بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
کەوتووەتە ناو گۆڕستانى گوندى (بەکراوا) لە خۆرهەڵاتى گوندەکە، لەبن چەند داربەڕوويەکدايە، بە بەرد ڕاگر و کەڵەکێکى بۆ کراوە و دەگێڕنەوە کەسێک بەناوى خەليفە محمود، کە خۆى خەڵکى گوندەکە بووه، وەفاتیکردووە و لەو شوێنەدا نێژراوه، پاشان لەلايەن خەڵکى گوندەکەوە بە پيرۆز سەيرکراوه، بەتايبەت لە ڕابردوودا.
کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەنێوان گوندەکە و گوندى قارەمانيدا هەڵکەوتووە، شوێنێکى پيرۆز و ڕێزلێگيراوە، دارێکى گەورەى تێدايه، کە بە وتەی خەڵکی گوندەکە شوێنى پشوودانى شێخ مارفى گەورەى نێرگسەجاڕ بووە و لەکاتى هاتن و چوونى بۆ ئاشەکەى (ئاشە سپى) لەم شوێنە لایداوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) مەزارگەیەکە. دەڵێن گۆڕی پیاوێکی دیندارە، کە لە کاتی خۆیدا لە چەمی سێکوچکانە خەڵوەتی کردووە و ماوەتەوە. بە سەیدە (کوچک یان بچووک)یش ناوی دەهێنرێت. چونکە باڵای کورت بووە.
بە دووریی(٣٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (تەپەکوڕە)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). شووراى بۆ کراوە و تا ئێستاش شووراکەی ماوه. ڕووبەرەکەى دوو بە دوو مەترە، دانیشتوانی گوندەکە بە کەسێکى پیرۆز و پیاوچاکی دەزانن. هەربۆیە بۆ چاکبوونەوەى نەخۆشی (لەرزوتا) چوونەتە سەر مەزارەکه. مێژووەکەى دیارنییە، بەڵام دەوترێت زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەرە.
مەزراگەی پیاوچاکێکە لە بیارەی هەورامان. خەڵکی ناوچەکە لایانوایە ناوەکە پەیوەندی بە سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسەوە هەیە و بە گۆڕانی زمانەوانی بووە بە سەی ئۆلقاز و سێ ئۆلقاز. خەڵکی ناوچەکە بۆ چارەسەری کۆکەڕەشە، نەخۆشیان بردووەتە سەری و چەند جارێک سەریان کردووە بەو کونەی لەسەر مەزارگەکە هەبووە.
چەند گۆڕێکن و کەوتوونەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). قامیش و دارتووەیەکی تێدایە. دانیشتوانی گوند بۆ نەخۆشی (لەرزوتا) سەردانیانکردوون. وەک خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: (کەسێکى ڕوو لەخوا و چاکەکار بووە). بەپێی ڕۆژگار و دوای ئەوان خەڵکەکە گۆڕی مردووانیان بردووەتە ئەو شوێنە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە ناحیەی (بیارە). (سەید سەلام) کوڕی شێخ (مۆئمینی سازانی) بووە کە ماوەیەک لە سنوری گوندی (بەڵخە) ژیاوە، لەو ماوەیەدا، سەید سەلامی کوڕی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا دەمرێت. مێژووی مردنەکەی بە تەواوی دیارنییە، بەڵام نزیکەی ٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا بووە. لە بەرزاییەک لە دووریی یەک کیلۆمەتر لە خۆرئاوای گوندەکەوە دەینێژن، کە ئێستا کەوتووەتە تەنیشت ڕێگای سەرەکیی (بیارە - بەڵخە). هەتا ئێستاش گۆڕەکەی ماوە و بەدیوار سیاجی بۆ کراوە، وەک مەزارگەیەکی پیرۆز سەیردەکرێت. ئەو ناوچەیەش دوای ناشتنی ئەو ناونراوە (سەید سەلام).
بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) و لەناو گۆڕستانی گوندەکەدایە. کێلێکى گەورەی بۆ کراوە، کە جیاواز لە هەموو کێلەکانى تری گۆڕستانەکە. دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانى دەوروبەر بۆ چارەسەری نەخۆشی سەردانیانکردووە.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). لە گۆڕێک پێکدێت، کە سیاجى بۆ کراوە و داربەڕوویەکی گەورەی تێدایه، که تەمەنی ١٠٠ ساڵ دەبێت. دانیشتوانی ناوچەکە وەک پیاوچاک سەیریانکردووە و بۆ نەخۆشی (بایاری) سەردانیانکردووە.
مەزارگەیەی ئاینییە. کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٣٠٠م) دەبێت. دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەری، بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى هەندێک لە نەخۆشییەکان، بەتایبەت بۆ لەرزوتا و نەخۆشیی پێست، سەردانی مەزارەکەیان کردووە. مێژووى مردنى ئەو سەیدە دیارنییە، بەڵام تاکو ئێستا گۆڕەکەى ماوە و بە بەرد، سیاجێک بۆ گۆڕەکەى کراوە. مەزارگەى (هەنجیرەکە)یشی پێدەوترێت.
بە دووریی (٤٥٠م) کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەسەر زنجيرە چياى (سەى سوجاع)ـە. ناوەکەی پەیوەندی بە ئازایەتیی کەسەکەوە هەیە. (٧٠٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بەسەر دەرياچەى دەربەنديخان و گوندى نێرگسەجاڕدا دەڕوانێت.
بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). سوخن، وەک ژورێک وابووە، ڕووبەرەکەی (٢ بە ٢م) بووه. بەمەبەستى منداڵبوون و بەدیهێنانى ئاواتەکانیان سەردانیانکردووە. مێژووەکەى دیارنییە و زیاتر لە ١٥٠ ساڵە هەیە. گۆڕەکە لەناو سوخنەکەدا بووە و لەئێستادا تەنها شوێنەواری سوخنەکە ماوە.
مەزراو نشینگەی سۆفی (جانوڵڵا)یە، کەوتووەتە دامێنی خواروی خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە)وە، بە قەدپاڵی شاخێکەوەیە، بەردەم و دەوروبەری باخ و باخاتە و شوێنێکی دڵگیرە، لە گۆرانی میللیی ناوچەکەدا ناوی براوە.
کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ). بۆ کەسایەتییەکی ئاینی (یارسان) دەگەڕێتەوە. کەوتووەتە خوارووی نەزرگەی (عەلەمدار)ەوە. بەتەڵانە بەرد دەورەدراوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ مەبەستی تایبەت سەردانیدەکەن.
شاخۆشێنی لوڕستانی، لە ناوچەی (لوڕستان) لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لەوێش ژیاوە. پلەیەکی بەرزی ئایینی هەبووە و خەڵکانێکی زۆر هاتونەتە سەر ڕێبازەکەی. سەردانی گوندی (هاواری) کردووە و ماوەیەک لەوێدا ماوەتەوە و ژیاوە. دوو نەزرگەی لە گوندەکەدا هەیە، کە نزیکەی (٧٠٠م)ێک نێوانیان هەیە و بە (شاخۆشێنی ژوور و شاخۆشێنی خواروو) دەناسرێن. شوێنی ئەم نەزەرگانە بە کیلۆمەترێک پێش گەیشتن بە هاوار لەنێو چەمێکی پڕ ئاو و سەوزاییدا دەردەکەون. کاکەییەکان لە هەموو لایەکەوە ساڵانە بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). مەزارگەی شێخ خامۆشی بەرزنجییە. لە سەدەکانی ڕابردوودا خۆی و موریدەکانی لە بەرزنجەوە هاتوون و بەهۆی ئاوداری و سەلامەتیی ناوچەکەوە، لەوێ نیشتەجێبوون. لەلای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزە. لە چوارشەمماندا لە زۆر شوێنەوە هاتونەتە زیارەتی. لە بەرزاییەکدایە و بە بەرد دروستکراوە. گۆڕستانی لە نزیکە و بووەتە گۆڕستانی گوندەکە. زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ مێژووی هەیە. نەوەکانی ئێستە لە دیوی خۆرهەڵاتن و زیاتر لە بواری هونەر و نوسیندا کاردەکەن و ١٤ شاعیریان هەیە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). دەوترێت گۆڕى کەسێک بووە لەکاتی خۆیدا لەنزیک دارێکەوە بەخاکسپێرراوه، کە له ئێستادا تەنها لقێکى دارەکە ماوەتەوە. خەڵکی بە پیرۆز سەیریانکردووە و لە کۆندا بە مەبەستى بەدیهێنانى نیاز و چارەسەرکردنى نەخۆشى سەردانیانکردووە.
بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (میریسوور)ی سەربه شارۆچکەی (خورماڵ). دانیشتوانی گوندەکه بۆ نەخۆشی چوونەتە سەردانى، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی لەرزوتا. گۆڕەکە سیاجی بۆکراوە و تاکو ئێستاش ماوە.
مەزارگەیەکی پیرۆزە لەسەر گردێک لە نێوان ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی کاگردەڵ و دوانزە ئیمامە. بە کەڵەکەبەرد هەڵچنراوە. لە ساڵی ١٩٢٠کانەوە ئەو مەزارگەیە بوونی هەیە. سەرەتا گوندی کاگردەڵ لەوێ بووە. خەڵکی بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشی ڕۆشتوونەتە سەری. دارێکی توی تێدابووە پێیانوابوو، کە هەرکەس لقێک لەو دارە بکاتەوە توشی دەردێک دەبێت. دارەکە بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت سووەتاوە. لە ئێستەدا چواردەوری زەوییەکانی بەهۆی کێڵان و جوتیارییەوە گۆڕانکاریان تێداکردووە. خەریکە بەتەواوەتی گردەکە تەخت دەبێت. کانییەک لە تەنیشتیدا هەبوو، بەڵام بەهۆی لێدانی بیرەوە وشکیکردووە.
مەزاری (شێخ مەعروف کوڕی شێخ عەبدوللەتیف شێخ حەسەنی شێخ شەمسەدینی شێخ عەبدولغەفاری یەکەم)ـە. لە نەوەی مەلا گوشاییشە و لە مەردۆخییەکانی هەورامانە. بە شێخ مارفی دەرەقووڵەش ناسراوە. له دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ لە خارگێلان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە. مەزارەکەی کەوتووەتە (دەرەقووڵە) لەسەر ڕێگەی بانی کۆڵ، لە خوار زەردەهاڵ و نزیک خارگێڵان. بە بەرد هەڵچنراوە و داربەڕووەکەی سەری پەڕۆی پێوەکراوە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە شێخ عومەری زیائەدین داویەتی بەلایدا، لەسەر وەڵاخەکەی دابەزیوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ هەندێک نەخۆشی بەهیوای چاکبوونەوە سەردانیانکردووە. بووەتە گۆڕستانی زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر. لە ٢ی١١ی ٢٠٢٤ لەلایەن لیژنەیەکەوە نۆژەنکراوەتەوە.