکی تەوێڵە و بیارە و دزاوەر و کەیمنە و دەوروبەریان بەشداربوون. لەو ناودارانەی بەشداربوون: (حەمەئەمین سان، هەسەن سان، عەبدولڵاخان، محەمەسان، قادر بەگی تەوێڵە و ... هتد). کۆبونەوەکە ئەنجامی باشی هەبووە و بروسکەی پیرۆزبای و پشتیوانی بۆ کۆماری کوردستانی لێداوە. کۆبونەوەکە بە ئاهەنگ و گۆڕانی تەواوکراوە و ئاوێسەر بووەتە مەکۆی پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی کۆماری کوردستان.