مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

54 بابەت

شێخ هەممەیی: ممەدی

مەزاری پیاوچاکێکە، مێژووی ژیانی نەزانراوە. کەوتووەتە چەمی خواروو لە دەرەقازاندایە لەناو باخی (ساڵحی ئەحمەدی مەحموود) لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). بۆ باخەکانی دەوربەری بووەتە ناونیشان. وا دەوترێت، کە سەحابی بووە و لەو شوێنەدا کوژراوە.

عەبدوڵای سادق

کەوتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە شۆڕشەکەی شێخ (مەحموودی حەفید)دا، کەسایەتییەکی شۆرشگێڕ بووە. ‌ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی (ناڵپارێز) بە فڕۆکەی ئینگلیز کوژراوە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ گۆڕستانى گوندی (شیرەمەڕ) و سیاجیان بۆ کردووە. خەڵکی بە پیرۆزیان داناوە و بۆ چارەسەری نەخۆشى بەتایبەتی (گرانەتا، ئیفلیجی) سەردانیانکردووە.

عەلەمدار

نەزرگەیەکە لە گوندی (دەرەتوێ)، نەزرگەی یەکێک لە پیاوە ئاینیەکانی پەیڕەوانی ئایینی (یارستان)ە. کەوتووەتە نێوان (سەرسوڵێ) و (هاڵەمێ) بەناوی ئەو کەسایەتیە ئایینییەوە ناونراوە. بە بەرد تەڵانی بۆ کراوە. خەڵکی ناوچەکە سەردانیدەکەن.

فەقیە محەممەد

کەوتووەتە سەر گردەکەی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بەپێی قسەی دانیشتوانی گوندەکە پیاوێکى ئاینى و لەخواترس بووە و خەڵکی گوندی قەڵبەزە بووە. زانیاری لەسەر ساڵانی ژیانی نازانرێت. دانیشتوانی گوندەکە بۆ نەخۆشیی لەرزوتا سەردانی گۆڕەکەیان کردووە. گۆڕێکی تریش لە تەنیشتییەوە هەیە، کە نازانرێت هى کێیە. بە بەرد شوورای بۆ کراوە.

فەقێ ئەحمەد

کەوتووەتە باشوری تەوێڵە و لەسەر ڕێگای سەرەکیی تەوێڵەیە لە گەڕیات، دەڕوانێتە سەر دۆڵی تەوێڵە و گەڕیات، لە باکورەوە گەڕیات و شارۆچکەی تەوێڵە و لە باشورەوە دەرە قازان و تەڵانە گەورێ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی سۆفی جانە و لە خۆرئاواوە سۆسەکان دەورەیانداوە، مەزاری فەقێ ئەحمەدی غەزایی دیندار و عارف و چلەکێشە. لە نەوەی کاکۆ زەکریاییەکانە و هاتوەتە تەوێڵە.

کاکەی جاور

مەزارێکی پیرۆزی یارسانەکانە و کەوتووەتە نێوان گوندی (هاوار) و (پاڵانیا). کاکەی جاور لە تێکستە پیرۆزەکانی یارساندا ناوی هاتووە.

کلکەی نەزەرگە

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر‌ بە ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرکەى (٢٠م٢) دەبێت. مێژووەکەی بەتەواوى دیارنییە. وەک شوێنێکى پیرۆز سەیریانکردووە و بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشى بەتایبەت (لەرزوتا، بایەری) پەنایان بۆ بردووە. چەند گۆڕێکى تریش لە دەوریدا هەبوون، کە ئێستا تەنها شوێنەواریان دیارە.

مەحموود سەرەواڵا

شوێنی شەخسێکە بەناوی (مەحموود سەرەواڵا). ئەم ناوە لە هۆنراوەی شاعیرانی ناوچەی هەوراماندا هاتووە. کەوتووەتە نزیک کانی ژنان لە سنوری گوندی (گوڵپ) لە یەکەم پێچ بەرەو سەرگەت. شوێنەکە لەکاتی خۆیدا بریتیبووە لە بەردێکی تەخت و دەورەکەی بە کەڵکەبەرد هەڵچنراوە. ڕۆژانی چوارشەممان خەڵک بەشیرینییەوە چوونەسەری و نزایانکردووە. لە ئێستادا شوێنەکە نەماوە و بەرجادەکەی (گوڵپ – سەرگەت) کەوتووە. لە نزیک گوندی جەلیلەش شوێنی هەیە.

مەزارگەکانی گوندی دەگاشێخان

کۆمەڵێک مەزاری پیاوچاکانن، کەوتووەنەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانەوە. لە لای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزن و مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی کۆچی. ١- ئیمام قاسم: لە یاری شێخ ئەحمەدی جامییە. داربەڕوویەکی گەورەی تەمەن ٦٠٠ ساڵ لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوروبەری نزیکەی ١٠ گۆڕی لێیە، کە ڕوو بە قیبلەن. کەوتوەتە سەروی ڕێگەی دێکۆنی داشارەی دەگاشێخان. ٢-دەروێشە پرچنە: کەوتووەتە بەردەم قوتابخانەی دێ کۆنەکەی دەگاشێخان و ڕەزەدێمەکانی ئیبراهیم ڕەشید، دەوربەری مەزارەکەی نزیکەی ٥٠ گۆڕی لێدەرکەوتووە، نوسینی کێلێکیان خوێنراوەتەوە، کە مێژووی ١٦٠٠ زاینی دەکات. ٣- تڵفی ساوا: کەوتووەتە سەر جادەی دەگاشێخان - بەڵخە. مەزاری پیرێکە لەبەر پاکی و بێوەیی بە منداڵی ساوا چوێنراوە. لە فراونکردنی جادەکە و دروستکردنی هۆڵی شەهید بورهان عەبدولڕەحمان لە ساڵی ٢٠١٢دا، پێوە بووە، ڕوفاتەکەی گوازراوەتەوە بۆ ناو گۆڕستانی بەر جادەکە و لە تەڵانێکدا دەوری بە تەلبەند گیراوە، لە باوەڕی خەڵکیدا وا هاتووە: لە ناکۆکی سوڵتانی ساق و شێخ ئەحمەدی جامیدا ڕۆڵی ئاشتی بینیوە و ڕێکیخستووتەتەوە.

ملەهەلاجان

‌کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠ دۆنم دەبێت. پێشتر چەند کێلێکی تێدابووە. بەڵام لەشەڕی (ئێران و عێراق) کێلەکانیان لابردووە، دانیشتوانی گوندەکە بۆ چارەسەری نەخۆشی لەرزوتا چوونەتە سەردانی. هەرچەندە زەوییەکەی دەوروپشتی کشتوکاڵییه، بەڵام کەم کەس دەوێرێت بیکێڵێت‌ و باوەڕی زۆربەی دانیشتوانـەکـە وەهـایـه:‌ هەرکـەس لـە ڕابردوودا کێڵاویەتی توشی کارەسات بووە.

میر ئەسکندەری خامۆشی

کەوتووەتە ڕێگای نێوان گوندەکانی هاوار و دەرەتفێ. بە يەکێک لە شوێنە ئایینیە پیرۆزەکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان (کاکەیی) دادەنرێت. ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە بۆ مەبەستی پاڕانەوە و حاسڵبوونی مرازەکانیان سەردانی مەزارگەکە دەکەن. (میر اسکندر) خۆی یەکێکە لە یارانی کاکەیی و (سوڵتان اسحاقی بەرزنجی) باپیرە گەورەی بووە. ئەم کەسایەتییە لای (هاوارییەکان) خۆشەویستە و جێگە و ڕێزی تایبەتی هەیە. بەپێی مێژوو و بەڵگەنامە ئایینیەکان، (میراسکندر) سەری خۆی لە پێناو پاراستنی ڕێبازی کاکەیی و تایفەکانی هاواردا بەخت کردووە.

میریسوور

کەوتووەتە گوندی (میریسوور)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، مێژوویەکی دێرینی هەیە. گۆڕی (سەید ئەحمەد)ی تێدایه،‌ کە پیاوچاکێکی سنورەکە بووە. مەزارگەکەی هەڵبەستراوە و ژوورێکی تێدا دروستکراوە. خەڵکی لە کۆن و تەنانەت لە ئێستاشدا سەردانیدەکەن و بۆ چوونیان وەهایه:‌ کە مەبەستی (منداڵبوون، چاکبوونەوەی شێتی و نەخۆشی) یارمەتییاندەدات.

هاڵی سەفانا

پیاوچاکە، ناوی (شێخ عەلی مستەفا)یە. لەسەر زمانی ناوچەکە بووەتە هاڵی سەفا. مەزارەکەی کەوتووەتە باشوری گەڕەکی دەمەرەسورای بەشی چلانە لە شارەدێی (تەوێڵە).

یۆسۆ ئاسکە

مەتەرێزێکە لە پشت باخی ئەمین چاوشەوەیە لەبەردەم گردەو بەرامبەر قەڵای خان لە گوندی (زەڵم). بەسەر بنی پەڵگ لەسەروی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوادا دەڕوانێت. دەوترێت مەزاری شاعر و دەنگخۆش یۆسۆ ئاسکەیە، لە نێو دیوار و شوورایەکدایە. یوسف ئاسکە یان یۆسۆ یاسکە (١٥٨٦-١٦٣٢) وەرگێڕ و شاعیر و سیاچەمانەچڕی دەرباری خان ئەحمەدخانی ئەردەڵان بووە. بەناوی دایکییەوە ناسراوە، ژیانی داستانی ئەوینداری زێڕین کڵاو (کڵاو زەڕخاتوون)ی ژنی خانی پێوە بەستراوە، لە داستانی حەزرەتی یوسف دەچێت، لەئەنجامی دەم لێدانی نەیارانی و هەڵبەستنی ئەو ڕازە، ڕاستیی پەیوەندیەکە، ئاشکرا دەبێت و خان ئەحمەد، شەوێک لە قەڵادا هەڵیدەواسێ و لاشەکەی دەخەنە دیوارێکەوە، یان دەوترێت، بە زیندوویی دەیخاتە نێو دیوارێکەوە لەبەرامبەر قەڵای زەڵم و خۆرهەڵاتی چەمی زەڵمەوە. لە زۆرێک لەسەرچاوەکانی مێژووی ئەدەبدا ناوی هاتووە و چەندین هۆنراوەش دەماودەم چیرۆکی کوشتنەکەی دەگێڕنەوە. هیچکام لە ڕاستی و دروستیی ئەم ڕازانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

پێشتر 1 2 3